كاتێك بەرماڵی فاشیستێك بەسەر ئاودا رێ دەكات!

2 ساڵ لەمەوپێش



ڕێبین ئەحمەد ڕەشید

هەفتەی رابردوو لەسەردانێكیدا بۆ ماڵێك وا دەردەكەوێت بەربژێری هاوپەیمانی میللەت كەمال كڵچدار ئۆغڵو بەپێڵاوەكانیەوە لەسەر بەرماڵێك وەستاوە. بەبڵاوبوونەوەی ئەم وێنەیەی كڵچدار ئۆغڵو میدیای سێبەری ئاردۆغان و  داهۆڵەكانی گڕیان لەسۆشیال میدیا بەردا، بانگەشەی ئەوەیان دەكرد كەسێك ئەمڕۆ بەپێڵاوەوە بچێتە سەر بەرماڵێك و سوكایەتی پێبكات سبەی گەر دەسەڵاتی سیاسی گرتەدەست  بەرماڵ و مزگەوت و نوێژكردن بەتەواوی قەدەغە دەكات. ئەم ئاكتە هەڵەیەی كڵچدار ئۆغڵو بۆ دیندارو چینی موحافیزكاری توركیا دیارە جێگای قەبوڵكردن نییە، چونكە خۆشەویستی ئەوان بۆ دین تائێستاش خۆشەویستییەكی نۆستالژیكییە لەدژی ئەو هەشتا ساڵە لەقەدەغەكردن و قڕانكردنی پیاوانی دینی لەو وڵاتەدا لەلایەن سیستمە تۆتالیتارە ئاتاتوركییەكەوە.

هەرچەندە چەند كاتژمێرێك لەپاش بڵاوبوونەوەی وێنەكە، كڵچدار ئۆغڵو لەتویتەر داوای لێبوردنی كردو رایگەیاند كە ئەو رووداوە رووداوێكی ئەنقەست نەبووە و لەنائاگاییەوە بەسەر خۆی و تیمەكەیدا تێپەڕیوەو لێپرسینەوە لەتیمی راوێژكارانی دەكات، بەڵام میدیای سێبەر و خودی ئاردۆغان درێغییان نەدەكرد لەلێدان لەو بەربژێرە بەهێزەی ئۆپۆزسیۆن. ئاردۆغان لەبانگەشەی ئەمڕۆی سەرۆكایەتیدا بەپێچەوانەی جارانەوە كە باسی لەئابووری بەهێزو ئاوەدانكردنەوە دەكرد، بەرماڵێكی بەدەستەوە گرتبوو و بەرزی دەكردەوەو دەیگوت گەر بێتو سەركەوین وەك خەڵك ناكەین بەپێڵاوەوە بچینە سەر بەرماڵ، بەڵكو پێڵاوەكانمان دادەنێین و نوێژی شوكری لەسەر دەكەین. بەپێچەوانەوە سەڵاحەدین دەمیرتاش وەك بەرگرییەك لەكڵچدار ئۆغڵو لەتویتەر رایگەیاند رووداوێكی نائەنقەست بەوەی پێ بنێیت بەسەر بەرماڵێكدا لای خودا گەورەترە یان فەرهوودكردن و دزینی ماڵ و موڵكی هەژاران و رژاندنی خوێنیان؟ بۆ ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارە بدەیتەوە پێویست ناكات موسوڵمان بیت ئەوەندە بەسە كە ئینسان بیت!

دیار نییە لەڕووی فیقهی دینییەوە دەكرێت بەپێڵاوەوە بچیتە سەر بەرماڵ یاخود نا، سەلەفییەكان لەبنەڕەتدا بەرماڵ بە بیدعە دەزانن و پێیان شتێكی دروست نییە، بەڵام ئەوەندە هەیە لەفیقهدا نوێژكردن بەپێڵاویشەوە دروستە كەنوێژكردن خۆی لەخودی بەرماڵ پیرۆزترە، بەڵام ئەمڕۆ لەچارەڕەشی كەمال كڵچدار ئۆغڵودا، ئاردۆغان هەم موفتییە و هەم دادوەری شەرعی، هەوادارانی لەبری حوكم و دەوڵەتداری و چاكردنی باری ئابووری و بژێوییان فەتوای دینی لێوەردەگرن و كەمال كڵچدار ئۆغڵوی پێ تەكفیر دەكەن.

ئەم روواوە لەكاتێكدایە لەڕابردوودا سەرانی ئاكپارتی درێغییان نەكردووە لەوەی تەشقەڵە بەدین و پیرۆزییە دیینەكانی خەڵك بكەن، بەڵام هەرگیز وەك كڵچدار ئۆغڵو نەكەوتوونەتە بەر هێرش و شكاندن و تیرۆری كەسایەتی.

چەند ساڵێك بەر لەئێستا تۆماری دەنگیی كەسایەتییەكی گەورەو نزیك لەئاردۆغانی وەك ئەگەمەن باغەش بڵاوكرایەوە كە هاوكات وەزیری كابینەكەش بوو بۆ دانوستانەكانی توركیا لەیەكێتی ئەوروپادا. ئەگەمەن باغەش لەو تۆمارە دەنگییەدا كە دیارە لەگەڵ هاوڕێیەكی قسەدەكات بەئاشكرا سوكایەتی بەقورئان و سورەتەكانی نێوی دەكات و بەهاوڕێكەی دەڵێت:

«هاوڕێ من هەموو هەفتەیەك ئایەتێك فڕێ دەدەمە تویتەرەوە، خەڵك حەزیان لەبانگەشە هاواری دینییە، منیش بێدڵییان ناكەم، هەرچەندە زۆر لەقورئانیش شارەزا نیم بەڵام لەگوگڵ بنووسە بەقەڕە و مەقەڕە»بەتەشقەڵەوە دەیڵێت» شتێ هەر دێنێت و تۆش فڕێیدە نێو تویتەر».

ئەم قسانەی ئەگەمەن باغەش بەڕووداوی» بەقەڕەو مەقەڕە» لەمیدیای توركیادا ناوی دەركردو بەڕۆژی رووناك سوكایەتییان لەدژی سورەتێكی پیرۆزی وەك سورەتی بەقەڕە تێدایە. بەڵام ئەم سوكایەتییە لەلایەن چینی موحافیزكاری ئەو وڵاتەوە زۆر بەهەند وەرنەگیران و تەنانەت ئاردۆغان لەپۆستەكەشی دووری نەخستەوە. هەر ئەوەندە نا چەندین كەسایەتی ئاینی وەك عەبدولڕەحمان دڵیپاك و مەلای وەك مەلا عەلی ئێرباش و وەزیری وەك سولەیمان سۆیڵو لەو وڵاتەداو لەڕابردوودا بانگەشەی ئەوەیان دەكرد كەئاردۆغان پێغەمبەرەو خودا بۆ توركەكانی ناردووە. كار گەیشتووەتە ئەوەی خەڵكێك هەیە دەڵێن ئێمە تاڵە موویەكین لەموەكانی دەوری قونی ئاردۆغان.

من لێرەدا كارم بەسەر ئەو چیرۆكانەوە نییە، دەمەوێت لەڕوانگەیەكی دیكەوە باس لەوە بكەم كەچۆن ئەمڕۆ ئاردۆغان هاوشانی فاشیزمی قەومی دەستی بۆ شتێكی ترسناكی وەك فاشیزمی دینیش بردووە لەپێناو مانەوەی لەسەر كورسی سەرۆكایەتی كۆمار.

فاشیزم لەسادەترین پێناسەی خۆیدا پێش ئەوەی دژی جۆرێك بێت لەمرۆڤ یان دژی جۆرێك بێت لەزمان و گەلێكی دیاریكراو، دژی ژیان و مرۆڤ و ئازادییە كەسیەكانە. كەسی فاشیست دەیەوێت دەرەوەی خۆی یان نەبن یا بەو جۆرە هەبن كەحەزو دۆخە هیستریاییەكەی ئەم دەیخوازێت. فاشیست پێیوایە گەر تۆ وەك من بیر نەكەیتەوە نابێت هەر بیربكەیتەوە.

هەموو سیستمە فاشیستییەكان  یەك دیزاین و یەك بنەمای كاركردنیان هەیە، ئەوەی یەكێكیان لەوی دیكە جیادەكاتەوە ئەوەیە ئەو كەسەی دێتە سەر هەڕەمی ئەم سیستمە فاشیستییە خودی خۆی چەندە فاشیستە.

تورگوت ئۆزاڵ یەكێك بوو لەباشترین سەرۆككۆمارەكانی مێژووی توركیا، ئەو دەیویست خاڵێك بۆ كۆتایی پێهێنانی شەڕو ناكۆكییە لۆكاڵی هەرێمییەكانی توركیا لەگەڵ خەڵكی وڵاتەكەی و دراوسێكانیدا دابنێت، بەڵام چونكە ستراكچەری سیستمەكە لەبنەڕەتدا فاشیستی بوو نەك هەر نەیتوانی ئەوەی دەیویست جێبەجێی بكات، خۆشی بوو بەقوربانی فاشیزمی بەسیستمكراوو تیرۆر كرا.

سیستمی دەوڵەت لەتوركیادا لەعەیاری فاشیستییە بەئیمتیاز، بەڵام كاتێك فاشیستێك دێتە سەر ئەم كورسی سەڵتەنەتەی فاشیزم ئەوا گوڕو تاودانی فاشیزم چەند هێندە دەبێتەوە، جا نەخوازەڵا كەسێكی فاشیستی وەك ئاردۆغان لە دوو سەرچاوەی فاشیستیی وەك فاشیزمی قەومی و فاشیزمی دینی بەهرەمەند بووبێت، ئەوا بەتەواوی دەرگای پێكدادان و دابەشكاری لەخۆی و دراوسێكانیشی دەخاتە سەر پشت و كۆمەڵگا بۆ كۆمەڵگایەكی رەش و سپی دابەشدەكات.

ئاردۆغان لەڕابردوودا چ بەئاكتەكانی بووبێت چ بەوتەكانی  ئەوەی نەشاردۆتەوە كە تەمام عەیارترین فاشیستی ناوچەكەیە، ئەو چەندین جار جەختی لەوە كردووەتوە كەئەوان دیموكراسی وەك شەمەندەفەرێك تەماشادەكەن كەی پێویستیان پێی نەما لێی دادەبەزن. ئەمڕۆ بۆ زیاتر لەدوازدە ساڵ دەچێت ئاردۆغان لەم شەمەندەفەرە هاتووەتە خوارەوە، بەشمشێرێكی دووسەرەی وەك فاشیزمی دینی و فاشیزمی قەومی كەوتووەتە وێزەی گەلانی توركیاو ناوچەكە.

ئەمڕۆ جیهان شاهیدی ئەوەیە ئاردۆغان هەڵگری خراپترین جۆری  عەقڵیەتی فاشیستیی «ئیسلامیی-توركییە». ئەوەی فاشیزمەكەی ئاردۆغان لەپانتوركیزمەكەی كەمال ئاتاتورك و عیسمەت ئینۆنو جیادەكاتەوە بوونی رەكیزەیەكی وێرانكەری وەك ئایدۆلۆژیای ئیسلامی سیاسی و فاشیزمی دینییە كە بەپانتووركیزمە كەمالیستیەكەوەی موتوربە كردووە. ئەم تێكەڵەیەی پانتوركیزم و فاشیزمی دینی وایكردووە فاشیزمێكی بێ پێشینە وا لەتوركیا سەرڕێ بكەوێت جگە لەخۆی ئەوی دیكە ئەگەر چی دیندارو توركیش بێت وەك نەیاری خوێنی و دژ ببینێت بۆشی بچێتەسەر. ئەوەی بەتۆڕی فاشیزمی قەومییەوە نەبوو لەڕێگای فاشیزمی دینییەوە بەهاوكاری شێخەمەلاكانی بازاڕی فەتوای دینی تاروماریان بكات. نموونەی هەرە دیاری كاركردنی ئەم جۆرە لەفاشیزمی دینی تەكفیركردنی رێكخراوێكی دینی وەك رێكخراوی خزمەتی سەر بە فەتحوڵا گولەن بوو كە لەڕێگای فەتوای سیاسی و  فاشیزمی دینییەوە تارومار كران.

لەپاش كودەتاكەی 2016 ئاردۆغان بەهاوكاری بەڕێوەبەرایەتی ئاینی وڵاتەكەی و بەسەركردایەتی مەلا عەلی ئێرباش سەرۆكی ئەوقافی ئەو وڵاتە فەتوای  تەكفیركردن و لەدین دەرچوونی فەتحوڵا گولەنی هاوپەیمانی دوێنێی خۆی وەك كافرو لەدین دەرچوو «چال و مچل» راگەیاند. بەهۆی ئەوەی دەوڵەت لەڕابردوودا خاوەندارێتی لەحكومەتێكی لائیك و دژە دین دەكرد، نەیدەتوانی دین بكاتە كەرەستەی پایەماڵكردنی نەیارەكان، تەنها لەڕێگەی فاشیزمی قەومییەوە لێیدەدان، ئاردۆغان توانی لەپاڵ فاشیزمە قەومییەكەدا فاشیزمی دینیش بكاتە كەرەستەی وەبەرهێنانی مانەوەی زیاتری خۆی لەسەر كورسییەكەی.

رووداوی بەرماڵەكەی كەمال كڵچدار ئۆغڵو ئەمڕۆ گەورەترین كەرەستەی دەستی پان فاشیستێكی وەك ئاردۆغانە و لەڕێگایەوە دەیەوێت لەكەسایەتی كڵچدار ئۆغڵو بدات، بۆ ئەم مەبەستەش هەموو هێزێكی میدیایی و سیاسیی و هەواڵگری خۆی خستووەتە ئامادەباشیی تەواوەوە.

سەروەختی خۆی مۆسۆلینیی لەوەسفی فاشیزمێكی تەمام عەیاردا تەركیزی لەسەر ئەوە دەكرد كەدەبێ گەورەترین و حەساسترین جومگەكانی ئابووریی «سێكتەری گشتیی و تایبەت»  لەوڵاتدا كۆنترۆڵ بكرێت بۆ ئەوەی فاشیزم وەك ئایدلۆژیا نەرم نەرم و بەخێرایی بجوڵێت، ئەمڕۆ لەپاڵ سێكتەری ئابووری و میدیایی و هەواڵگری و دادوەریدا ئاردۆغان سێكتەرە دینییەكەشی بۆخۆی و لەپێناو خۆیدا كۆنترۆڵ كردووە، بەڕاست و چەپ فەتوای دینی دەبەخشێتەوە و تەكفیر دەكات. بەگوێرەی راپرسییە بەردەوامەكانی مێترۆپۆل و ئاڤراسیا وادیارە ئەمە كۆتا چڵەپووشی ئیدامەدانی ئەو ئیمپڕاتۆریەتەیە كە بیست ساڵە لەسەر قوت و خوێنی گەلانی توركیا بونیادی دەنێت و ئەم دێت دەستی بۆ دەبات.

 


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار