ئێران؛ لە ساڵێکدا 182 بەلوچ لەسێدارە دەدرێن

لە ساڵێکدا 628 بەلوچ لە ئێران کوژراون

خۆپیشاندانێکی بەلوچەکان لە زاهیدان کە لە زۆربەی دروشمەکاندا پشتیوانیی لە کورد دەکەن

2 ساڵ لەمەوپێش



لە ئاماری پێشلکارییەکانی یەک ساڵ لە ئێران ئاشکرابوە لانیکەم 182 بەلوچ لە 23 زیندانی ئەو وڵاتە لەسێدارە دراون.

پێگەی (حال ڤش) تایبەت بە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیارییەکانی نەتەوەی بەلوچ لە ئێران ئاشکرای کردوە لە ساڵێک و لە 21 ئازاری ساڵی رابردو تا ئێستا 628 بەلوچ لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان لە باشوری رۆژهەڵاتی وڵاتەکە بەهۆی پێشلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤەوە گیانیان لەدەستداوە.

لە ئامارەکانی ئەو پێگەیەدا ئاماژە بەوە کراوە لە ماوەی ئەو ساڵەدا جگە لە سێدراە لانیکەم 167 هاوڵاتیی بەلوچ بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان گیانیان لەدەستداوە و 82 کاسبکاری گواستنەوەی سوتەمەنەی لە لایەن پاسەوانانی سنور کوژراون و 76 کەسیش بەهۆی تەقەی کەسانی نەناسراو و 121 کەس لە (هەینی خوێناویی زاهیدان) کوژراون.

بە پێی زانیارییەکان لە ماوەی ئەو یەک ساڵەدا 182 بەلوچ لەسێدارە دراون کە تۆمەتی (81%)یان بازرگانیی بە ماددەی هۆشبەرەوە بوە.

لە ئامارەکاندا دەرکەوتوە لە دوای مەرگی ژینا ئەمینی لە یەکەم هەینی خۆپیشاندانی شاری زاهیدان 121 بەلوچ کوژراون و زیاتر لە 24 هەینی دیکە لە شاری زاهیدان خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی بەڕێوەچوە و بە گشتی لەو ناڕەزایەتییانەدا 138 بەلوچ کوژراون.

پارێزگای سیستان و بەلوچستان بە هەژارترین پارێزگای ئێران لە کۆی 31 پارێزگای ئەو وڵاتە ئەژمار دەکرێت و ژمارەیەکی زۆری کاسبکاران و گەنجانان ناچارن بۆ دابینکردنی بژێوی کاری گواستنەوەی سوتەمەنی و کاڵا لە نێوان ئێران و ئەفغانستان و پاکستاندا بکەن.  

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار