ئەمساڵ یادی 35 ساڵەی ئەنفال لەهەولێر ئەنجامدەدرێت
كەسوكاری قوربانیانی ئەنفال: كەسوكاری جاش و موستەشارەكان لەكوردستاندا كراونەتە بەرپرس
2 ساڵ لەمەوپێش
نیگار عومەر
لەئەمساڵدا یادی 35 ساڵەی شاڵاوی ئەنفال لەهەولێر ئەنجامدەدرێت و كەسوكاری قوربانیانی ئەنفال ئەوە دووپاتدەكەنەوە كەحكومەت جاش و موستەشارەكان و كەسوكاریان دادەمەزرێنن و دەیانكەنە بەرپرس.
شاڵاوی ئەنفال 35 ساڵ و لە 14ی نیسانی 1987 دەستیپێكردو لەگەرمیان و چەندین ناوچەی دیكەدا سەدان هەزار كەس لەژن و منداڵ و پیاوو گەنج بەزیندوویی خرانە ژێر گڵەوە.
بەپێی ئاماری فەرمی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكومەتی هەرێم 182 هەزار كەس لەهەرێمی كوردستاندا ئەنفالكراون.
لەگەرمیان و لەقەزای چەمچەماڵ و ناحیەی رزگاری مەزاری ئەنفالكراوان بوونی هەیە.
لەناحیەی رزگاری لەگوندی دێبنە بڕیارە بەڕێوەبەرایەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان یادەكە بەشێوەیەكی ئاسایی بكرێتەوەو وەزیری شەهیدان و ئەنفالكراوان تێیدا بەشدار نابن.
جەبار عومەر بەڕێوەبەری گشتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی گەرمیان، بەهاوڵاتی وت:» بڕیارمان داوە یادەكە لەسنوری گەرمیاندا بكرێتەوە بەشێوەی هەفتە یاد بێت و تائێستا هیچ لایەنێكی دیكە چ لایەنی پەیوەندیدار بێت یان لایەنی دیكە بڕیار نیە كە لەیادەكەدا بەشداربن».
هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد چەندین جار داوایان كردووە ئەو رووفاتانە كارەكانیان تەواو بكرێت و بهێنرێتەوە كە لەبەغداد پشكنینیان تەواوكراوە، وتیشی:» چەندین جار لەسەر هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان لەگەڵ لایەنی پەیوەندیداری عێراق كۆبوونەوەمان كردووە بۆ ئەوەی ئەو گۆڕانە هەڵدەینەوە كەدۆزراونەتەوە لەسەماوەو ناوچەكانی دیكە».
دەربارەی مووچەی زیندانیانی سیاسی و تاپۆكردنی زەوی كەسوكاری ئەنفالكراون، بەڕێوەبەری گشتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی گەرمیان وتی:» بەشێك لەوانەی لەزیندانەكانی نوگرە سەلمان و سەماوە زیندانی كراون هێشتا مووچەیان بۆ نەبڕاوەتەوەو هەقی خۆیانە، بۆ تاپۆكردنی پارچە زەوی بۆ كەسوكاری ئەنفال و زیندانیانی سیاسی لەسەر خەتین بۆ ئەوەی كەكێشەكەیان چارەسەر بكەین».
جەبار عومەر داوای لەكەسوكاری ئەنفالكراوان كرد لەڕۆژی 14ی نیساندا گرژی دروستنەكەن تا تابتوانن یادەكە بەشێوەیەكی جوان بكەنەوە.
كەسوكاری ئەنفالكراوان پێیانوایە جاش و موستەشارەكان رادەستی دادگا ناكرێت و داڵدە دراون تائێستاش، بۆیە نیگەرانن و دەڵێن بایكۆتی یادەكە دەكەن و هەڕەشە لەوەزیری شەهیدان و ئەنفالكراوان دەكەن و دەڵێن»مەگەر نەیەت بۆ سەر گۆڕستانی ئەنفالەكان».
ئەنوەر حەمەلاو كەسوكاری ئەنفالكراو بەهاوڵاتی وت:» بەرپرسانی حكومەت هیچ روویەكیان نیە بێن بەشداری یادەكە بكەن، چونكە هیچ ئیشێكیان بەكەسوكاری ئەنفال نەماوە».
«وەزارەتی شەهیدان خۆی بەخاوەن یادەكە نازانێت و گەر وابوایە رووفاتی كەسوكارەكانمانی دەهێنایەوە كە سێ ساڵە ئێسك و پروسكەكەیان لەبەغداد كەوتووە، ئەوە شەرمەزاریە بەناوچەوانی حكومەتی هەرێمەوە روویان نیە بەشداری بكەن»، ئەنوەر حەمەلاو وای وت.
هەروەها ئەنوەر حەمەلاو پێشیوابوو حكومەتی هەرێم وەك جاش و موستەشارەكانی نەداوەتە دادگا سەرباری ئەوەش دێن كەسوكاریان دادەمەزرێنن و دەیانكەنە بەرپرس، وتیشی:» تاكوڕێكی ئێمە دادەمەزرێت ١٠ كوڕی كەسوكاری جاش و موستەشارەكان دەبنە بەرپرس لەناوچەكەدا».
هەروەها سەباح حسێن، كەسوكاری ئەنفال لەگەرمیان بۆ هاوڵاتی باسی لەوەكرد كە نامەی تایبەت بۆ وەزیری شەهیدان و ئەنفالكراون ناردووەو پێی راگەیاندووە «مەگەر نەیەیت بۆ سەر گۆڕستانی ئەنفالەكان»، چونكە هیچی بۆ نەكردووین خۆی هیچمان بۆ ناكات گەر دەسەڵاتی نیە بۆ دەست لەكارناكێشێتەوە».
سەباح روو لەوەزیری شەهیدانی حكومەتی هەرێم دەكات و دەشڵێت:» نە رووفاتەكانی بۆ هێناینەوە، نە مووچەی زیندانی سیاسی بۆ كردووین، پارچە زەویەكیشمان وەرگرتووە سێ ساڵە وەرەقەی هەوایمان وەرگرتووە بۆمان نەكراوە بەتاپۆو ناتوانن كێشەیەكمان بۆ چارەسەربكەن».
ئەوەشی وت:» لەبەڕێوەبەرایەتی سنوری گەرمیان كوڕی جاش و موستشارەكانن ئێ تەبعەن بۆ هەرچی بڕۆین ئیشمان بۆ ناكەن، چۆن لەڕابردوودا جاشەكان ئێمەیان ئەنفال كردو حكومەت ئەوانی داڵدە داو كردیانی بەدەسەڵاتدار، سەدان كوڕی شەهید لەسەر زبڵدانەكان شت كۆدەكەنەوەو كوڕی جاشەكانیش بەڕێوبەرو بەرپرسن».
وەزارەتی شەهیدان پلانی یادكردنەوەی یادی 35 ساڵەی شاڵاوی ئەنفال دەخاتەڕوو كە لەهەولێر ئەنجامدەدەرێت بەئامادەبوونی نوێنەرو كونسوڵی وڵاتان.
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكان لەوەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراون ئەوە دووپاتدەكاتەوە كەوەزیری شەهیدان ناچێتە گەرمیان.
عادل مەلا ساڵح، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكان لەوەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراون بەهاوڵاتی وت» كۆنفرانسێكی گەورەو ئەكادیمی دەربارەی جینۆسایدی گەلی كورد دەبەسترێت لەشاری هەولێر لەڕۆژی 14ی چوارداو بەئامادەبونی نوێنەری وڵاتان و كونسوڵخانەكان و وەزیری شەهیدان و ئەنفالكراون بەوهۆیەوە لەگەرمیان نابێت».
ناوبراو وتیشی:» ئێمە 30 ساڵە لەگەرمیانین، بەڵام بۆ ئەمساڵ ویستومانە شتێكی جیاوازبكەین كەچۆن بتوانین جینوسایدی گەلی كوردو ئەنفال بەخەڵكی دەرەوە بناسێنین».
هاوكات، ئەوەشی روونكردەوە كەدەیانەوێت لەڕێگەی وڵاتانی دەرەوە قەرەبوو بۆ كەسوكاری ئەنفالكراون وەربگرن.
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندیەكان لەوەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراون، پێشیوابوو «گەر كەسوكاری ئەنفالكراون باس لەوەبكەن ئەگەر وەزیری شەهیدان ئامادە نەبێت گرنگی نەدراوە بەو یادە خۆ هەرچیەك ئەوان(كەسوكاری ئەنفالكراوان) بیڵێن راست نیە».
عادل مەلا ساڵح، وتیشی:» لە 14/4 مژدەی چارەسەركردنی كێشەی موچەی زیندانیانی سیاسی ئەنفال دەدرێت».