کتێبێک پێشکه‌ش به گوڵه‌به‌ڕۆژه‌فرۆش؟
2 ساڵ لەمەوپێش
هیوا ناسیح
سه‌ره‌تای مانگی ڕابردوو که به سه‌فه‌رێک له کوردستان بووم، سه‌ردانی هاورێیه‌کی دێرینم کرد، که نوسه‌رێکی باشه و له ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی یه‌کێک له دوو حزبه باڵاده‌سته‌که‌ی کوردستان کار ده‌کات، تا ئێستاش قه‌ڵه‌مه‌که‌ی هه‌رزانفرۆش نه‌کردوه.
دوای بینین و دانیشتنێکی دۆستانه له‌گه‌ڵ ناوبراودا، که له قاتی سه‌ره‌وه بوو، هاتمه قاتی خواره‌وه، هه‌ندێک وێنه به دیواره‌کاندا هه‌ڵواسرابوون سه‌رنجیان ڕاکێشام، که‌وتمه سه‌یرکردنیان، له پڕ براده‌رێکم بینی، که ساڵانێکی زۆر ده‌بێت دوور به دوور ده‌یناسم و پێشتر له یه‌کێک له حزبه پاک و چه‌په بچوکه‌کاندا کاری ده‌کرد. به‌ڵام ئێستا وه‌ک بیستم ئه‌ندامی مه‌کته‌بی ڕاگه‌یاندنی ئه‌و حزبه باڵاده‌سته‌یه. بانگی کردم بۆ ژووره‌که‌ی که له هه‌مان قات بوو، دوای به‌خێرهاتن و چاکوچۆنی، پرسیاری کرد به چییه‌وه خه‌ریکم، منیش باسی کتێبه‌کانم کرد، که له‌و نزیکانه بڵاوی ده‌که‌مه‌وه و چاپکراون. به‌ده‌م قسه‌وباسه‌وه دوو له کتێبه‌کانی خۆی پێشکه‌ش کردم، منیش بێ سێ‌ودوو قبوڵم کرد و سوپاسیشم کرد.
دواتر ئه‌ویش که‌وته باسی پڕۆژه ئه‌ده‌بییه‌کانی، باسی کتێبێکی خۆی کرد، که له‌سه‌ر سه‌گه ڕه‌سه‌نه‌کانی کورده‌واری له ناوچه‌ی پشده‌ر و بتوێن نوسیونی. ئینجا باسی روه‌ک و گیانه‌وه‌ر و دارودره‌خته‌کانی کوردستانی کرد، که پێویسته له‌سه‌ریان بنوسرێت. لێره‌دا هه‌ستم کرد، درێژه‌ی ده‌داتێ، ده‌بوایه قسه‌یه‌ک بکه‌م له‌سه‌ر ڕه‌وشی ئێستا. گوتم کاک فڵان، ئایا هه‌ست ناکه‌ن ئێوه‌ی ڕاگه‌یه‌ندکاری حزبی له دۆڵێکن و میلله‌ت له دۆڵێکی تر؟ ئایا قه‌ت کاتێک به کۆڵان یان بازاڕێکی میللی‌دا تێپه‌ڕ ده‌بن جامه تاریکه‌کانی ئۆتۆمبیله‌کانتان داده‌ده‌نه‌وه سه‌یرێکی وه‌زعی خه‌ڵک بکه‌ن چۆنه؟ ئایا قه‌ت سواری ته‌کسی ده‌بن و گوێ له ده‌رده‌دڵی شۆفێره‌که ده‌گرن؟ ئایا قه‌ت به پاس جاربه‌جاریش بێت هاتوچۆ ده‌که‌ن و گوێ له ڕاز و خه‌مه‌کانی خه‌ڵکی ڕه‌شوڕوت ده‌گرن؟؟ ئایا سه‌رنجی ڕیزی خانه‌نیشیانی پیره‌ژن و پیره‌مێردی بێچارهتان بۆ وه‌رگرتنی مووچه‌کانیان داوه؟
ده‌زانی ئه‌م شتانه‌ی تۆ له‌باره‌یه‌وه ده‌دوێی خراپ نین، به‌ڵام هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی دوور و نزیک به ڕه‌وشی خه‌ڵک و خه‌م و ئازاری گه‌له‌وه نییه. برا ئێوه له دنیایه‌کی تردا ده‌ژین، ئاگاتان له‌وه‌زعی خه‌ڵک نییه... ئیتر له پڕ قسه‌کانی پێ بڕیم و بێ ئه‌وه‌ی چایهکیشم بۆ بانگ بکات، گوتی: ببوره کاک هیوا ده‌بێ بڕۆم کۆبونه‌وه‌مان هه‌یه!! دیاره زانیم سهرودڵیم گرتوه و حه‌ز ناکات گوێی له قسه‌کانم بێت، گوتم: وه‌ڵا منیش مه‌وعیدم هه‌یه و ده‌بێت بڕۆم، له‌به‌ر دڵی تۆ هاتمه لات. ئیتر به کورتی خواحافیزیمان کرد و جیابووینه‌وه. که چوومه خواره‌وه له سه‌ر جاده‌که ته‌کسیه‌کم گرت به‌ره‌و شوێنی مه‌وعیده‌که‌م له‌گه‌ڵ هاورێیه‌کمدا، له ناو ته‌کسییه‌که‌دا که‌وتمه سه‌یرکردنی یه‌ک له کتێبه‌کانی ئه‌و براده‌ره، ته‌ماشا ده‌که‌م، نزیکه‌ی ٦٠٠ لاپه‌ڕه‌یه و هه‌مووی ئه‌م براده‌ره له‌گه‌ڵ به‌رپرسی یه‌که‌می ڕاگه‌یاندنی حزبه‌که‌یدا ئه‌نجامی داوه!! ئای که به‌لامه‌وه سه‌یروسه‌مه‌ره بوو، ئاخر ٦٠٠ لاپه‌ڕه، له‌گه‌ڵ که‌سێکی رۆژنامه‌نوسی به‌رپرسی حزبی، که تا ئێستا غه‌یری خزمه‌ت به حزبه‌که‌ی، بچوکترین داهێنانی له رۆژنامه‌گه‌ریی کوردی‌دا نه‌کردبێت، چ سودێکی بۆ ئه‌ده‌ب و که‌لتوری کوردی هه‌یه؟!
له‌م خه‌یاڵانه‌دا بووم، له‌پڕ کێشه‌ی چاپی کتێبه‌که‌ی دکتۆر جاسم خۆشناوم بیرکه‌وته‌وه، که مامۆستایه له یه‌کێک له زانکۆ به‌ناوبانگ و دێرینه‌کانی ئیتالیا (زانکۆی پیزا)، جگه له‌وه‌ی کۆتایی حه‌فتاکانی سهردهیڕابردوو چه‌ند ساڵێک له سه‌ره‌تای شۆڕشی نوێ پێشمهرگهییهکێتی بووه، ساڵی ١٩٨١ ڕویکردۆته ئیتالیا و دوو دکتۆرای له بواره‌کانی (په‌یوه‌ندییه نێو ده‌وڵه‌تییه‌کان وه مافی مرۆڤ) دا هه‌یه. ئه‌م وه‌ک که‌سێکی ئه‌کادیمی و زانستخواز و په‌رۆشی مێژوو و خه‌باتی کورد، هیممه‌ت ده‌کات چه‌ند ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر کتێبێکی ناوازه له ئیتالییه‌وه وه‌رده‌گێڕێت، که خاوه‌نه‌که‌ی شانزه‌ساڵ له‌گه‌ڵ بارزانی باوک‌دا ژیاوه و ورد‌و درشتی ڕووداو و به‌سه‌رهاته‌کانی ئه‌وکاتی تێدا تۆمار کردوه، ئه‌و کتێبه گومانی تێدا نییه چه‌ندان مانگ کار و شه‌ونوخونی ویستوه تا له ئیتالییه‌وه بۆ کوردییهکیڕهوان و جوان وه‌ریگێڕاوه، دوای ساڵانێکی زۆر و چه‌نده‌ها جار پیاچوونه‌وه به وه‌رگێڕراوه کوردییه‌که بڕیارده‌دات بڵاویبکاته‌وه، دواتر دیزاینیش کراوه، که زیاتر له ٤٠٠ لاپه‌ڕه‌یه. که‌چی دوای ده‌ستی ده‌ستییه‌کی زۆر، نه‌پارتی، به‌بیانوی ئه‌وه‌ی نوسه‌ره‌که‌ی ره‌خنه‌ی له بارزانی گرتوه، وه نه یه‌كێتیش، به‌بیانوی گوایا به قازانی پارتی و بارزانی ده‌شکێته‌وه، بۆیان چاپ نه‌کردوه! که‌چی ده‌بینین وا کتێبێکی تر به تیراژێکی زۆر و نزیکه‌ی ٦٠٠ لاپه‌ره به گفتوگۆ و وێنه له‌گه‌ڵ به‌رپرسێکی راگه‌یاندنی حزبیدا پڕ کراوه‌ته‌وه و چاپ کراوه! که هیچ سودێکی بۆ بواری وێژه و ڕۆژنامه‌گه‌ری کوردی نییه. له لایه‌نی سیاسیشه‌وه به هه‌مانشێوه تۆزێک سود به ڕه‌وشی تا بینه‌قاقا نقومبووی گه‌نده‌ڵی و بێدادی باشور ناکات. من وه‌ک خۆم تا ئه‌وکات شتی وام نه‌بینیبوو، نازانم بۆ سه‌رۆکه خۆسه‌پێن و دیکتاتۆره‌کانی رۆژهه‌ڵاتی ناوین، به‌ڵام دڵنیام هیچ سه‌رۆکێکی ئه‌م وڵاته‌ی لێی ده‌ژیم (سویسرا) بڕی ٣٠٠ لاپه‌ڕه‌یش چاوپێکه‌وتنی چاپکراوی نییه!
ئه‌وه‌نده‌ی نه‌برد ته‌کسییه‌که گه‌یشته ئه‌و شوینه‌ی مه‌به‌ست بوو (ماجدی مۆڵ)، سه‌یری کاتژمێرم کرد، چاره‌کێکی مابوو بۆ کاتی گه‌یشتنی، ئیتر به‌وناوه‌دا که‌وتمه گه‌ڕان، به‌ڵکو ئه‌مه خوایه، گوڵه بهڕۆژهفرۆشێک، پاقلهفرۆشێکی کاسب و ره‌نجده‌ر په‌یدا بێت و کتێبه‌که‌ی پێشکه‌ش بکه‌م تا سودی لێ ببینێت، بتوانێت ٦٠٠ لوله‌ی پێ بپێچێته‌وه و بیفرۆشێت، به‌داخه‌وه په‌یدا نه‌بوون. ناچار هاتم لاپه‌ڕه‌ی پێشکه‌شییه‌که‌ی بۆ له‌سه‌ر نوسی بووم لێکردوه، له‌ناوم برد!.
لێره‌شه‌وه داوای لێبوردن له ئه‌و براده‌ره‌ی خاوه‌ن کتێبه‌که ده‌که‌م، که دڵنیام ئه‌م وتاره‌م ده‌خوێنێته‌وه. پێی ده‌ڵێم ببوره تاوانی من نه‌بوو، به‌ڵکو خه‌تای ناوه‌ڕۆکی کتێبه‌که‌تان بوو. که ئاوای به‌سه‌ر هات، هیوادارم بۆ جاری داهاتوو، پێش چاپکردنی هه‌ر کتێبێک، بیر له ناوه‌ڕۆکه‌که‌ی بکه‌نه‌وه، که ئایا چ سودێکی بۆ کۆمه‌ڵگا هه‌یه. یان لای که‌می کتێبه‌که‌تان، که له‌م جۆره بوو، بده‌ن به ئه‌ندامه گوێڕایه‌ڵ و ملکه‌چه‌کانی حزبه‌که‌تان، که هه‌ر شتێکیان بخه‌نه به‌رده‌م، بێ سێ‌ودوو ده‌یخوێننه‌وه، نه‌ک که‌سانی وه‌ک ئێمه، که سه‌ربه‌رزانه ده‌ژین و هیچ منهتێکمان به مووچه و ئیمتیازاتی حزبه‌کان نییه. دواجاریش ئه‌وه‌ی له نوسین و بڵاوکردنه‌وه‌ش گرنگتره، هه‌ڵوێسته هه‌ڵوێست، به‌رامبه‌ر به نادادی و بێمافی و ناهه‌قی. نه‌ک بڵاوکردنه‌وه‌ی کتێبی قه‌باره گه‌وره و ژماره زۆر و بۆر.