پشكی هەرێم لەبودجەی 2023دا
عێراق مانگانە ترلیۆنێك و 250 ملیار دینار بۆ هەرێم دەنێرێت
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
پشكی هەرێمی كوردستان لەپڕۆژە بودجەی 2023ی عێراق 18 ترلیۆن دینار زیاترەو بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە خوێندنەوەی یەكەمی لەئەنجومەنی نوێنەران بۆ بكرێت.
پڕۆژە بودجەی گشتی عێراق 199 ترلیۆن دینارەو لەو بڕە بەغداد زیاتر لە 18 ترلیۆن دیناری بۆ هەرێمی كوردستان تەرخانكردووە.
حكومەتی عێراق بەسەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی پڕۆژە بودجەی رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كردووەو بڕیارە رۆژی چوارشەممە 5ی نیسان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ بكرێت.
كۆی گشتی پڕۆژە بودجەی 2023ی عێراق نزیكەی 200 ترلیۆن دینارەو پشكی هەرێمی كوردستان لەسەدا 12.67% دیاری كراوەو بەخەرجی سیادی و حاكیمە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 18 ترلیۆن دیناری بەردەكەوێت، كە 16 ترلیۆن و 609 ملیار دینار وەك بودجەی تەشغیلی و وەبەرهێنان و یەك ترلیۆن و 256 ملیار دینار وەك بودجەی حاكیمەو 400 ملیار دینار بۆ خەرجی كۆمپانیا نەوتییەكان و 500 ملیار دینار لەهێزی وشكانی بۆ هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان تەرخاندەكرێت.
دوای پەسەندكردنی پڕۆژە بودجەی 2023ی عێراق، بەغداد شایستە داراییەكان لەچوارچێوەی یاسای بودجە بۆ هەرێم رەوانە دەكات كەپشكی هەرێم بەشێوەی سولفەی مانگانە ترلیۆنێك و 250 ملیار دیناری مانگانە دەكات دەداتە هەرێم لەبەرانبەر رەوانەكردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەو لەسەدا 50% داهاتە گومرگییەكان.
لەكۆی ئەو 18 ترلیۆن دینارەی پشكی هەرێم، بڕیارە لەساڵی 2023دا 15 ترلیۆن دیناری وەك پارەی كاش بگاتە دەست وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم بۆ مووچەو خەرجی وەبەرهێنان، ئەو سێ ترلیۆنەی دیكەی بۆ خەرجی كۆمپانیا نەوتییەكان و خەرجی حاكیمە خەرج دەكرێت و لەبەرامبەردا هەرێم پارەی كۆمپانیا نەوتییەكانی لەكۆڵ دەبێتەوەو دەرمان و بەشە مانگانەی خۆراك و سوتەمەنی پێدەگات.
بڕیارە دوای پەسەندكردنی پڕۆژە بودجەی 2023ی عێراق پاكتاوی حساباتی دارایی مانگەكانی (1، 2، 3، 4)ی ئەمساڵ لەگەڵ حكومەتی هەرێمدا بكرێت و هەر لایەكیان قەرزی ئەوی دیكەیان لابوو بەپێی یاسای بودجە بیدەنەوە.
هەروەها حكومەتی هەرێم لەمانگی رابردوودا 400 ملیار دیناری بەقەرز لەبەغدادوە بۆ هاتووەو عێراق ئەوەی لێ دەبرێت.
حكومەتی هەرێمی كوردستان یەك ملیۆن و 250 هەزار مووچەخۆری هەیەو مانگانە 900 ملیار دیناری بۆ دەڕوات و 350 ملیار دیناری بۆ دەمێنێتەوە بۆ وەبەرهێنان و خەرجیەكانی دیكەی وەزارەتەكان.