دهۆك؛ بنكە سەربازییەكانی توركیـا    رێگرن لەكاسپیی هاووڵاتیانی گوندەكان

لەسنووری شیلادزێ‌ نزیــكەی  92 گوند چۆڵ كراون

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی-دهۆك

ساڵانە لەوەرزی بەهاردا رنین و هێنانی گیا بەهارییەكان و فرۆشتنیان لەبازاڕدا  سەرچاوەیەكی دارایی بوو بۆ هاووڵاتیانی دەوروبەری قەزای ئامێدی لەپارێزگای دهۆك، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی زیادبوونی بنكە سەربازییەكانی توركیاو مەترسی بۆردومان و تۆپبارانی توركیا لەو سنورە خەڵك نەیتوانیوە روو لەچیاكانی ناوچەكە بكات بۆ هێنانی گیا بەهارە، خەڵكی ناوچەكەش خۆیان دەڵێن: دەرفەتی كار لەسنورەكەمان زۆر كەمە، هێنانی گیا بەهارییەكان ساڵانە سەرچاوەیەكی باش بوو بۆ ئێمە، بەڵام ئەمساڵ ئەوەشمان لێ قەدەغەكراوە.

سەعید عەبدوڵا خەڵكی ناحیەی (شیلادزێ)یە بۆ هاوڵاتی دواو وتی:"لەسنوری  قەزای ئامێدی زیاتر لە15جور گیای بەهارە هەن، سترك، چوورین، دوو جۆر كاردی، لیش، رێواس، قارچك، ترشۆك، هنگەدان، شێركێت و زۆر جۆری تر، ئەمساڵ خراپترین ساڵە بۆ ئەوانەی دەچنە رنینی گیای بەهارە چونكە بەهۆی زیادكردنی بنكەو بارەگاكانی سوپای توركیاو شەڕی بەردەوامی توركیا لەگەڵ پەكەكە دەتوانم بڵێم بێبەش بووین لەگیای بەهارە، پارساڵ تا ئەم كاتە زیاتر لە10جار سەردانی شاخ و دۆڵەكانی دەوروبەری شێلادزی و ئامێدی-مان دەكرد بۆ گیای بەهارە، بەلایەنی كەم هەریەكەو رۆژانە  40 بۆ 70هەزار دینار قازانجمان دەكرد ئەمساڵ ئەوە نەماوە، سوپای توركیا رێگانادات سەردانی هیچ شوێنێك بكەین كەئێمە بمانەوێت، لەلایەكی تریش دەترسین فرۆكە بۆردومانی ناوچەكە بكات و ببینە قوربانی".

وتیشی:"سەدان خێزان لەشیلادزێ و ئامێدی هەیە كەهیچ مووچەیەكیان نیەو دەرفەتی كاریان زۆر كەمە، ساڵانە چاوەڕێی ئەم وەرزە دەكەن تا لەڕێگای فرۆشتنی گیا بەهارییەكان بڕێك پارە بۆ خۆیان كۆبكەنەوە، بەڵام ئەمساڵ ئەوەشمان لێ قەدەغەكراوە، هەر ئەمەش وایكردووە ئەمساڵ گیای بەهارە لەبازاڕەكانی كوردستان رێژەكەی كەم بێت و نرخەكانیشیان گرانە بەراورد بەپارساڵ".

هاوكات رزگار عوبێد، بەڕێوەبەری ناحیەی شیلادزێ سەر بەقەزای ئامێدی بەهاوڵاتی راگەیاند:"بۆ سەلامەتی گیانی هاووڵاتیان چەند شوێنێك لەسنوری ناحیەی شیلادزێ و قەزای ئامێدی بەگشتی قەدەغەكراون خەڵك سەردانیان بكات، چونكە مەترسی بۆردومان و شەڕ هەیە لەنێوان هێزەكانی پەكەكەو توركیا، هەركەسێك بچێتە ئەو شوێنانە هێزە ئەمنییەكان رێگەیان پێنادەن ئەوەش تەنیا بۆ بەرژەوەندی ئەوانە، چونكە هیچ گرەنتی نیە هیچ كەسێك بچێتە ئەو شوێنانەو بەسەلامەتی بگەڕێتەوە".

"لەماوەی 10ساڵی رابوردوودا زیاتر لە 40 كەس لەسنوری قەزای ئامێدی بەهۆی بۆردومان و شەری توركیاو پەكەكە شەهیدكراون، هەموو كاتێك ئێمە ئامۆژگاری خەڵكی خۆمان دەكەین كە بەهیچ شێوەیەك بۆ 50 تا 100هەزار دینارێك گیانی خۆیان نەخەنە مەترسییەوە.

لەسنوری ناحیەی شیلادزێ 92 گوند هەن، بەشی زۆریان ناتوانن بگەڕێنەوە سەر گوندەكانیان بەهۆی شەڕی توركیا و پەكەكە، هەركەسێك ناوچەكەی ئێمە بەچاوی خۆی نەبینێت نازانێت دۆخەكەی چۆنە"رزگار عوبێد وای وت.

موحسین نەزیر، خەڵكی كۆمەڵگای سیرێی سەر بەناحیەی شیلادزێ-یە بەهاوڵاتی وت: " پارساڵ رۆژانە سەردانی شاخ و دوڵەكانی دەوروبەری خۆمان دەكرد بۆ گیای بەهارە بەلایەنی كەمی رۆژانە 50 بۆ 100 هەزار دینارمان دەستدەكەوت، بەڵام ئەمساڵ بەهیچ شێوەیەك نەچوومەتە چیاو شاخەكان و ئەوەش وایكردووە لەئێستادا هەندێك جۆری گیا زۆر كەم بێت لەبازاڕدا، ئەگەر هەشبێت هی ناوچەكانی دەشتاییە ئەویش تامەكەی وەكو ئەوەی چیا خۆش نیە رەنگە نرخیشی گرانتر بێت".


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار