دوای هەڵکوتانە سەر مزگەوتی ئەقسا، پێکدادان لەنێوان فەڵەستین و ئیسرائیلدا ڕویدا

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

شەوی رابردوو، وەک وەڵامێک بۆ هەڵکوتانە سەر مزگەوتی ئەقسا لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیل، بە رۆکێت لە کەرتی غەززەوە هێرش کرایە سەر ئیسرائیل، دواتریش فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل کەرتی غەززەیان بۆردومان کرد.

لە مزگەوتی ئەقسا لە ئۆرشەلیم بەرەبەیانی چوارشەممە (قودس) شەڕ و رووبەڕووبوونەوە لەنێوان نوێژخوێنان و پۆلیسی ئیسرائیلدا روویدا و هێزە ئەمنییەکان زیاتر لە 350 فەلەستینییان دەستگیرکردووە. 

رووداوەکە کاتێک روویدا کە موسڵمانان دەیانویست لە مزگەوتەکەدا بمێننەوە و جووەکانیش بەبۆنەی پشووی جەژنی پەیساک کە لە 4ـی مانگی نیسان دەستپێدەکات و تاوەکو 13ـی مانگ بەردەوام دەبێت، دەیانویست سەردانی مزگەوتەکە بکەن.

هاوکات مانگی سووری فەڵەستینی ڕایگەیاند 12 فەڵەستینی بریندار بوون،  لە پێکدادانەکان لەگەڵ پۆلیسی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشکردووە، هێزەکانی ئیسرائیل ڕێگری دەکەن لەوەی پزیشکەکانیان بگاتە ناوچەکە بۆ چارەسەری بریندارەکان.

سەبارەت بە ڕوداوەکە فەهمی عەباس، نوێژخوێن لە مزگەوتەکە بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند "لە حەوشەکەی بەشی ڕۆژهەڵاتی مزگەوتەکە، پۆلیس گازی فرمێسکڕژێن و نارنجۆکیان بەکارهێنا، ئەوە دیمەنێک بوو کە ناتوانم وەسفی بکەم". وتیشی  "ئینجا دەستیان کرد بە لێدان لە هەمووان. ئەوان خەڵکیان دەستگیرکرد و گەنجەکانیان خستە سەر زەوی و بەردەوام بوون لە لێدانیان."

گرژییەکە تەنیا لە ئەقسادا نەمایەوە و بۆردوومان و مووشەکبارانی تێکەوت. بزووتنەوەی حەماس هێرشی مووشەکی بۆسەر ناوچەکانی باشووری ئیسرائیل ئەنجامدا و فڕۆکەکانی ئەو وڵاتەش چەند هێرشێكیان کردە سەر کەرتی غەززە و پێگەیەکی تایبەت بە چەکدارانی حەماسیان کردە ئامانج.

وتەبێژی گروپی ئیسلامی حەماس حازم قاسم ڕایگەیاند  "هێرشە موشەکییەکە لە شەوی ڕابردوودا وەڵامدانەوەیەک بوو بۆ هێرشەکەی پۆلیس لە مزگەوتی ئەلئەقسا و نیشانی دا کە ئیسرائیل ناتوانێت غەزە لە کەناری ڕۆژئاوا جیا بکاتەوە"

لەبارەی ئەو موشەکانی نێردران بە ئیسرائیلەوە  گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئەوە خرایەڕوو کە پێنج رۆکێت ئاراستەی شاری سدێرۆت کراون کە چواریان لەلایەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانییەوە لە ئاسماندا تەقێندراونەتەوە و یەکێکیشیان لە زەوییەکی چۆڵدا کەوتووەتە خوارەوە.

ئەم ڕووداوە کاردانەوەیەکی توندی لەلایەن وڵاتانی عەرەبییەوە لێکەوتەوە. ئەردەن و میسر، کە هەردووکیان بەشداربوون لە هەوڵەکانی ئەم دواییەی ئەمەریکا بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینییەکان، بەیاننامەیەکی جیاوازیان بڵاوکردەوە و بە توندی ئیدانەی ڕووداوەکەیان کرد.

هەروەها  سعودیەش کە ئیسرائیل هیوادارە پەیوەندییەکانی لەگەڵدا ئاسایی بکاتەوە، وتی هێرشکردنی ئیسرائیل بۆ ئەلئەقسا هەوڵەکانی ئاشتی لاواز دەکات.

لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا هێزەکانی ئیسرائیل هەزاران کەسیان لە کەناری ڕۆژئاوا دەستگیرکردووە و زیاتر لە 250 فەڵەستینییان کوشتووە، لە کاتێکدا زیاتر لە 40 ئیسرائیلی و سێ ئۆکرانی لە هێرشەکانی فەڵەستیندا کوژراون.

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار