گەرمترین بانگەشەی هەڵبژاردن لەتوركیا دەستیپێكرد، كوردو چەپەكان هەوڵ بۆ ١٠٠ كورسی دەدەن
راپرسییەكان باس لەشكستی ئەردۆغان دەكەن لەڕكابەری بۆ سەرۆكایەتیی توركیا
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
مانگێك بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی و سەرۆكایەتی توركیا ماوە، پارتە سیاسییەكانی ئەو وڵاتەو باكوری كوردستان بەرەكانیان یەكلایی كردەوەو ناوی كاندیدەكانیان رادەستی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان كرد.
بەپێی فۆرمی دەنگدانی پەرلەمانی كە لەلایەن كۆمسیۆنەوە بەفەرمی ئاشكراكرا، ٢٦ پارتی سیاسی بەشداری لەهەڵبژاردنەكاندا دەكەن كەبەشێك لەپارتەكان بەشێوەی هاوپەیمانی و ١٣ پارتیش بەسەربەخۆ بەشدار دەبن.
بەگشتی پێنج هاوپەیمانی پێكهێنراون كەئەوانیش، « هاوپەیمانی كۆمار ئاكپارتی و مەهەپە، هاوپەیمانی گەل، هاوپەیمانی رەنج و ئازادی (هەدەپە و پێنج پارتی چەپ)، هاوپەیمانی هێزە یەكگرتووەكانی سۆسیالیستی، هاوپەیمانی ئاتا».
هاوپەیمانی رەنج و ئازادی لەفۆرمی دەنگداندا بەشێوەیەكی هاوپەیمانی و لەڕێگەی دوو پارتەوە بەشداری لەهەڵبژاردنەكاندا دەكات، كەپارتێكیان پارتی كرێكارانی توركیایەو ئەوەی دیكەیان پارتی چەپی سەوزە كەهەدەپەو چوار پارتی چەپی دیكە لەڕێگەی ئەو پارتەوە بەشداری دەكەن.
لە ٥٦ پەرلەمانتاری خولی پێشووی پەرلەماندا، ٢٣ پەرلەمانتاری هەدەپە جارێكی دیكە لەسەر لیستی پارتی چەپی سەوز خۆیان كاندید كردووەتەوەو ناوی نوێش لەلیستەكەدا دەبینرێن كەگرنگترینیان جەنگیز چاندار نووسەر، رۆژنامەنووس و ئەكادیمی توركیاو حەسەن جەمال نووسەرو رۆژنامەنووسی بەناوبانگی ئەو وڵاتەن، هەروەها سری سورەیا ئوندەر و سری ساكیك كەپێشووتر پەرلەمانتار بوون، خۆیان كاندید كردووەتەوە.
پەروین بوڵدان هاوسەرۆكی هەدەپە لەشاری وان و میدحەت سانجار هاوسەرۆكی هەدەپەش لەشاری روحا لەسەر لیستی پارتی چەپی سەوز خۆیان كاندید كردووە، هەروەها دوو كاندیدی بەناوبانگی دیكەی پارتی چەپ نەورۆز ئۆیسال یەكێك لەپارێزەرانی عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری پەكەكەو زانا فارقینی زمانزانی بەناوبانگی باكوری كوردستانن.
پارتی چەپی سەوز لەئێستادا لەهەموو شارەكانی باكوری كوردستان و زۆربەی شارەكانی توركیا ناوەندی هەڵبژاردنی كردووەتەوەو چاودێری داناوەو بەرپرسانی پارتەكە رایدەگەیەنن كەئامانجیانە لەم هەڵبژاردنەدا زیاتر لە ١٠٠ كورسی پەرلەمان بەدەستبهێنن، بەڵام لەسەر سكاڵای پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە)، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان رێگەی نەداوە، چاودێری لەناوەندەكانی دەنگدان لەدەرەوەی وڵات هەبێت كەئەوەش بەپێچەوانەی یاسای هەڵبژاردنەكان و پارتە سیاسییەكانی توركیایە.
پێویستە ئەردۆغان بڕوات
پەروین بوڵدان، هاوسەرۆكی هەدەپە لەدوایین سەردانی جەماوەریدا لەئیستانبوڵ بۆ لایەنگرانی قسەی كردو وتی: « لەم وڵاتەدا دان بەناسنامەی كورددا نانرێت، ٢١ ساڵە دەسەڵات بەهەمان عەقڵیەتەوە دەجووڵێتەوە، بینیمان كە لەهەڵبژاردنەكاندا گەلەكەمانیان رووبەڕووی كارەسات كردەوە، بەڵام ئەم وڵاتە ئەو كەسانە لەبیر ناكات كەوڵات و گەلیان پشتگوێخستووەو لە ١٤ی ئایاردا گەورەترین وانەیان فێر دەكەن».
بوڵدان باسی ئەوەشی كرد كەدەتوانن هەدەپە دابخەن، بەڵام دواتر بەشێوەیەكی بەهێزتر دێنەوە بۆ گۆڕەپانەكەو وتیشی:» پێویستە ئەردۆغان بڕوات، لەئیستانبوڵ كۆبوونەوەیەكی گەورەی جەماوەری ئەنجامدەدەین، لەوێ ناوێك ئاشكردەكەین كە بۆ پۆستی سەرۆكایەتی دەنگی پێدەدەین».
سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) كەنزیكەی حەوت ساڵە لەزینداندایەو بەشێوەیەكی زۆر كاریگەر بەشداری لەبانگەشەی هەڵبژاردندا كردووەو لەزیندانەوە بەتویتەكانی لەمیدیاكاندا باس دەكرێت، لەدوایین پەیامیدا رایگەیاند: « هاوڕێ گەنجەكەم كەهیوات بەژیان نەماوەو پارەی چوونە كافێت پێنییە، كلیلی گۆڕانكاری لای تۆیەو لە ١٤ی ئایاردا كلیلەكەی بەكاربهێنەو تكایە دەست بەگۆڕانكاری بكە، ئەم هەڵبژاردنە دەبێتە هەڵبژاردنی تۆ».
پارتی باش بەتەنیاو جەهەپەو پێنج پارتی دیكە لەچوارچێوەی هاوپەیمانی گەلدا بەشداری لەهەڵبژاردنەكاندا دەكەن.
شەش لایەنی ئۆپۆزسیۆن كە لەچوارچێوەی هاوپەیمانی گەلدا لەهەڵبژاردنەكاندا پێشبڕكێ دەكەن بەدوو پارت بەشدار دەبن كەئەوانیش پارتی باش و پارتی گەلی كۆمارییە.
بەپێی رێككەوتنی هەڵبژاردنەكان، پارتی پێشكەوتن و ئازادی (دەڤا) بەسەرۆكایەتی عەلی باباجان، پارتی سەعادەت بەسەرۆكایەتی تەمەل كارامولائۆغلۆ، پارتی ئاییندە بەسەرۆكایەتی ئەحمەد داودئۆغلۆ، پارتی دیموكرات بەسەرۆكایەتی گولتەكین ئویسال بەناوی پارتی گەلی كۆماریەوە بەشداری لەهەڵبژاردنەكاندا دەكەن و جەهەپە نزیكەی ٢٠ پەرلەمانتاری بەو چوار پارتە داوە.
لەلایەكی دیكەوە پارتی باش بەسەرۆكایەتی مەراڵ ئاكشەنەر كەدەنگێكی بەرچاوی هەیە بەناوی پارتەكەی خۆیەوە بەشداری لەهەڵبژاردنەكاندا دەكات، جگە لە ١٣ پارێزگا كە لەو پارێزگایانەدا لەگەڵ جەهەپە هاوكاری كاندیدەكانی یەكدی دەكەن.
پارتەكانی ناو هاوپەیمانی گەل بانگەشەیەكی چڕیان لەدژی هاوپەیمانی كۆمار بەسەرۆكایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان دەستپێكردووەو ئاماژە بەوەدەكەن كەئاكەپەو مەهەپە ناتوانن زۆرینەی كورسیەكانی پەرلەمان بەدەستبهێنن و كۆتایی بەسەرۆكایەتی ئەردۆغانیش دەهێنن.
كەمال كلچدارئۆغلۆ سەرۆكی جەهەپەو كاندیدی هاوبەشی بەرەی ئۆپۆزسیۆن كە لەبانگەشەكانیدا وتی: «هەموومان تینوی دادپەروەرین، لایەنگری سكاڵاكردن نیم، بەڵكو لایەنگری چارەسەریم، ئێستا كێشە هەیە یان نا؟ بەڵێ هەیە. پێویستە چارەسەربكرێت! باشە بەچی چارەسەر دەكرێت؟ بەزانستو عەقڵ چارەسەر دەكرێت كەخوداوەند پێی بەخشیوین، واتە پێكەوە چارەسەریان دەكەین پێكەوە دەبین، بەجوانی كۆدەبینەوەو كێشەكان چارەسەر دەكەین.
كلچدارئۆغلۆ دەشڵێت: «پێویستە هەوڵی ئارامی جیهانی ئیسلامی بدەین، ئامانجێكمان هەیە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست قەدەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەموو كاتێك خوێن و ئێش و ئازار بووە. بۆچی؟ چونكە سامانێكی زۆری هەیە، بەڵام سامانەكە بووەتە كارەسات، پێویستە ئەمە چارەسەر بكرێت.، كاتێك ئاشتی سەروەر ببێت، زۆر كێشە هەیە كەچارەسەر دەبێت».
پارتی سەربەخۆی توركیا كە بەتەنیا بەشداری لەهەڵبژاردنەكاندا كردووە، رایگەیاند كە لەهەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانیدا پشتگیری لە كەمال كلچدارئۆغلۆ دەكات.
ئاكەپە ٦٥٪ گۆڕانكاری لەپێكهاتەی پەرلەماندا كردووە
پارتی دادو گەشەپێدان (ئاكەپە) و هاوپەیمانەكانیشی لەچوارچێوەی هاوپەیمانی كۆماردا بەشداری لەهەڵبژاردندا دەكەن، بەڵام جگە لە هۆدا پار كەپارتێكی ئیسلامی كوردیەو لەگەڵ هەدەپەدا ناكۆكیەكی زۆری هەیە، هەموو پارتەكانی ناو هاوپەیمانێتیەكە بە لۆگۆی خۆیان بەشدارییان لەهەڵبژاردندا كردووە.
ئاكەپە كە ٦٥٪ی پێكهاتەی فراكسیۆنی خۆی لەپەرلەماندا گۆڕیوە بەڵێنی داوە چوار پەرلەمانتار بە هۆدا پار بدات، لایەنەكانی ناو هاوپەیمانی كۆمار بەتایبەتی ئەردۆغان و ئاكەپە، لەبانگەشەی هەڵبژاردنەكاندا، پرسی پەكەكە لەدژی لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن بەكاردەهێنن و جەهەپەو هاوپەیمانەكانی بەوە تۆمەتباردەكەن كە بەپشتگیری هەدەپە كەفەرمان لەقەندیل وەردەگرێت ركابەرایەتی توركیا دەكەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نزیكەی ٩٠٪ی راپرسییەكان باس لەشكستی ئەردۆغان و بەرەی دەسەڵات دەكەن لەهەڵبژاردندا.
لەچەند رۆژی رابردوودا، ژمارەیەك راپرسی لەبارەی ژمارەی دەنگدەران و دەنگی پارتە سیاسییەكان و كاندیدەكانی سەرۆكایەتی ئەنجامدراون.
لەم چوارچێوەیەدا كۆمپانیای میترۆپۆل كە تایبەتە بەڕاپرسی و لێكۆڵینەوە لەڕاپرسیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە كە ٩٥٪ی دەنگدەرانی توركیا ئامادەن بەشداری لەهەڵبژاردنەكاندا بكەن و نوێنەرانی خۆیان هەڵبژێرن.
كۆمپانیای یۆنەیلەم كە لەهەمان بواردا كاردەكات راپرسیەكی ئەنجامداوەو لەڕاپرسیەكەدا دەردەكەوێت كە لەخولی یەكەمی هەڵبژاردنەكاندا هیچ كام لەكاندیدەكانی سەرۆكایەتی ناتوانن ٥١٪ی دەنگەكان بەدەستبهێنن و ئەنجامی راپرسیەكە بەم شێوەیەیە:
كەمال كلچدارئۆغلۆ (ئۆپۆزسیۆن) ٤٦.١٪، رەجەب تەیب ئەردۆغان (دەسەڵات) ٤١.٦٪، موحەڕەم ئینجە (پارتی مەملەكەت) ٩.١٪ و سینان ئۆغان (هاوپەیمانی ئاتا) ٢٠٩٪.
بەپێی راپرسی كۆمپانیای یۆنەیلەم لەخولی دووەمی هەڵبژاردنەكاندا كە بەتەنیا كلچدارئۆغلۆو ئەردۆغان دەمێننەوە، كلچدارئۆغلۆ بەبەدەستهێنانی ٥٥.١٪ی دەنگەكان، بەرامبەر ٤١.٩٪ی دەنگەكان شكست بەئەردۆغان دەهێنێت.
بەڵام وەك پارتی سیاسی پارتی دادو گەشەپێدان (ئاكەپە) بەبەدەستهێنانی نزیكەی ٣٥٪ی دەنگەكان پارتی یەكەم دەبێت لەتوركیا، بەڵام هاوپەیمانە سەرەكیەكەی كەپارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرستە ناتوانێت بەندی ٧٪ی هەڵبژاردنەكان تێپەڕێنێت.
هەرچی جەهەپەیە دەنگەكانی زیاترە لە ٢٧٪و پارتی چەپی سەوزیش (هەدەپە) زیاتر لە ٩٪ی دەنگەكان بەدەستدەهێنێت.