هەرێمی كوردستان خاوەنی 6% یەدەگی نەوتی عێراقە

هەرێمی كوردستان خاوەنی چوار ملیار بەرمیل یەدەگی نەوتە نەك 45 ملیار

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بەپێی نوێترین داتای شارەزایانی نەوت، هەرێمی كوردستان لەئێستادا تەنها خاوەنی چوار ملیار بەرمیل یەدەگی نەوتە نەك 45 ملیار بەرمیل و ئەو راستییەش بەیەكێك لەهۆكارەكانی رازیبوونی حكومەتی هەرێم دادەنرێت بۆ رێككەوتنی لەگەڵ حكومەتی عێراقدا.

داتای نوێی پشكنینی نەوتی خاو لەسەرتاسەری عێراقدا ئەنجامدراوە، عێراق بەبێ هەرێمی كوردستان خاوەنی 151 ملیار بەرمیل یەدەگی نەوتی خاوەو هەرێمی كوردستانیش خاوەنی چوار ملیار بەرمیل نەوتە كە هەرێم خاوەنی 6%ی یەدەگە.

هەرێمی كوردستان لەو كاتەوەی نەوتی بەسەربەخۆ هەناردەی دەرەوە كردووە تا 25ی ئازاری ئەمساڵ كە بەبڕیاری حكومەتی عێراق هەناردەی نەوت بەبۆری بۆ بەندەری جەیهان راگیرا ملیارێك و 150 ملیۆن بەرمیلی هەناردە كردووە لەماوەی زیاتر لە نۆ ساڵدا.

ئەوكاتەی كەحكومەتی هەرێم دەستیكردووە بە بەرهەمهێنانی نەوت و هێنانی كۆمپانیا بیانییەكان بۆ دۆزینەوەی نەوت، كۆمپانیا بیانییەكان لەپێناو بەرزكردنەوەی نرخی پشكەكانیان لە بۆرسەی جیهانیدا ژمارەی گەورە و خەیاڵیان بۆ یەدەگی نەوتی هەرێم خستووەتە بەردەست ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكان لەكابینەكانی پێشتری حكومەتدا.

بەو پێیەی حكومەتی هەرێم بۆ خۆی لەساڵانی 2012 بۆ 2105 هیچ ئامێرێكی پێشكەوتووی خۆماڵی و ستافی شارەزای وردی جیولۆجی پێویستی نەبووە، لەڕێگەی كۆمپانیا نەوتییەكانەوە ئەو ژمارانەی پێی دراوە هەمووی كۆكردووەتەوەو ئەوەیان راگەیاندووە كەهەرێمی كوردستان خاوەنی 57 بلۆكی نەوتی و 45 ملیار بەرمیل یەدەگی نەوتە، ئەم ژمارانەش حكومەتی هەرێم لەو كاتەدا وەك ئامارێكی ورد تایبەت بە نەوتی خاو لە هەرێمی كوردستاندا وەریگرتووە.

لەدوای پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم و بەتایبەت لەكۆتایی ساڵی 2022دا ئامارێك تایبەت بەیەدەگی  نەوتی خاو دەگاتە ئەنجومەنی نەوت و گازو راستەوخۆ دەدرێتە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت كەهەرێمی كوردستان خاوەنی تەنها چوار ملیار بەرمیل یەدەگی نەوتە نەك 45 ملیار بەرمیل، متمانەكردن بەو ژمارەیەش بەتەواوی یەكلابووەوە بەهۆی ئەوەی لە 43 بلۆكی نەوتی كە پێشتر راگەیەندرابوو نەوتیان تێدا نەبووە، یان كەمێكیان نەوتیان تێدابووە، بەڵام بەشی ئەوەی نەكردووە كۆمپانیایەكی بیانی بێت و دەیان ملیۆن دۆلاری تێدا خەرج بكات كە رۆژانە توانای 500 بەرمیل بۆ هەزار بەرمیلی هەبووە، بۆیە زۆربەی كۆمپانیاكان لێی كشانەوە.

لەئێستادا هەرێمی كوردستان خاوەنی 14 بلۆكی نەوتییەو 12 گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكاندا هەیە، لەپاش راگرتنی هەناردەی نەوت بەشێكی زۆر لە كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوتیان بۆ رێژەی لەسەدا 10 كەمكردووەتەوە تا ئەو كاتەی عێراق بەفەرمی نووسراو دەداتە توركیا بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت.

بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی، لەعەمبارەكانی بەندەری جەیهان نزیكەی ملیۆنێك و 500 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی هەرێم ماوەتەوەو ئامادەیە بۆ هەناردەكردن.

تاحكومەتی عێراق، بەفەرمی نووسراو ئاراستەی حكومەتی توركیا نەكات، هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جەیهان دەستپێناكاتەوەو توركیا چاوەڕێی نووسراوێكی فەرمی حكومەتی عێراق دەكات.

حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق و جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری وزە ئەوەی دووپاتكردووەتەوە كە تێكڕای نەوتی هەرێم لەژێر چاودێری و ئیدارەدانی كۆمپانیای سۆمۆ هەناردە دەكرێ و  بەنرخی فەرمی دەوڵەتی عێراقی دەفرۆشرێت

هەروەها ئەوەشی روونكردووەتەوە كەبڕیاری دادگای پاریس  پەیوەندی بەڕێگری لەهەناردەی نەوتی هەرێم نەبووە تەنیا بۆ ئەوە بوو كەتوركیا نەتوانێت نەوتی عێراقی هەناردەكات بێ سەرپەرشتی و ئیدارەدان و رەزامەندی وەزارەتی نەوتی عێراقی و كۆمپانیای سۆمۆ.

هاوكات، وەزیری نەوتی عێراق جەختی لەوەشكردووەتەوە كە دادگای پاریس بڕی یەك ملیارو 710 ملیۆن دۆلاری وەك غەرامە دیاری كردووە كەتوركیا بیداتە عێراق تەنها لەبەرئەوەی بەشێك لەقەرەبووی جیاوازی نرخی نەوتی هەناردەكراوی هەرێم بكرێتەوە.

بەپێی رێككەوتنی حكومەتی هەرێم و عێراق، داهاتی نەوتی هەرێم  لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان خەرج دەكرێت، بەڵام لەژێر چاودێری و سەرپەرشتی دیوانی چاودێری دارایی عێراقی و دەخرێتە  چوار چێوەی بودجەی گشتی عێراقەوە،ئەگەر داهاتی رۆژانەی 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم زیاتر بێ لەپشكی هەرێم لەبودجە ئەوە راستەوخۆ بۆ بەغداد دەگەڕێتەوەو  كەمتریش بێ ئەوە بەغداد بۆی تەواو دەكات ئەمەش بەندە بەنرخی نەوت لەجیهاندا.

هەر بەپێی رێككەوتنەكە داهاتی نەوتی هەرێم  دەخرێتە سەر هەژمارێكی بانكی سەر بەبانكی ناوەندی عێراقی یان هەر بانكێكی تر كەبانكی ناوەندی دەستنیشانی بكات.

هەرێمی كوردستان بەهۆی راگرتنی نەوتەوە رۆژانە 25 ملیۆن دۆلار زیانی بەردەكەوێت كە لە 25ی ئادار تائەمڕۆ 12ی نیسان دەكاتە 19 رۆژ و زیانە داراییەكەی 475 ملیۆن دۆلارە، هەرچەندە حكومەتی هەرێم بەفەرمی ئەوەیان راگەیاندووە كە لەماوەی 10 رۆژی یەكەمی راگرتنی نەوتی هەرێم 300 ملیۆن دۆلار زیانیان بەركەوتووە واتا رۆژانە 30 ملیۆن دۆلار.

بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی، كە لەوەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم دەستی كەوتووە، هەناردەی نەوتی هەرێم لەڕێگەی بەندەری جیهان پێش كۆتایی مانگی نیسان دەستپێدەكاتەوەو هۆكاری دواكەوتنەكەشی تائێستا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە حكومەتی عێراق دەیەوێت لەگەڵ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم كێشەی لەگەڵ رێكخراوی ئۆپیك بۆ دروست نەبێت كە رۆژانە 211 هەزار بەرمیل بەرهەمهێنانی نەوتی دیكەی كەمكردووەتەوە بەهۆی بڕیارەكانی رێكخراوەكە.

 


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار