بەهای 100 دۆلار دەبێتە 138 هەزار دینار

2 ساڵ لەمەوپێش



سەركۆ جەمال

تادێت بەهای دینار بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی بەرزدەبێتەوەو وتەبێژی بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی ئەوە دووپاتدەكاتەوە  كەپاش پەسەندكردنی پڕۆژە بودجەی عێراق بەهای 100 دۆلار دەبێتە 138 هەزار دینار

دوای ئەوەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەمانگی كانونی دووەمی 2023 بڕیاریدا بەهای دینار بەرزبكاتەوە بەرامبەر دۆلار كە بۆ هەر 100 دۆلارێك 130 هەزار دینار دیاریكراو بانكی ناوەندی بە 131 هەزار دینار دۆلار بفرۆشێتەوە.

بانكی ناوەندی عێراق زیاتر لەمانگێكە خستنەڕووی دۆلاری زیادكردووە كەڕۆژانە 200 ملیۆن دۆلاری دەخاتەڕوو، ئەمەش هۆكاری سەرەكی بووە بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دینار.

بانكی ناوەندی لەمانگی كانونی دووەمدا دوو ملیارو 25 ملیۆن دۆلاری خستەڕوو كە تێكڕای رۆژانە 92 ملیۆن دۆلار بووەو تێكڕای نرخی دۆلار بەرامبەر دینار بۆ هەر 100 دۆلارێك 162 هەزار دینار بووە.

 هەروەها لەمانگی شوباتدا كۆی خستنەڕووی دۆلار لەلایەن بانكی ناوەندییەوە دوو ملیارو 550 ملیۆن دۆلار بووەو تێكڕای خستنەڕوو  رۆژانە 135 ملیۆن دۆلار بووەو بەهای 100 دۆلار بەرامبەر دینار لەو مانگەدا 154 هەزار دینار بووە.

هەر بەپێی داتا فەرمییەكانی بانكی ناوەندی عێراق لەمانگی ئازاردا بانكی ناوەندی عێراق سێ ملیارو 910 ملیۆن دۆلاری خستووەتەڕوو كەتێكڕای رۆژانە 195 ملیۆن دۆلار بووەو بەهای 100 دۆلار بەرامبەر 151 هەزار دینار بووە.

هاوكات، لە یانزە رۆژی مانگی نیساندا كۆی خستنەڕووی بانكی ناوەندی یەك ملیارو 795 ملیۆن دۆلار بووەو تێكڕای خستنەڕووی رۆژانە 225  ملیۆن دۆلار بووەو بەهای 100 دۆلار بەرامبەر 145 هەزار دینار بووە.

بەرزترین بەهای دۆلار لەكۆتایی مانگی كانونی یەكەمی 2022 تۆمار كرا كە هەر سەد دۆلارێك گەیشتە 176 هەزار دینار.

وتەبێژی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لەسلێمانی ئاماژە بەوە دەدات كە دوو هۆكار وایكردووە بەهای 100 دۆلار بۆ 132 هەزار دانەبەزێت

جەبار گۆران، وتەبێژی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لەسلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»بەپێی پرەنسیپی بانكی ناوەندی بێت 100 دۆلار نایەتە سەر 132 هەزار دینار، چونكە خۆی نرخی خستنە بازاڕ 131 هەزارەو ئەوان بە 132 دەیدەنە بانكەكان، بۆجێگیربوونیش لە 132 هەزار دینار كەمێك زەحمەتە ئەویش لەبەر دوو هۆكار».

وتیشی:»یەكەم خزمەتگوزاری بانكی كە ماستەر كاردو بانك كارد دەدەنە هاووڵاتیان كە بەنرخی بانكی ناوەندییە ئەمەش عمولەی دەچێتە سەرو بەشێك لەخەڵك ئەو كارت بانكیانە بۆ بازرگانی بەكاردەهێنن، بۆیە پێشبینی دەكەم تا ماوەیەكی دیكە لە 140 تا 145 بەهای دینار بەرامبەر دۆلار یاری بكات».

« پرۆژەیاسای بودجەش هۆكارێكی ترە كەقەبارەكەی گەورەیەو نزیكەی 200 ترلیۆن دینارەو بەشێكی زۆری بۆ بودجەی بەكاربردنە، بەڵام رەنگە ئەم كورتهێنانە كەمبكرێتەوە ئەمەش وادەكات نرخی دۆلار بەرامبەر دینار كەمبكاتەوە». وتەبێژی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوی سلێمانی وادەڵێت.

جەبار گۆران، جەختی لەوەشكردەوە كە لەگەڵ پەسەندكردنی پڕۆژەی بودجەی 2023 زیاتر دادەبەزێت و ئەوكات سێ بۆ چوار هەزار دیناری دیكە بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بەرزدەبێتەوە.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار