ڕاپۆرتە نێودەوڵەتیەکان و هەرێم
2 ساڵ لەمەوپێش
حامد محەمەد عەلی
ماوەی چەند ساڵێکە ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی مافی مرۆڤ و هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش ، لەڕاپۆرتەکانیاندا ئاماژە بە پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ و ئازادیەکان لەئێراق و هەرێمی کوردستان دەکەن و نیگەرانی و بگرە بێزاری خۆیان لەوبارەیەوە دەردەبڕن . بەداخەوە حکومەتی هەرێم لەجیاتی ئەوەی ئەو ڕاپۆرتانە بەهەند وەربگرێ و بەدواداچونی جددییان بۆبکات و کار لەسەر چاککردنی ڕەوشەکە بکات ، هەموجار بە ڕەهایی ڕاپۆرتەکان ڕەتدەکاتەوەو ئەو ڕێکخراوو ناوەندە ڕۆژئاواییانە بەوە تۆمەتبار دەکات کە گوێ بۆ حکومەتی هەرێم ناگرن و گوێ بۆ هەندێ کەس و لایەنی نابەرپرس ودژ بەهەرێم دەگرن ..
ئەمە لەکاتێکدا کە هەقوایە حکومەتی هەرێم لەنیگەرانی و بێزاریەکانی ئەمریکاو ڕۆژئاواو ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان ، بکۆڵێتەوەو بەهەندیان وەربگرێت ، نەک هەمووجار ڕێکخەری حکومەتی هەرێم بەڕەهایی ناوەڕۆکی ئەو ڕاپۆرتانە ڕەتکاتەوە .. ئەمریکاو ڕۆژئاوا دوژمن و نەیاری هەرێم نین ، بگرە دۆست و پاڵپشتی ئەم قەوارەیەن ، بەڵام وەک هەمووجار نوێنەری un و بەرپرسانی ئەمریکاو ڕۆژئاوا ، ڕەخنەو گلەیی ئاراستەی حکومەتی هەرێم دەکەن و داوای چاککردنی ڕەوشی مافی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین دەکەن ، کە ئەوانە بنەمای سەرەکی و گرنگن بۆ هەڵسەنگاندنی سیستمە دیموکراسیەکەی هەرێم و دروستبونی متمانەی ناوەندە نێودەوڵەتیەکان بە شایستەیی قەوارەی هەرێم.
ئاخر خۆ ڕاپۆرتەکانی (سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان و سەنتەری میترۆو ڕێکخراوی پەیامنێرانی کوردستان ) ،کە بەشێوەی دەوری پێشێلکاریەکانی ئازادی ڕۆژنامەنوسی لەهەرێم تۆمار دەکەن و لەساڵانی ڕابوردوودا سەدان پێشێلکارییان دیکۆمێنت کردوە ، سەلمێنەری ناوەڕۆکی ئەو ڕاپۆرتانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاو ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی مافی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەنوسین، لەوانە ڕێکخراوەکانی ( هیومان ڕایت ۆچ و سی . پی . جەی و پەیامنێرانی بێسنور و ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی) .
کورد دەڵێ : ( دۆستم ئەوەیە دەمگریەنێ...) . لەڕاستیدا ئەم ڕاپۆرتە نوێیەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوڕاپۆرتەکانی دیکەش، زەنگی ئاگادارکردنەوەن و پێویستە بەوردی لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە بکرێت و حکومەتی هەرێم وەڵامێکی وردو زانستیانەیان بداتەوەو دان بەوەشدا بنێت کە پێشێلکاری هەیەو دەبێ سنوری بۆ دابنرێ،نەک بەڕەهایی و بەتوندی ڕەتیان بکاتەوە. زانیومانە دەسەڵاتی هەرێم گوێ بۆ ئۆپۆزسێون و ڕکابەرو نەیارەکانی نەگرێ ، ئەی باشە خۆ بەرپرسانی هەرێم ، ئەمریکا و ڕۆژئاوا بە دۆستی ژمارە یەکی خۆیان دەزانن!! ئیمامی عومەر (خ) پێشی ١٤٠٠ ساڵ فەرمویەتی : ڕەحمەتی خوا لەوکەسەی کە عەیبەکانم بەدیاری پێ دەبەخشێت.