ئایا ڕاپۆرتەکانی دەزگا حکومییە ئەمریکیەکان ڕاستگۆن؟ چەند زانیارییەک لەبارەی ڕاپۆرتە فەرمییەکانی ئەمریکا

یەک ساڵ لەمەوپێش



ڕەنج نەوزاد

ماوەی ساڵێک دەبێت لە چوارچێوەی چەند پڕۆژەیەکی توێژينەوە و نووسين ڕۆژانە کار لەسەر ڕاپۆرتە فەرمييەکانی ئەمريکا دەکەم وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی بۆ توێژينەوەکانم. 

سەرەتا، ئەستەمە هيچ دەوڵەتێک نزيک بێتەوە لە ئاستی ئەمريکا لە نووسين و ئامادەکردنی ڕاپۆرتی فەرمی ساڵانە و، لە شەفافيەت و ئاسان گەيشتن بەو ڕاپۆرتانە. زۆربەی هەرە زۆری دەزگا فەرمييەکانی ئەمريکا ڕاپۆرتی ساڵانەیان هەیە، وەک ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوە و بەرگری و سوپا و دەزگا هەواڵگرييەکان...  تيايدا باس لە ناوخۆی ئەمريکا و کۆی جيهان دەکەن، زۆربەی پرسە گرنگەکانی جيهان لەو ڕاپۆرتانەدا باس و لێکدانەوەیان بۆ دەکرێت. هەندێک لە دامەزراوەکانی ئەمريکا، جگە لە ڕاپۆرتی ساڵانە لەسەر پرسە گشتيەکان، ڕاپۆرتی ساڵانەی هەیە لەسەر پرسێکی تايبەت. بۆ نموونە وەزارەتی بەرگری ئەمريکا، جگە لە ئامادەکردنی  ڕاپۆرتی ساڵانە لەسەر پرسە گشتيەکان، هاوکات ڕاپۆرتی ساڵانەی هەیە تەنيا لەسەر چين. ئەو ڕاپۆرتانە بۆ سەرۆکی ئەمريکا و کۆنگرێس و کۆی دەزگا حکومييەکانی ئەمريکایە و سەرەچاوەیەکی سەرەکيشە بۆ توێژەرانی ئەمريکا و دەرەوەی ئەمريکا، چونکە توێژينەوەی زانستی بایەخێکی گەورەی هەیە لای حکومەتی ئەمريکا و، باشترين زانکۆ و دەزگاکانی توێژنەوە لە جيهاندا ئەمريکين، ئەمەش یەکێکە لە کەرەستەکانی ئەمريکا بۆ هەژموونە جيهانييەکەی. مەبەستی سەرەکی ئەو ڕاپۆرتانە بۆ بەرژەوەندی ئەمريکایە و ئاگادارکردنەوە و بەرچاوڕوونی بڕياربەدەستی ئەمريکا. 

بە دڵنيايەوە جگە لەو ڕاپۆرتانەی کە هەموو کەس دەتوانێت بەدەستيان بخات و بيانخوێنێتەوە، ڕاپۆرتی نهێنیش هەیە، خودی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بڵاودەکرێنەوە بۆ هەمووان، لە هەندێک شوێندا ئاماژە بەوە دەکرێت کە زانياری زیاتر لە بەشە نهێنييەکەی ڕاپۆرتەکەدا بەردەستە. 

هەندێک لەو ڕاپۆرتانە لە لایەن دەزگایەکەوە دەنووسرێن، کە پێکهاتووە لە چەندين دەزگای تر، بۆ نموونە ڕاپۆرتی ساڵانەی کۆمەڵەی هەواڵگری ئەمريکا، پێکهاتووە لە ١٨ دەزگا و نوێنەری چەندين دەزگای تر وەک وەزارەتی بەرگری و دەرەوە و سی ئای ئەی و سوپا و کۆنگرێس... هەندێک لەو ڕاپۆرتانە ئەگەر ١٠٠ لاپەڕە بێت، ئەوا لە بنەمادا کورتکراوەی سەدان و هەزاران ڕاپۆرتی ڕۆژانەی ترە کە لە لایەن سەدان و هەزاران توێژەر و کارمەندەوە ئامادەکراوە.

 ئەوەی ماوەیەک سەرقاڵی لێکۆڵينەوە بێت لەو ڕاپۆرتانە چەند خاڵێک سەرنجی ڕادەکێشێت: ١. ئەو بڕە زانياری و وردەکارييە زۆرانەی کە دەخرێتە بەردەم هەموو کەس لە بارەی سياسەتی ئەمريکا و تێڕوانينی ئەمريکا بۆ جيهان. ٢. ئەو مەعريفە فراوانەی کە ئەمريکا هەیەتی لەسەر جيهان. ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەو هەژموونە گەورەیەیی ئەمريکا بەسەر جيهاندا. 

٣. ئاماژەدان بە هەندێک پرس کە لای زۆربەی دەوڵەتانی تر پرسی نهێنين و نابێت بڵاوبکرێتەوە. بۆ نموونە لە هەندێک ڕاپۆرتی هەواڵگری ئەمريکا کە بڵاو دەکرێتەوە بۆ هەمووان، بە وردی ئاماژە  بە خاڵە لاوازەکانی ئەمريکا دەدرێت لە هەندێک بواری هەستياری وەک  ئاسايشی نەتەوەیی. ئەمەش بۆ ئەوەیە زۆرترين توێژەر و کارمەندی ناو حکومەتی ئەمريکا ئاگاداری کێشەکان بن و بتوانن بە دوای چارەسەردا بگەڕێن. ئەگەر ئەو ڕاپۆرتانە هەمووی نهێنی بن، ئەوا تەنيا کۆمەڵێک کەس و دەزگای دياريکراو ئاگاداری دەبن، بەڵام ئەمريکا مەبەستيەتی زۆربەی عەقلە گەورەکان و کەسە خاوەن تواناکان ئاگاداری ئەو پرسانە بن و هەمووان هەوڵی چارەسەرکردن یا بەهێزکردنی بدەن. هەر بۆیە ئەمريکا بەوە ناسراوە کە زۆربەی تواناکانی جيهان بۆ خۆی دەبات. 

٤. تێڕوانينی ئەمريکا بۆ جيهان و سنوور و ئاسايشی نەتەوەیی خۆی. لە بەشێک لەو ڕاپۆرتانە بە ڕوونی ديارە شوێنێک نييە لەسەر گۆی زەوی کە ئەمريکا پێی وابێت ئەو شوێنە پەيوەندی بە ئاسايش و بەرژەوەندييەکانی ئەمريکاوە نييە. بۆ نموونە لە وڵاتی مەنگۆليا ڕووداوێک ڕووبدات، ئەمريکا بایەخی پێدەدات و بە پرسێکی دادەنێت کە پەيوەندی بە ئەمريکاوە هەیە.

 ٥. واقعیبوون و زانستی بوون. لەگەڵ ئەوەی ئەمريکا خاوەن گەورەترين و کاريگەرترين دەزگای هەواڵگری و پێشکەوتووترين تەکنەلۆژیایە لە جيهاندا، لەو ڕاپۆرتانەدا ئاماژە بە هەندێک پرس دەکرێت کە ڕوون نييە لای ئەمريکا و نايزانن. بۆ نموونە لە ڕاپۆرتە هەواڵگرييەکان چەندين جار ئەوە دووبارە بووەتەوە کە ئێران ئەگەر بيەوێت دەتوانێت چەکی ئەتۆمی درووست بکات، بەڵام ئایا ئەو بڕيارە دەدات یا نا؟ ڕاپۆرتەکان دەنووسن ئەوەیان نايزانين و لێی دڵنيا نين. یاخود بۆ هەندێک پرسی تر،  دەستەواژەی "هەڵسەنگاندنی ئێمە بەم شێوەیەیە" "هەندێک زانياری هەیە" "دڵنيا نين"... واتە بڕيار لەسەر پرسێک نادەن کە بە تەواوی لێی دڵنيا نەبن و بەڵگەی تەواو لەبەردەست نەبێت.

٦. بایەخدانی ئەمريکا بە هاوپەيمانەکانی وەک بەشێک لە ئاسايشی نەتەوەیی و بەرژەوەندی ئەمريکا. بۆ نموونە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە ڕاپۆرتە هەواڵگرييەکان، زۆر کات ئيسرائيل و سعوودييە وەک دوو دەوڵەت باسدەکرێن کە هەڕەشە کردن لەو دوو دەوڵەتە، ئەوا هەڕەشەکردنە لە بەرژەوەندی ئەمريکا. کە باس لە هەڕەشەکانی ئێران و حيزبوڵا دەکرێت لە ئەمريکا، زۆربەی کات یەکێ لە هۆکارە سەرەکييەکانی ئەوەیە کە ئەوانە هەڕەشەن بۆ ئيسرائيل و سعوودييە، نەک ڕاستەوخۆ هەڕەشە بۆ سەر ئاسايشی نەتەوەی ئەمريکا. لە ناوچەی ئاسيا ژاپۆن و کۆریای باشوور ئەو پێگە گرنگەیان هەیە لای ئەمريکا.

ئایا ئەو ڕاپۆرتانە درۆ و بوختان و تۆمەتبارکردن و زانياری هەڵەی تيایە وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان بانگەشەی بۆ دەکات لە بارەی ڕاپۆرتی ساڵانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمريکا؟ بە دڵنياییەوە ئەرکی ئەو ڕاپۆرتانە تۆمەت بەخشينەوە و درۆ کردن و پێشکەش کردنی زانياری هەڵە نييە، چونکە بەشێکی سياسەتی ئەمريکا، مەعريفەی ئەمريکا پشت بەو ڕاپۆرتانە دەبەستێت. وەک ئاماژەی پێکرا، ئەگەر زانيارييەک لێی دڵنيا نەبن، ئەوا ئاماژەی پێدەکرێت لە خودی ڕاپۆرتەکە.

 ئەگەر بوترێت ئەو ڕاپۆرتانە زانياری هەڵە بڵاودەکەنەوە، وەک ئەوەیە بڵێين ڕاپۆرتەکان دەيانەوێت بڕياربەدەستی ئەمريکا چەواشە بکەن! بۆ نموونە هەر زانيارييەک لە بارەی هەرێمی کوردستانەوە نووسراوە لەو ڕاپۆرتەدا، چ هاووڵاتيەکی هەرێمی کوردستان هەیە دڵنيا نەبێت لێی و ڕۆژانە بە ئاشکرا هەستی پێنەکات! ئەگەر ئەو ڕاپۆرتانە زانيارييەکی هەڵە لەسەر چين بڵاوبکەنەوە (کە ئەمەش ئەستەمە) لۆژيکێکی تيایە و چين رکابەرێکی گەورەی ئەمريکایە ودەيانەوێت زیانی لێبدەن، بەڵام هەرێمی کوردستان کە ئەمريکا خۆی درووستی کردوە و بە یاسایی کردوە و خۆی دەيپارێزێت چ پێويست دەکات لەو ڕێگەیەوە بيەوێت زیانی لێبدات؟ 

 دوای ساڵی ٩١ کە ئەمريکا هەرێمی کوردستان درووست دەکات، هەر دوای چەند ساڵێک پارتی و یەکێتی هەرێمەکە دەکەنە ناو شەڕێکی خوێناوی و، ئەو کاتيش هەر ئەمريکا کۆتای بەو شەڕە دەهێنێت و ئەگەر ئەمريکا نەبوایە ئەوا پارتی و یەکێتی هەر ئاگایان لە ڕووخانی سەدام نەدەبوو لەبەر یەکتر کووشتن. پاشان لە ٢٠٠٣ ئەمريکا ئەم هەرێمە دەکاتە هەرێمێکی یاسایی و هەوڵی زۆريش دەدات بيکاتە هەرێمێکی بەهێز و خاوەن هێزێکی چەکداری نيشتيمانی و ئابووريەکی باش، بەڵام هەر پارتی و یەکێتی ڕێگری سەرەکی بوون. ئێستاش ئەگەر بەرژەوەندی ئەمريکا ڕێگری نەکات، ئەوا پارتی و یەکێتی لە ماوەیەکی کورت کۆتای بە هەرێمی کوردستان دەهێنن. ئەمريکا لەبەر بەژەوەندييەکانی خۆی، سياسەتی بۆ هەرێمی کوردستان زۆر زیاتر لە بەژرەوەندی هەرێمی کوردستانە وەک لە سياسەتی پارتی و یەکێتی کە زۆرترين زیانی لە هەرێم داوە و دەدات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار