خامنەیی لابردنی سەرپۆش بە حەرامی سیاسیی و شەرعیی ناودەبات
خامنەیی: لابردنی سەرپۆش دەستی سیاسیی لە پشتە
عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران
2 ساڵ لەمەوپێش
رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند لابردنی سەرپۆش پلانی دوژمنانە و لە روی ئایینیی و سیاسییەوە حەرامە.
ئەمڕۆ سێشەممە، عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە وتارێکیدا رایگەیاند؛ وڵاتەکە گیرۆدەی گەندەڵیی بوە و دەبێت بۆ چارەسەریی دۆخی ئابوریی دژی گەندەڵی بوەستنەوە چونکە کێشەی سەرەکیی خەڵک بژێوەییە.
خامنەیی هەر لەو وتارەیدا وتی: باڵاپۆشپون سنوردارکردنێکی شەرعی و یاساییە و لابردنی و دژایەتیی باڵاپۆشبون لە روی شەرعی و سیاسییەوە حەرامە.
بە وتەی ئەو: زۆربەی ئەو کەسانەی دژی باڵاپۆشبون و سەرپۆش دەوستنەوە ئەگەر بزانن چ سیاسەتێک لە پشت ئەو کاریانەوەیە، ئەو کارە ناکەن و دوژمنان بە پلان و بەرنامەوە هاتون و ئەوانیش دەبێت پلان و بەرنامەمان هەبێت.
رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە وتارەکەیدا جەختی لەوە کردەوەتەوە کە نابێت هەوڵی پێچەوانەی یاسا و رێساکان لە دژی پلانی دوژمنان بدرێت.
وتەکانی خامنەیی لە کاتێکدایە دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان بە مەرگی ژینا ئەمینی لابردنی سەرپۆش لە ئێران بوەتە هێمایەک بۆ دژایەتیی دەسەڵات لە وڵاتەکەدا و لە ماوەی رابردوشدا رێوشوێنەکان دژی کەسانی بێسەرپۆش توند کراوەتەوە و تەنانەت ناکۆکیی بەپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی لێکەوتوەتەوە.