هوداپار زیان بە هە*دە*پە دەگەیەنێت یان قازانج؟

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
پشتگیریکردنی هوداپار لە رەجەب تەیب ئەردۆغان کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار (دەسەڵاتی تورکیا)، مشتومڕێکی زۆری لێکەوتووەتەوە و هەندێک کەس ئەم هەنگاوە بە لێدان لە هەدەپە لەقەڵەم دەدەن، بەڵام بەگوێرەی راپرسیەک رێککەوتنی هوداپار و ئاکەپە زیان بە خودی هاوپەیمانی کۆمار دەگەیەنێت و سەلاحەدین دەمیرتاشیش رایدەگەیەنێت کە هیچ کاریگەریەک لەسەر دەنگی کورد دروست ناکات.
پارتی دۆزی ئازاد ناسراوە بە (ھوداپار) کە پارتێکی ئیسلامی کوردیە و لە باکوری کوردستان چالاکە، رایگەیاند، لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تورکیادا کە بڕیارە لە ١٤ی ئایاردا ئەنجام بدرێت، دەنگ بە رەجەب تەیب ئەردۆغان کاندیدی (هاپەیمانی کۆمار)، دەدەن. دوای ئەو بڕیارە زەکەریا یاپجی ئۆغلۆ سەرۆکی پارتەکە و ئەردۆغان کۆبونەوە و بە فەرمی رێککەوتنەکە کەوتە بواری جێبەجێ کردنەوە.
ئەردۆغان دوای کۆبونەوەکە رایگەیاند، "هوداپار پارتێکی نیشتیمانی و خۆجێیە، ئێمە پێشوازی لە هەموو پارتێکی نیشتیمانی دەکەین." ئەم پێشهاتەش لەسەر ئاستی تورکیادا، کاردانەوەی جۆراوجۆری لێکەوتەوە. لەم بارەیەوە ئەرتان ئاکسۆی خاوەنی کۆمپانیای راپرسی و لێکۆلینەوەکانی "ئاکسۆی" کە لەنێو تورکیادا متمانەی زۆری پێدەکرێت رایگەیاند، راپرسیەکیان لەبارەی رێککەوتنی هوداپار و ئاکەپە ئەنجام داوە و وتی، " بەرنامە و پرۆگرامی هوداپار لەگەڵ کۆمەڵگەی تورکیادا ناگونجێت. ئەمەش دەبێتە هۆکار کە هاوپەیمانی هوداپار لەگەڵ ئاکەپە-مەهەپە، دەبێتە هۆی ئەوەی نارەزایەتیەکی زۆر لەنێو لایەنگر و بەرپرسانی ئاکەپە و مەهەپەدا دروست ببێت.
ئەرتان ئاکسوری باسی ئەوەشی کرد کە ئاکەپە و ئەردۆغان لە مێژووی دەسەڵاتی خۆیاندا، یەکەم جارە بەم شێوەیە کەوتووەنەتە دۆخی تەنگەتاویەوە و بە لۆژیکی ' هەرچیەک هات قازانجە' دەجووڵێنەوە. لەلایەکی دیکەوە، سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە نزیکەی حەوت ساڵە لە زینداندایە، لە وڵامی پرسیارەکانی رۆژنامەنووس و پێشکەشکارێکی کەناڵی "هالک تی ڤی"دا، کە دەڵێت، " هوداپار و ئاکەپە دەیانەوێت کاریگەری لەسەر دەنگی هەدەپە دروست بکەن" وتی، " ئێمە هەڵسەنگاندن و شیکردنەوە بۆ ئەم پرسە ناکەین. دەتوانێت بە ئارەزووی خۆی لەگەڵ لایەنەکان رێکبکەوێت، پەیوەندی بە ئێمەوە نییە. ناتوانێت کاریگەری لەسەر دەنگی کورد دروست بکات. گەل بە ئەزموونە تاڵەکانی دەزانێت کە کێ چییە! وەک دیکە هەر چییەک بگوترێت، بێسوود و بەتاڵە."
پارتی دۆزی ئازاد 'هوداپار' پارتێکی ئیسلامی سوننەی کوردییە، یەکەمین پارتی ئیسلامی باکوری کوردستانە کە لەساڵی ٢٠١٢ دامەزراوە و بە فەرمی لەلایەن دەوڵەتەوە قبوڵ کراوە. ھەڵگری ئایدۆلۆژیای حزبوڵلایە و لەناو کوردەکانی باکوردا وەک باڵی سیاسی ئەو حزبە ناسراون.
حزبوڵلا لە ساڵەکانی نەوەتەکانی سەدەی رابردوودا لەگەڵ حکومەتی تانسو چیللەر و محەمەد ئاغاردا، هەڵمەتێکی زۆر گەورەی کوشتن، گرتن و بێسەروشوێنکردنیان لەدژی کوردانی باکوری کوردستان دەست پێکرد. لەو ساڵانەدا، لەنێو شارەکانی باکوری کوردستاندا، شەڕێکی زۆر لەنێوان ئەندامانی حزبوڵلا و لایەنگران و کادرانی پەکەکەدا روویدا. لە رووداوەکانی نەوەتەکاندا، نزیکەی ١٧ هەزار کوردی باکوری کوردستان بێسەروشوێنکران کە حزبوڵلا بە یەکێک لە تاوانبارانی ئەو کردەوانە دەزانرێت.
