سلێمانی؛ لەژێر ئابڵووقەی درۆنی توركیادا
سەردانی مەزڵوم عەبدی بۆ سلێمانی بەئاگاداریی ئەمریكاو عێراقو یەكێتی بووە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەمریكییەكان بەهانای مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات كەوتوون لە سلێمانی كە توركیا بەنیاز بووە لەرێگەی درۆنەوە تیرۆری بكات.
هێرشەكەی ڕۆژی هەینی حەوتی نیسانی 2023 كە بەدرۆن كرایە سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی، تائێستا لێكۆڵینەوەی لەبارەوە دەكرێت، بەتایبەت كە پەنجەی گومان بۆ توركیا درێژكراوە و ڕووداوەكەش ناكۆكی ناوخۆیی نێوان پارتی و یەكێتی زیاتركرد.
ڕووداوەكە هیچ زیانێكی بە هەسەدە و ئەمریكیەكان نەگەیاند، سەرەتا هەسەدە ڕەتیكردەوە مەزڵوم كۆبانی فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات لەسلێمانی بووبێت، بەڵام دواتر لەڕاگەیەندراوێكدا فەرهاد شامی وتەبێژی هێزەكانی سوریای دیموكرات ڕایگەیاند فەرماندە مەزڵوم كۆبانی لەوكاتەدا لەسلێمانی بووە و تا بەسەلامەتی نەگەیشتووەتەوە ڕۆژئاوای كوردستان نەیانویستووە ئاشكرای بكەن.
ڕووداوەكە لەمیدیای ناوخۆیی و جیهانی كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا، زانیاری جیاوازی لەسەر بڵاوكرایەوە، بەتایبەت كە هەفتەیەك پێش ئەو ڕووداوە توركیا گەشتەكانی بەڕووی فڕۆكەخانەی سلێمانیدا بەپاساوی چالاكبوونی پەكەكە لەناوچەكە داخست.
هێشتا لایەنە فەرمیییە ئەمنییەكانی هەرێم توركیا بە ئەنجامدانی هێرشەكە تۆمەتبار ناكات، هێرشەكە لەلایەن توركیاوە ئەنجامدراوە و پێش وەختە توركیا ئاگاداری چوونە دەرەوەی مەزڵوم عەبدی بووە لەفڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و بەوردی چاودێرییان كردووە، بەپێی زانیاریەكان بەهۆی گەورەیی ئۆپەراسیۆنەكە لەلایەن دەزگای هەواڵگری توركیا(میت) ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا ئاگاداركراوەتەوە و لەنزیكەوە چاودێری دۆخەكەی كردووە.
بەپێی بەدواداچوونی هاوڵاتی، توركیا سەرەتا دڵنیا نەبووە لەو وەفدەی كە هاوڕێیەتی مەزڵوم عەبدییان كردووە، بەڵام دڵنیا بووە كە مەزڵوم عەبدی تێدایە و بڕیاری تیرۆركردنیان داوە، بەڵام پاش ئەوەی زانیویانە وەفدێكی سەربازی ئەمریكی لەگەڵیدان ئامانجەكەیان گۆڕیوە و لەبری بەئامانج گرتنی وەفدەكە و فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات، لەشوێنێكی چۆڵەوانی فڕۆكەخانەی سلێمانییان داوە.
ئەو وەفدەی عێراق كە دوای هێرشەكە هاتنە سلێمانی و قاسم ئەعرەجی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق سەرپەرشتی دەكرد دڵنیابوونەتەوە لەوەی هێرشەكە توركیا ئەنجامیداوە، بەڵام هێشتا هیچ بەڵگەیەكیان دەست نەكەوتووە، هەرچەندە میدیاكانی توركیا وا باسی هێرشەكە دەكەن كە هەواڵگری وڵاتەكە ئەنجامیداوە.
دوای ڕووداوەكە ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریكی لەزاری وتەبێژی فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانان ئەوەی ئاشكراكرد كە سێ بەرپرسی ئەمریكی هاوڕێیەتی مەزڵوم عەبدییان كردووە.
هەر دوای هێرشەكە جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند» ئەم دۆخە ترسناكە لە ئەنجامی داگیركردنی دامودەزگاكانی حكومەت و بەكارهێنانیان بوو بۆ كاری نایاسایی هاتۆتە ئاراوە و رەفتاری دەسەڵاتێكی خۆسەپێنی حزبی لە سنووری سلێمانی كاری گەیاندە ئەوەی ئاسمانی توركیا بەڕووی فڕوكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دابخرێت و دواتر پەلامار بدرێت».
ئەم لێدوانە بەرپرسانی یەكێتی لەحكومەت و حزب نیگەران كرد، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەپەیامێكدا ڕایگەیاند:» بە توندی ئیدانەی هێرشكردنە سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەكەین، بە ئامانج گرتنی فرۆكەخانەیەكی مەدەنی نەك تەنها بەزاندنی سیادەی عیراقە، بەڵكو تەسعیدێكی مەترسیدارە بۆ سەر گیانی هاوڵاتیانی كوردستان».
هەروەها راشیگەیاند:» جوتیار عادل ووتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان نییە و تەنها نوێنەرایەتی حزبێك دەكات لە ناو حكومەتدا و بە هیچ شێوەیەك بۆی نیە بە ناوی هەموو حكومەتەوە قسە بكات».
دوای یەكەم سەردانی وەفدێكی باڵای عێراق بەسەرۆكایەتی قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق، ڕۆژی 10-4-2023 وەفدێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق هاتنە سلێمانی.
عەباس زاملی، سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عیراق لەسلێمانییەوە رایگەیاند: سەردانی سلێمانیان كردوە بۆ لێكۆڵینەوە لە هێرشەكەی سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و بەشێوەیەكی مەیدانی چوینەتە شوێنی بۆردومانەكە و راپۆرتی خۆمان لە رێگەی سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران دەكەین.
هەرێم كەمال ئاغا، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق و ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: « ئەو هێرشانەی ڕوویانداوە جێگای قبوڵكردن نیە، هەموو ئەو ڕێگایانە دەگرینە بەر بۆ ئەوەی ئەم هێرشانە كە لەسەر هەولێرو دهۆك و سلێمانی هەیە ڕابگیرێن، بەدڵنیاییەوە حكومەتی عێراقیش هەندێ ڕێكاری خۆی هەیە بۆ ئەوەی بەرامبەر ئەو وڵاتە بیگرێتە بەر».
پێشتر فیلیپ ڤێنتورا، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا بە ئاژانسی نۆڕس پرێسی ڕاگەیاندووە: پێنتاگۆن دژی هەر رێوشوێنێكە كە هەڕەشە لە ئاسایش و سەلامەتی هێزەكانی ئەمریكا بكات، هاوكات پشتیوانی واشنتنی بۆ هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) دووپاتكردەوە.
پێشتر فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا لەبارەی هێرشەكەی سلێمانی ڕایگەیاندبوو، ئەو كاروانەی بەئامانجگیرا ئەمریكاییەكانی تێدا بووە، بەڵام هیچ زیانێكیان پێنەگەیشتووە.
هەر لەبارەی هێرشەكەوە مەزڵووم كۆبانێ فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات هەسەدە بەئاژانسەكەی ڕاگەیاندووە:»لەگەڵ وەفدێكی سەربازی هێزەكانی سووریای دیموكرات و هێزێكی ئەمریكایی و دژەتیرۆری سلێمانی لە فڕۆكەخانەی سلێمانی بوون، كاتێك هێرشكراوەتەسەر فڕۆكەخانەكە».
ئاماژەی بەئەوەشكردووە:»ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشمان لەگەڵ دەزگاكانی دژە تیرۆر لە عێراق و هەرێمی كوردستان هەیە، بە ئاگاداری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، كە هەمیشە ئەنجامێكی باش بەدەستهاتووە لە بەرژەوەندی سەقامگیری هەردوو لایەنی عێراق و سووریا».
ئاژانسی ڕۆیتەرز لەزاری سەرچاوەیەكی باڵای وەزارەتی بەرگری توركیا ئەوەی ئاشكراكردووە كە وڵاتەكەی هیچ ئۆپەراسیۆنێكی سەربازییان لەو ڕۆژەدا لەسلێمانی ئەنجام نەداوە، ئەویش بەو واتایەی توركیا نایەوێت بەرپرسیارێتی ئەو هێرشە لەئەستۆ بگرێت، لەكاتێكدا پێش 24 كاتژمێر لەهێرشەكە ئیبراهیم كاڵن وتەبێژی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا ڕایگەیاند داخستنی ئاسمان بەڕووی فڕۆكەخانەی سلێمانی هەنگاوی دیكەی بەدوادادێت.