دەمیرتاش چۆنیەتی بەشداریکردنی هاوپەیمانی رەنج و ئازادی لە هەڵبژاردندا ئاشکرا دەکات
2 ساڵ لەمەوپێش
سەلاحەدین دەمیرتاش رایگەیاند، جگە لە پارتی کرێکارانی تورکیا هەموو لایەنەکانی دیکەی نێو هاوپەیمانی رەنج و ئازادی لە رێگەی پارتی چەپی سەوزەوە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکەن.
دوای گفتوگۆیەکی زۆری نێوان پارتی کرێکارانی تورکیا (تیپ) و پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لەبارەی چۆنیەتی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی تورکیادا، دواجار شێوازی بەشداریکردنی هاوپەیمانێتیەکەیان ئاشکرا بوو.
سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە تویتەری خۆیدا نووسیویەتی، " دوای دانوستانێکی دوور و درێژ چۆنیەتی بەشداریکردنی هاوپەیمانی رەنج و ئازادی لە هەڵبژاردنەکاندا ئاشکرا بوو. هەموومان بۆچوونی خۆمان دەربڕی. لەمەوبەدواوە پێویستە رێز لە بڕیارەکانی یەکدی بگرین و هاوکاری یەکدی بکەین."
دەمیرتاش لە بەشێکی دیکەی تویتەکەیدا دەڵێت، " پیرۆزبایی لە هاوڕێکانم لە پارتی کرێکارانی تورکیا دەکەم کە لەژێر چەتری هاوپەیمانی رەنج و ئازادی، بەڵام بە لۆگۆی خۆیان بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکات. ئێمەش هەموومان پێکەوە، بۆ ئەوەی ١٠٠ کورسی پەرلەمان بەدەست بهێنین، زیاتر کار دەکەین."