ئێران بە ناوی هاوکاریی لێقەوماوانی بومەلەرزەوە چەکی رەوانەی سوریا کردوە
رۆیتەرز: دوای بومەلەرزەکە فەرماندەیەکی باڵای سەربازیی ئێران چوەتە سوریا
فڕۆکەیەکی ئێران بۆ گواستنەوەی هاوکارییەکان بۆ سوریا
2 ساڵ لەمەوپێش
ئاژانسی هەواڵی (رۆیتەرز) بڵاوی کردوەتەوە؛ کۆماری ئیسلامی ئێران لە رێگەی فڕۆکەکانی وڵاتەکەیەوە لە چوارچێوەی هاوکاریی لێقەوماوانی بومەلەرزەکەی شەشی شوبات، چەک و کەرەستەی سەربازیی رەوانەی سوریا کردوە.
رۆیتەرز ئەو زانیارییانەی لە زاری نۆ سەرچاوە لە سوریا و ئیسرائیل و ئێران و وڵاتانی رۆژئاوا بڵاو کردوەتەوە و ئاماژەی بەوە کردوە ئامانجی ئێران بەهێزکردنی توانای بەرگرییەکەی خۆی و رژێمی سوریا بوە لە دژی هێرشەکانی ئیسرائیل.
بە پێی راپۆرتێک لە 50 رۆژدا دەیان فڕۆکەی تایبەت بە گەیاندنی فریاگوزاری و هاوکارییەکان بۆ لێقەوماوانی بومەلەرزەکەی سوریا لە لایەن ئێرانەوە بۆ گواستنەوەی چەک بەکار هێنراوە و زۆربەی ئەو فڕۆکانەش چونەتە لازقیە و حەمما و دیمەشق لەو وڵاتە.
ئێران لەو ماوەیەدا سیستمی قەڵغانی دژە موشەکی و کەرەستەی سەربازیی رادەستی رژێمی سوریا کردوە و ئەوەش هۆکاری زۆربونی هێرشەکانی ئیسرائیل بوە لە سوریا.
رۆیتەرز ئاشکرای کردوە کە تەنها چەند رۆژێک دوای بومەلەرزەکەی شەشی شوبات کە تورکیا و سوریا گرتوەتەوە، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس سەر بە سوپای پاسداران خۆی گەیاندوەتەوە سوریا.
لە ماوەی رابردودا هێرشەکانی ئێسرائیل بۆسەر چەکدارانی سەر بە ئێران لە سوریا زیادی کردوە و لە بەرامبەردا تاران رایگەیاندوە بە توندی وەڵامی هێرشەکان دەدەنەوە و تۆڵەی کوژراوەکانی سوپای پاسداران دەکەنەوە.