دەمیرتاش لە دادگا: جیهان بۆ سوڵتان سلێمان مایەوە تا بۆ تەیب ئەردۆغان بمێنێتەوە؟

یەک ساڵ لەمەوپێش



٢٤مین دانیشتنی دۆسیەی کۆبانێ لە کەمپی زیندانی سنجانی تورکیا بەڕێوەچوو. هاوسەرۆکانی گشتیی پێشووی هەدەپە سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ و ئەندامانی پێشووی دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندیی هەدەپە، بەگشتیی ١٠٨ سیاسەتمەدار کە ١٧یان زیندانین بەهۆی ئەو دۆسیەوە دادگایی دەکرێن.

دۆسیەکە بە بانگەشەی ئەوە کراوەتەوە کە ئەو سیاسەتمەدارانە فەرمانیان کردووە بە خۆپیشاندانەکانی مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤ لە پێناو کۆبانێ. دانیشتنەکان لەلایەن ٢٢هەمین دادگای سزاقورسەکانی ئەنقەرەوە بەڕێوەدەچێت.

سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی گشتیی پێشووی هەدەپە لە دانیشتنەکەدا قسەی کرد و سەبارەت بەو بەڵگانەی لە دۆسیەکە زیادکراون، بەرگریی لە خۆی کرد.

دەمیرتاش ئەوەی خستەڕوو کە لەبارەی بانگەشەکان لە دژی ئایهان بیلگەن پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە بڕیاری راگرتنی بەدواداچوون دراوە و سەرۆکی دادگاش وتی، "بڕیاری راگرتنی بەدواداچوون بۆ من بەڵگە نییە". دەمیرتاش ئەوەی خستەڕوو کە بڕیاری راگرتنی بەدواداچوون وەک بەڵگە لە دۆسیەکە زیاد کراوە. ئەو بەڵگەنامانەی هاتوون ئێمە قبوڵیان ناکەین. تائێستا لێپرسینەوە لە ئێمە نەکراوە. لە دانیشتنی پێشوودا ئێوە بڕیارتان لەسەر ئامادەکردنی داواکاری نامەکەداوە. بەڵام ئێمە سوورین لەسەر داواکارییەکەمان لەبارەی لێپرسینەوە. بەرلەوەی لێپرسینەوەمان بکرێت، داواکارینامە ئامادەبکرێت ئەمە نایاساییە و کەموکوڕییە. بۆچی بە بێ رەزامەندی ئێمە داواکاریینامە ئامادەبکرێت و بخوێندرێتەوە؟ چۆن دەتوانین ئەمە شرۆڤە بکەین؟".

دەمیرتاش ئەوەی خستەڕوو کە داواکارینامەی دۆسیەکە لەپێناو هەڵبژاردندا ئامادەکراوە و بەم جۆرە دوا: "هەڵبژاردن لە ١٤ی ئایاردا بەڕێوەدەچێت. هەم دۆسیەی داخستنی هەدەپە و هەم دۆسیەی پیلانگێریی کۆبانێ بە گوێرەی هەڵبژاردن دیاریکراون. ئەردۆغان لە کۆبوونەوەی فڕاکسیۆنەکەیدا بەم جۆرە دەڵێت 'ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی وتی تاوانی دەمیرتاش چییە؟ بەرپرسیارێتی من بەرامبەر بە گەلەکەم زۆر گەورەیە و ١٤ی ئایار لەو بارەوە گرنگیەکی زۆری هەیە'. بەڕێوەبەرییەکی فاشیست لە بەرامبەرماندایە. بەشێوەکی ئاشکرا دەست لە کاروباری دادگا وەردەدات و بە کردەوەش ئەمەی نیشانداوە.

دەمیرتاش وتیشی: "چاوەڕێی رۆژی هەڵبژاردنین. ئاخۆ جیهان بۆ سوڵتان سلێمان مایەوە تا بۆ تەیب ئەردۆغان بمێنێتەوە؟ بەڵێنتان پێدەدەین لە سەر کورسی تۆمەتباران دادەنیشن. سکاڵای خۆم لەتۆمارەکەدا دەنوسمەوە.ئەوەی ئێمە خستە ئێرە و زیندانی کردین، تاوانی کردووە. ئێوە دیکتاتۆریتان ساز کرد. ئێوە دەستوەردانتان لە راپرسی و هەڵبژاردنەکاندا کرد. ئێوەی بەشداریتان لە کودەتای سیاسیدا کرد و گەلتان پەرێشان کرد. ئەوەی دەبێت بیکەن ئەوەیە کە دەبێت وەک دادوەر بجوڵێنەوە. ٣٣ رۆژی ماوە بۆ هەڵبژاردن. ئێمە لەدژی ئەوەی کە ئێوە لەسەر ئەو کورسیەوە دەستوەردان لە هەڵبژاردن بکەن بێدەنگ نابین. ئێوە پیلانگێڕن. بەڵگەی ساختەتان خستووەتە دۆسیەکەوە."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار