لەڕەمەزاندا خۆراكی ساختەو ماوەبەسەرچوو بازاڕەكانی هەرێمی تەنیوە

2 ساڵ لەمەوپێش



شەنای فاتح

مانگی رەمەزان خواستی هاووڵاتیانی  لەسەر خۆراک زیاد كردو بەو هۆیەشەوە هەڵمەتی لیژنەکانی قایمقامیەت بۆ دەستبەسەرداگرتنی کاڵاو خۆراکی ساختەو ماوەبەسەرچوو لەشارەكانی هەرێمی كوردستان چڕتر بووەتەوەو لەمانگی رابردوودا ٥٧ شوێن لەسلێمانی داخراوەو لەهەولێریش 100 تۆن خۆراكی ساختەو ماوەبەسەرچوو دەستیان بەسەرداگیراوە.

 سۆران عەبدولغەفور، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: « رۆژانە دەست دەگیرێت بەسەر مەوادو کاڵای ماوەبەسەرچووداو لیژنەکان راپۆرتی خۆیان ئامادە دەکەن و رۆژی داهاتوو دێتەوە بەردەستی ئێمە.»

وتیشی:» ئەو شوێنانەی کەگرانفرۆشی دەکەن بەتایبەتی لەمانگی رەمەزاندا بڕیاری تایبەتمان هەیەو شوێنەكە دادەخەین، ئەو مەوادانەشی دەستیان بەسەرداگیراوە هەمەچەشنن وەکو برنج و زەیت و شیرو ماست و مەوادی بۆندار وەک تایت و سابوون و چەندەها بابەتی دیکە:.

هیوا ساڵح، نوێنهری بهڕێوهبهرایهتی تهندروستی لهلیژنه هاوبهشهكانی قایمقامیهتی سلێمانی لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: «چەند کۆگایەک کۆمەڵیک خۆراکیان خستووەتە بازاڕەوەو دەستمان بەسەرداگرتووە کەجۆرەها خواردنی ساختەو ماوە بەسەرچوو بوون  لەشەربەت و ماست وخورماو گۆشتی حەیوانی بێ مۆرو چەندین بابەتی دیکە. «

نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: «لەسەرەتای مانگی رەمەزانەوە تائێستا زیاتر لە١٠٠ تۆن خۆراک کەپێکهاتبوون لەخورماو گۆشت و جەرگی قەدەغەکراوو تەمەرهیندی دەستی بەسەرداگیراوە  لەبازگەکان و کۆگاکانی ناوشاردا  کەهەوڵدەدرا بهێندرێتە ناوشار، هەروەها لەماوەی بیست رۆژی رەمەزاندا نۆ کەس دراونەتە دادگاو زیاتر لە ٢٠ شوێن داخراون بەهۆی پابەندنەبوونیان بەڕێنماییە تەندروستی و کارگێڕییەکان».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار