قەرزی كۆمپانیا نەوتییەكان  .. كێشەی بەردەم حكومەتی هەرێم

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

حكومەتی هەرێمی كوردستان نزیكەی پێنج ملیار دۆلار قەرزی كۆمپانیا نەوتییەكانی لایە كەپێشوەختە پارەی وەرگرتووەو پێویستە نەوتی خاویان پێبدات.

بەشێك لەو قەرزانەی كۆمپانیا نەوتییەكان لەڕاپۆرتەكانی كۆمپانیای دیلیۆیت ئاماژەی پێكراوە كەپێویستە حكومەتی هەرێم بیداتەوە.

حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرەڕای ئەوەی كەزیاتر لە 9 ساڵە نەوتی خاو بەشێوەی سەربەخۆ دەفرۆشێت، بەڵام قەرزەكانی 30 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووەو وەك كورد دەڵێت قازانج سەری مایەی خوارد، ئایا هەرێم نەوتی كڕیوە یان فرۆشتوویەتی؟

حكومەتی هەرێم نزیكەی پێنج ملیار دۆلار قەرزی كۆمپانیا نەوتییەكانی لایە كەپێشوەختە پارەی وەرگرتووەو پێویستە نەوتی خاویان پێبدات، بەڵام بۆ لەمەودوا بەغداد بەرپرسیاری سەرەكی نەوتی هەرێم دەبێت و هەرێم ناتوانێت پێشەكی پارە وەربگرێت و نەوتی خاو بدات.

هەروەها بەشێك لەقەرزەكان شایستەی دارایی كۆمپانیا نەوتییەكان و ئەو كۆمپانیایانەیە كە بۆری نەوتەكەیان لەهەرێم كڕیوە.

دوای راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم لە 25ی ئادار، لەپاش دادگایی ناوبژیوانی لەپاریس كە لەبەرژەوەندی عێراق بڕیاریدا، كێشەی گەورەی بەردەم حكومەتی هەرێم ئەو قەرزانەی كۆمپانیا نەوتییەكانە كە لەسەری كەڵەكە بووەو هێشتا بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستانیش روون نەبووەتەوە ئەو پارانەی پێشەكی وەرگیراون چووەتە گیرفانی حكومەت یان گیرفانی خەڵكی دیكەوە.

قەرزی كۆمپانیا نەوتییەكان نزیكەی پێنج ملیار دۆلارە كە سێ ملیارو 350 ملیۆن دۆلاری شایستەی دارایی كۆمپانیاكانەو ئەوی دیكەشی كرێی بۆری نەوتی هەرێم و سودی قەرزەكانە.

حكومەتی هەرێمی كوردستان لەساڵی رابردوودا یەك ملیارو 833 ملیۆن دۆلاری داوە بەكۆمپانیا نەوتییەكان كە یەك ملیارو 115 ملیۆن دۆلاری قەرزی راستەقینەی كۆمپانیا نەوتییەكان بووەو 700 ملیۆن دۆلاریشی سودی قەرزی كەڵەكەبوو بووە.

لەكۆتایی ساڵی رابردوو، بێجگە لەو سێ ملیارو 350 ملیۆن دۆلارەی قەرزی كۆمپانیا نەوتییەكان، بڕی 160 ملیۆن دۆلاری كرێی بۆری نەوتی كوردستانیش هاتووەتە سەر قەرزەكانی حكومەتی هەرێم.

كۆمپانیای ترافیگۆرا، لەناوەڕاستی مانگی یەكی ئەمساڵ لەكڕینی نەوتی هەرێم كشایەوەو بڕی 273 ملیۆن دۆلاری لای حكومەتی هەرێمە كە پارەی پێشەكی كڕینی نەوتی هەرێمە.

هاوكات كۆمپانیای پێترۆكۆو ڤیتۆڵ نزیكەی ملیارێك دۆلاریان خستووەتە سەر ئەژماری حكومەتی هەرێم وەك پارەی پێشەكی كڕینی نەوت كە تاكۆتایی مانگی ئایار نەوتی هەرێمیان كڕیوە.

حكومەتی هەرێم جگە لەكرێی بۆری سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵ نزیكەی چوار ملیارو 800 ملیۆن دۆلار قەرزاری كۆمپانیاكانی نەوتەو بەپارەی كرێی بۆری نەوت گواستنەوە دەگاتە پێنج ملیار دۆلار.

تانیوەڕۆی رۆژی 25ی ئادار حكومەتی هەرێم لەبەندەری جەیهانەوە نەوتی رادەستی كڕیارەكان كردووە كە 9 ملیۆن و 750 هەزار بەرمیلی فرۆشتووەو هەر بەرمیلێكی بەتێكڕا بە 57 دۆلار فرۆشتووە كەدەكاتە 555 ملیۆن دۆلار.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار