گەرمیان؛ نەبوونی فەرمانگەی تاپۆ لە 7 ناحیە گرفتی بۆ هاووڵاتیان دروستكردووە

2 ساڵ لەمەوپێش
بێدار محەمەد
ئەگەرچی یەكێك لەبەڵێنەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان تاپۆكردنی زەوی و خانووی هاووڵاتیان بوو لەتەواوی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان، بەڵام نەبوونی فەرمانگەی تاپۆ لەچەند ناحیەیەكی سنوری ئیدارەی گەرمیان بووتە هۆكارێك كەهاووڵاتیان نەتوانن زەوی و خانووەكانیان بكەن بەناوی خۆیانەوە،و بەپێی بەدواداچوونەكانی «هاوڵاتی» حەوت ناحیەی سنوری گەرمیان تائێستا فەرمانگەی تاپۆیان نیە.
ئازاد حەسەن، هاووڵاتیەكی دانیشتووی باوەنورەو باس لەوەدەكات ناحیەكەیان كۆنترین ناحیەی سنوری ئیدارەی گەرمیانە، بەڵام تائێستا موڵكی هاووڵاتیان نەكراوە بەناویانەوەو پرۆسەی تاپۆكردنی زەوی و خانووی هاووڵاتیان دەستی پێنەكردووە
ئەو بۆ «هاووڵاتی « دواو باسی لەوەكرد: حكومەت پێش ساڵێك بانگەشەی ئەوەی دەكرد تاپۆكردنی خانوو و موڵكی هاووڵاتیان لەتەواوی كوردستان دەستپێدەكات كەچی هەر بانگەشە بوو.
هاوكات سەردار محەمەد كەنیشتەجێی سنوری ناحیەی مەیدانە بەنیگەرانیەوە باسی لەوەكرد كەحكومەت پێشتر بەڵێنیدا تاپۆكردن لەتەواوی هەرێمی كوردستان دەستپێبكات كەچی نەبوونی فەرمانگەی تاپۆ لەناحیەكەمان بووەتە هۆكاری ئەوەی ئەو هەنگاوە لە سنوری مەیدان دەستپێنەكات .
بەپێی بەدواداچوونەكانی «هاوڵاتی» ناحیەكانی زینانەو سەرقەڵاو ئاوەسپی لەسنوری كفری و ناحیەكانی مەیدان و باوەنورو شێخ تەویل لەسنوری كەلار تائێستا فەرمانگەی تاپۆیان نیە.
عەدنان محەمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی باوەنور بە «هاوڵاتی» راگەیاند: تائێستا لەسنوری ناحیەی باوەنور فەرمانگەی تاپۆ بوونی نیە جگە لەباوەنور ناحیەكانی مەیدان و شێخ تەویلیش فەرمانگەی تاپۆیان تێدانیە .
وتیشی: نەبوونی فەرمانگەی تاپۆ لەم سێ ناحیەی سنوری ئیدارەی گەرمیان بووەتە هۆكارێك كەهاووڵاتیانی ئەم سێ ناحیەیە بۆ راییكردنی كارەكانیان روو لەشاری كەلار بكەن .
بەڕێوەبەری ناحیەی باوەنور، هۆكاری نەكردنەوەی فەرمانگەی تاپۆی بۆ قەیرانی دارایی گەراندەوە، چونكە حكومەت توانای كردنەوەی ئەو فەرمانگەیەی نیە لەم كاتەدا.
پەیوەست بەو بابەتە، ئەكرەم رەزا بەرپرسی فەرمانگەی تاپۆ لەكەلار بۆ «هاوڵاتی» دواو وتی: كردنەوەی فەرمانگەی تاپۆ لەو ناحیانە بووەتە هۆكارێك زەوی و خانوو لەسنوری ناحیەكان نەكرێت بەناوی هاووڵاتیانەوە .
وتیشی: دەبێ شارەوانیەكانی گەرمیان و كەلارو كفری لەو رووەوە هەنگاو بنێن و داوا لەوەزارەتی شارەوانی بكەن و ئەوانیش داوا لەوەزارەتی داد بكەن ئەو فەرمانگەیە لەناحییەكانی گەرمیان بكاتەوە.
لای خۆیەوە، بەرزان كەریم، بەڕێوەبەری شارەوانیەكانی گەرمیان، بە « هاوڵاتی» راگەیاند: كردنەوەی فەرمانگەی تاپۆ لەو ناحیانەی كە تائێستا فەرمانگەی تاپۆیان نیە لەدەسەڵاتی وەزارەی دادە نەك وەزارەتی شارەوانی .
بەڕێوەبەری شارەوانیەكانی گەرمیان هاوشێوەی هاووڵاتیان نیگەرانی خۆی پیشاندا لەوەی كەبەهۆی نەبوونی فەرمانگەی تاپۆوە هاووڵاتیان لەتاپۆكردنی زەوی و خانووەكانیان بێبەشن.
