کلچدارئۆغلۆ: بەڵێنمان داوە، نوێنەرایەتی هەموو گەلان دەکەین

2 ساڵ لەمەوپێش



کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی هاوپەیمانی گەل کە پێدەچێت هەدەپەش دەنگی پێبدات رایگەیاند، نوێنەرایەتی هەموو گەلانی تورکیا دەکەن و وتی، " قین و تووڕەیی لەدڵمان دەردەهێنین."
کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی هاوپەیمانی گەل بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا و سەرۆکی گشتی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، لە شاری مەلەتی لەنێو لایەنگرانیدا قسەی کرد. کلجدارئۆغلۆ ئاماژەی بەوەکرد کە لەئێستا بەدواوە، پێکەوە دەبن و وتی، " قین و تووڕەیی لەدڵمان دەردەهێنین. پێکەوە و بە برایەتی لەم وڵاتەدا دەژین. دەبینن کە هەموومان لە ئاسایش و ئارامیدا دەبین."
کاندیدەکەی هاوپەیمانی گەل باسی ئەوەشی کرد کە لە سەردەمی سەرۆکایەتی ئەودا، برایەتی، یەکسانی، یەکێتی مسۆگەر دەکرێت. گۆڕەپانی سیاسەتێکی باش دروست دەکەن. بە باشی رکابەرایەتی دەکەن، دەست بۆ خراپەکاری نابەن و ئاماژەی بەوەکرد، " ئێمە بۆ کورسی دەسەڵات، تووڕەیی و قین کار ناکەین. هەوڵی بەرەکەت، خۆشەویستی و لە ئامێزگرتن دەدەین."
لە کاتێکدا کە کەمتر لە ٥٠ رۆژ بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا ماوە، کە بڕیارە ١٤ی ئایار بەڕێوە بچێت، لە ئێستاوە، لایەنە سیاسیەکان دەستیان بۆ ئامادەکاریەکان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن کردووە.
لە ئێستادا، پارتە سیاسیەکان، بەرەکانیان دیاری کردووە و لە دوایین پێشهاتدا، هاوپەیمانی رەنج و ئازادی (هەدەپە و هاوپەیمانەکانی) رایانگەیاند کە کاندیدیان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی نابێت. هەرچەندە هاوپەیمانێتیەکە ئاشکرای نەکردووە کە دەنگ بە کلچدارئۆغلۆ دەدەن یان نا؟ بەڵام بەگوێرەی قسەکانی بەرپرسانی هەدەپە، ئامانجیان لەسەرلادانی ئەردۆغانە لە پۆستی سەرۆکایەتی و بەگوێرەی بۆچوونی چاودێران، بۆ ئەم ئامانجە هەدەپە یەک رێگەی لەبەردەمدایە، ئەویش دەنگدانە بە کلچدارئۆغلۆ.
هەرچەندە تاوەکو ئیستا هیچ رێککەوتنێکی فەرمی لەنێوان هەدەپە و کلجدارئۆغلۆدا واژۆ نەکراوە، بەڵام دوای کۆبونەوەی ٢٠ی مانگ لەنێوان کلچدارئۆغلۆ و میدحاد سانجار و پەروین بوڵدان هاوسەرۆکانی هەدەپە، درکەوت کە لە ئاستێکی باڵادا لێکتێگەیشتن لەنێوانیاندا هەیە. بەهۆی ئەوەی، دوای کۆبونەوەکە، کلچدارئۆغلۆ بە روونی باسی چارەسەری پرسی کورد و هەڵگرتنی قەدەغەی لەسەر زمانی کوردی و هەڵوەشاندنی یاسای قەیوم کرد کە داواکاری سەرەکی هەدەپەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار