خانووبەرە لەكەلار .. بەبەهاترین نرخ لەكوردستان

زەوی هەیە نرخی یەك مەتری دەگاتە 10 هەزار دۆلار

2 ساڵ لەمەوپێش



نیگار عومەر

شوێنی نیشتەجێبوون و زەوی و خانوبەرە لەقەزای كەلار نرخی پێوانەیی تۆماردەكات و زەوی هەیە نرخی یەك مەتری دەگاتە 10 هەزار دۆلار، شوقەی نیشتەجێبوون هەیە نرخەكەی دەگاتە نزیەی 350 هەزار دۆلار.

لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا لەقەزای كەلاردا نزیكەی 10هەزار یەكەی نیشەجێبوون دروستكراوە سەرەڕای ئەمە نرخی یەكەكان و زەوی لەقەزاكەدا بەبەرزی ماوەتەوەو هەندێك كات بەگوێرەی بازاڕی قەزاكە دەگۆڕێت و زۆر لەو نرخە زیاتر دەبێت.

هەندێك لەشارەزایان پێیان وایە هۆكاری گرانبوونی زەوی یەكەی نیشەجێبوون دەگەڕێتەوە بۆ هەڵكەوتەی جوگرافیای ناوچەكە، كە بەیەك لەشارە ستراتیژی و بازرگانییەكان دادەنرێت لەعێرقدا.

پسپۆرێكی  ئابوری ئاماژە بەوەدەكات گەر ئیدارەی ناوچەكە لەدەستێكی شارەزادا بێت كەلار دەبێتە گەورەترین شاری بازرگانی لەعێرقدا.

فەرهاد جیهاد خاوەن نوسینگەی فرۆشتنی خانوبەرە لەقەزای كەلار بۆ هاوڵاتی وتی:» ئەو یەكانەی كە دروستدەكرێن لەقەزای كەلاردا هەندێكیان نرخەكانیان دەگاتە 350 هەزار دۆلار، كە بەزمانی خەڵك واتە 35 دەفتەر دۆلار، نرخی پارچە زەویەكی دووسەد مەتری لەهەندێ شوێنی نایابدا زیاتر دەبێت لەدوو ملیۆن دۆلارو خەڵكی ناوچەكە بەگوێرەی ئەو كارەی كەدەیكات چ قازانێكی دەستبكەوێت دەیدات بەزەوی یاخود خانوو، هیچ شوێنێكی ئەمین نیە تابتوانیت پارەكەی تێدا دابنێت».

ئەوەشی وت،» من پێم وایە ئەو یەكانەی كە دروستكراون یان كاركردن تێیدا بەردەوامە سودێكی ئەوتۆی بۆ ناوچەكە نابێت پارەیەكی زۆری كاشی ناوچەكە دەباتە دەرەوەو نرخەكانی زۆر گرانەو خەڵكی ئاسایی ناتوانێ بیانكڕێت بۆیە كۆمەڵێک پارەدار كڕین و فرۆشتنی پێوە دەكەن».

وتیشی:» تەنانەت زۆربەی كرێكاری كۆمپانیاكان بیانین و سودی بۆ ناوچەكە نیە یاخود مەوادەكەی لەدەرەوە دێنن، داوادەكەین خەڵك هۆشیار بێت لەكڕینی هەر یەكەیەكدا رەنگە گرانی نرخی یەكەكان لەداهاتوودا دەربكەوێت كەخەڵكی ناوچەكە دەكەوێتە ژێر چ باری قەرزێكەوە كە بەشێكی زۆری خەڵكە ئاساییەكە ناتوانێت بیداتەوە».

هاوكات مەریوان حەسەن، كەئەویش خاوەنی نوسینگەی خانوبەرەیە بۆ رۆژنامەی هاوڵاتی دواو وتی:» بەڵی زەوی هەیە نرخی یەك مەتری دەگاتە 10 هەزار دۆلارو گرانی نرخی زەوی و خانووش لەكەلاردا بەگوێرەی شوێنەكان دەگوڕێت، لەهەندێ شوێنی كەلاردا هەیە پارچە زەوییەكی 200 مەتری لەشوێنێكی ئاساییدا نرخی چوار بۆ هەشت دەفتەر دۆلار دەبێت و هەرچەندە لەئێستادا لەبازاڕدا خستنەڕوو زیاترە تاوەك كڕین ئەمەش هۆكاری ئەوەیە كەبەشێكی پەیوەندی بەبەرزی نرخی دۆلارەوە هەیە بەرامبەر دینار».

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: گەڕەكەكانی شەهیدان و فەرمانبەران «حەی موەزەفین» یەكێكیك لەو شوێنانەی كەنرخی زەویەكانی گرانترینن لەهەموو شوێنەكانی دیكە، تەنانەت بارودۆخی ئەمنی ناوچەكە یەكێكە لەهەرە هۆكارە دیارەكانی ناوچەكە بۆ نموونە ئێستا نرخ لەناوچەكانی دیالە وك بەعقوبە زۆر گران بووە لەبەرئەوە بارودۆخی ئەمنی ئەوێ باشترە وەك لەپێشوو، لەڕابردوودا دروستبوونی نائارامی لەناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق هۆكاربوو بۆ ئەوەی خەڵك رووبكاتە شاری كەلارو ئەمەش ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی خانووبەرە لەناوچەكە».

سەبارەت بە بەرزی نرخی خانووبەرە لەقەزای كەلار بەقەزاكانی تر، موشیر عارف پسپۆڕی  ئابوری بە ڕۆژنامەی هاوڵاتی راگەیاند:» كەلار هەڵكەوتەی جوگرافیەكەی وایكردووە ببێتە شوێنێكی ستراتیجی گرنگ لەناوچەكەدا، رێگای نێوان پارێزگاكانی خوارووی عێراق بەهەرێمەوە دەبستێتەوە، بەم پێیەش ئێستا شوێنێكی بازرگانی گرنگە لەعێراقداو تادێت ژمارەی دانیشتوانی زیاددەكات و هەڵكەوتەكەی شوێنەكەی وایە توانای گەورەبوونی خێرای هەیە».

«لەگەڵ ئەوەشدا ئەم فراوانبوون و گەورەبوونە سودێكی ئەوتۆی بۆ هەمووان نەبووە چونكە دەرگای فراوان بۆ هەموو خەڵك نەكراوەتەوە تاخەڵك ئازادبێت لەوەبەرهێنانداو وەبەرهێنان كەمبووەو كەمتر رێگە دراوە خەڵكی ئاسایی سودی لێوەبگرێت، ئەگەر ئەمە لەدەستی شارەزادا بوایە، كەلار دەبوە گەورەترین شوێنی بازرگانی لەعێراقداو نرخی زەوی هەندێ كات وای لێدێت لەجیهاندا گرانتر دەبێت».

«گەورەبوونی ئەم شارە پێویستی بەكەسانێكی شارەزایە تابتوانرێت بكرێت بەناوەندێكی دیار لەجیهانداو  پێویستە وەبەرهێنان كاری لەسەربكرێت كەهەموو خەڵكێك سودی لێ ببینێت نەك كۆمەڵێك خەڵك، چونكە سەرەڕای زۆری یەكەكان بەڵام خەڵكێكی كەم توانیویەتی سودی لێ ببینێت چونكە نرخەكانیان گرانە»، موشیر عارف وای وت.

هەروەها هونەر مەحمود، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی گەرمیان دەڵێت:» لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا نزیكەی 10هەزار یەكەی نیشتەجێبوونمان دروستكردووە یان لەقۆناغی دروستكردندان، كە هەریەكە لەپیشەوران و مامۆستایان و فەرمانبەران و پارێزەران و هێزە ئەمنییەكان  سودیان لێوەردەگرن،  لەداهاتوشدا یەكەی دیكە دروستدەكرێت بۆ كەمدەرامەتان كەنزیكەی هەزارو 500یەكە دەبێت لەشێوەی شوقە دروستدەكرێت بۆ كەمدەرامەتان».

هونەر مەحمود بەهاوڵاتی راگەیاند:»ئەم یەكانە هەندێكیان تەواوبوونە و هەندێكی دیكەیان لەدروستكردندان و كاریان تێدادەكرێت، لەساڵی داهاتوودا دوو هەزار یەكە تەواو دەبێت و بەتەوابوونی هەموو یەكەكان رۆڵی باشی دەبێت لە كەمكردنەوەی كرێنشینیدا».

وتیشی: هەندێك خانوو یان ڤێلا هەیە لەنێو یەكەكانی نیشتەجێبووندا نرخەكەی تا 300 هەزار دۆلارو زیاتریش دەڕوات، چونكە ئەمە واریدە كەخانوویەك یان ڤێلایەك تایبەت بێت و نرخەكەی بەو شێوەیە بەرز بێت، بەهەمان شێوە پارچە زەوی هەیە كەبكرێت بەپرۆژەی بازرگانی لەناوەڕاستی كەلاردا نرخی 200 مەتری 2 ملیۆن دۆلار بێت ، هۆكارەكەشی ئەوەیە لەلایەن حكومەتەوە لەم چەندساڵەی رابردوودا زەوی دابەشنەكراوە، یان بەهۆی زۆری جوڵەی بازرگانی لەسنورەكەدا و بوونی ئیشوكاری بازرگانی وایكردووە نرخەكان بەو شێوەیە بێت».


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار