پارتی چەپی سەوز: ئامانجمان بەدەستهێنانی دوو ملیۆن دەنگە لە ئەستەنبوڵ
2 ساڵ لەمەوپێش
هاووتەبێژی پارتی چەپی سەوز لە ئەستەنبوڵ رایگەیاند، کاروباری هەڵبژاردن لە ئەستەنبوڵ بەردەوامە و ئامانجیانە دوو ملیۆن دەنگ لەو پارێزگایە بەدەست بهێنن.
مەولود ئوستابش هاووتەبێژی پارتی چەپی سەوز بۆ میدیاکانی نزیک لە پارتەکەی قسەی کرد و وتی، " پارتەکەمان لە ئەستەنبوڵ و ناوچەکانی کە ١٦ ملیۆن کەس تێیدا دەژین، ٢٥٠ ناوەندی هەڵبژاردنی کردووەتەوە و پلانی هەیە لە ١٩١٧ قۆتابخانەدا، ٦٢ هەزار و ٥٠٠ چاودێر، چوار هەزار کارمەندی سەر سندوقەکان و دوو هەزار پارێزەر دابنێت."
ئوستاباش باسی ئەوەی کرد کە ساڵێکە ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن دەکەن، بەڵام دوای ئەوەی هەدەپە بڕیاریدا لە رێگەی پارتی چەپی سەوزەوە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکات، کاروبارەکانیان خێرا کردووە و لەنێو خەڵکدا کاروبارەکانیان بەباشی بەڕێوە دەچن.
مەولود ئوستابش هاووتەبێژی پارتی چەپی سەوز دەشڵێت، ئەمڕۆ پێویستە هەموو هێزی خۆیان بۆ ئەم هەڵبژاردنە بەکار بهێنن و کۆتایی بە دەسەڵاتی تاکڕەوی ئاکەپە و مەهەپە بهێنن.
باسی ئەوەشی کرد کە پارتەکەی پلانی هەدەپە لەسەدا ٢٠ی دەنگەکانی ئەستەنبوڵ بەدەست بهێنێت کە دەکاتە ملیۆنێک نیو بۆ دوو ملیۆن دەنگ.
٣٤ رۆژ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی تورکیا ماوە و لایەنە سیاسیەکان لیستی کاندیدەکانیان رادەستی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن کردووە. بەرپرسانی هەدەپە رایدەگەیەنن کە ئامانجیان ئەوەی لانیکەم ١٠٠ کورسی پەرلەمان بەدەست بهێنن.