کۆمپانیاکانی ڕاپرسی له تورکیا هەواڵی ناخۆشیان بۆ ئەردۆغان پێیە!

یەک ساڵ لەمەوپێش



لە کاتێکدا کە نزیکەی مانگێک و نیوێک بۆ هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایاری تورکیا ماوە، کۆمپانیاکانی راپرسی لەو وڵاتە، بە ئاشکرایی باسی شکستی رەجەب تەیب ئەردۆغان کاندیدی دەسەڵات لەبەرامبەر کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی ئۆپۆزسیۆن دەکەن.
لەم بارەیەوە محەمەد پۆتەکی بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای (ئۆ ئاڕ جی)، پرۆفیسۆر دکتور ئوزەر سەنجار بەڕێوەبەری کۆمپانیای میترۆپۆل و کەمال ئوزکیراز دامەزرێنەری کۆمپانیای ئەڤراسیا کە هەرسێکیان گەورەترین و باوەڕپێکراوترین کۆمپانیای بواری راپرسی و لێکۆلینەوەن، لەم بارەیەوە بۆ مالپەڕی ئارتی گەرچەک -ی نزیک لە هەدەپە قسەیان کرد.
محەمەد پۆتەکی بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای (ئۆ ئاڕ جی) دەڵێت، " لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، هاوپەیمانی کۆمار (ئاکەپە و مەهەپە)، زیاتر لە ١٠٪ی دەنگەکانی کەمکردووە. پێشتر هاوپەیمانێتیەکە رێژەی ٥٣٪ی دەنگەکانی بەدەست دەهێنا، بەڵام لە ئێستادا رێژەی دەنگەکانی لەنیوان ٣٨٪ و ٤٠٪دایە.
پۆتەکی باسی ئەوە دەکات کە هۆکارەکانی سەرەکی کەمبوونی رێژەی دەنگی هاوپەیمانی کۆمار دەگەڕێتەوە بۆ خراپی دۆخی ئابوری، نادادپەروەری و کێشەی کۆچبەران. هەروەها گەنجەکانیش خۆیان بە وڵاتانی پێشکەوتوو بەراود دەکەن و بێهیوابوونێک دروست بووە. هەروەها هۆکارێکی دیکەش ئەوەیە کە ئیدی هاوپەیمانی گەل (جەهەپە و پێنج پارتی دیکەی ئۆپۆزسیۆن) بەتەنیا نین و هەدەپە، پارتی سەرکەوتن و پارتی نیشتیمانیش، ئۆپۆزسیۆنی سەرەکین لە تورکیا و دەنگی هەمووان پێکەوە دەگاتە نزیکەی ٦٠٪.
لەلایەکی دیکەوە، پرۆفیسۆر دکتور ئوزەر سەنجار بەڕێوەبەری کۆمپانیای میترۆپۆل لەم بارەیەوە رایگەیاند، بەگوێرەی راپرسیەکانیان دەنگی هاوپەیمانی گەل (ئۆپۆزسیۆن) ٤٣.٥٪ دەبێت و پێدەچێت، ژمارەی کورسیەکانی بگاتە ٣٠١ کورسی پەرلەمان و وتی، " ساڵی رابردوو، بەگوێرەی راپرسیەکان کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی ئۆپۆزسیۆن لەدوای رەجەب تەیب ئەردۆغان کاندیدی دەسەڵاتەوە بووە، بەڵام بەهۆی کارکردنی بەردەوامی کلچدارئۆ‌غلۆ و خۆماندووکردنی لە ئێستادا کلچدارئۆغلۆ بە رێژەی ٢.٥٪ ئەردۆغانی تێپەڕاندووە و بەگوێرەی پێشبینیەکان، کلچدارئۆغلۆ دەتوانێت لە خولی یەکەمی هەڵبژاردندا سەربکەوێت.
کەمال ئوزکیراز دامەزرێنەری کۆمپانیای ئەڤراسیاش لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تورکیادا دەڵێت، " پشتگیری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە هەڵبژاردنەکاندا بۆ کلچدارئۆغلۆ زۆر گرنگە. بەر لەوەی قەیرانی کاندید لەنێو هاوپەیمانی گەلدا چارەسەر بکرێت، رێژەیەکی کەم لە دەنگدەرانی هەدەپە ئامادەبوون دەنگ بە کاندیدی هاوپەیمانێتیەکە بدەن، بەڵام دوای چارەسەرکردنی قەیرانی کاندیدی و چاوپێکەوتنەکانی هەدەپە و کلچدارئۆغلۆ، ٩٤٪ی دەنگدەرانی هەدەپە ئامادەن کە دەنگ بە کلچدارئۆغلۆ بدەن کە رێژەی دنگی هەدەپە بەگوێرەی راپرسیەکان نزیکەی ١٢.٥٪ دەبێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار