هاوسەرگیریی كچانی كەم تەمەن لەئێران زیاد دەكات
گەشەی دانیشتووان لەئێران بەهۆی كەمخستنەوەی وەچەو كەمبوونەوەی هاوسەرگیری كەمی كردووە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
تەنها لەنۆ مانگدا زیاتر لە 20 هەزار كچ كەتەمەنیان لە 15 ساڵ كەمتر بووە هاوسەرگیرییان كردووە
كۆمەڵگەی ئێران سەرەڕای زۆربەی قەیرانە ئابوریی و سیاسی و كۆمەڵایەتییەكان گیرۆدەی پیریی خێرا بووەتەوە، دەسەڵاتیش بەناوی پلانی گەنجكردنی وڵاتەكەوە رێگە بەهاوسەرگیریی كچانی كەم تەمەن دەدات.
لەئامارەكانی ئێران دەركەوتووە تەنها لەنۆ مانگدا زیاتر لە 20 هەزار كچ كەتەمەنیان لە 15 ساڵ كەمتر بووە هاوسەرگیریان كردووەو زیاتر لەهەزار كەسیشیان منداڵیان بووە لەكاتێكدا لەو ماوەیەدا تەنها هەشت كوڕ كەتەمەنیان كەمبووە هاوسەرگیرییان كردووە.
ژمارەی دانیشتوانی ئێران دەگاتە نزیكەی (85) ملیۆن كەس كە لەو ژمارەیە نزیكەی 42 ملیۆنیان لەڕەگەزی (مێینە)و نزیكەی 43 ملیۆن لەڕەگەزی نێرینەن و لەو كەسانەشەی كەهاوسەرگیریان كردووە نزیكەی سێ بۆ چوار ملیۆن كەسیان كەدەكاتە نزیكەی 20% خێزانەكان توانای وەچەخستنەوەیان نییە.
كەمبوونەوەی هاوسەرگیریی و لەباربردنی منداڵ و قەیرانە ئابورییەكان وایكردووە كەگەشەی كۆمەڵگەی ئێران بۆ نزیكەی 1% كەمبكاتەوەو ئەوەش وایكردووە دەسەڵاتی ئەو وڵاتە بەناوی پلانی گەنجكردنی وڵاتەكە رێگریی لەهاوسەرگیریی كەسانی كەم تەمەن نەكات و بەپێی ئامارەكانیش شكستی ئەو پلانەش بۆ زیادكردنی گەشەی كۆمەڵگەی ئێران شكستیهێناوە چونكە جگە لەكەمبوونەوەی هاوسەرگیریی ئامارەكانی جیابوونەوە بەرزن و ژمارەی وەچەخستنەوە بۆ هەر خێزانێك لەنێوان یەك بۆ دوو منداڵدایە كەئەوەش رێژەیەكی زۆر كەمە.
دەركەوتووە ساڵانە نزیكەی 370 هەزار بۆ 530 هەزار كۆرپە بەشێوازی جیاوازو بەنایاسایی لەئێران لەبار دەبرێن كەئەوەش بەهۆكارێكی سەرەكیی پیربوونی كۆمەڵگەی ئەو وڵاتە هەژمار دەكرێت.
پێشبینی كراوە ئەگەر ئامارەكانی هاوسەرگیری و جیابوونەوە و وەچەخستنەوە لەئێران بەشێوازی ئێستا بەردەوام بێت ئەوا ئەو وڵاتە دوای 30 ساڵی دیكە زیاتر لە 33%ی دانیشتوانی تەمەنیان لە 60 ساڵ بەرزدەبێتەوە لەكاتێكدا ئەو رێژەیە لەئێستا 11.2%یە.
لەنۆ مانگی ساڵی 2022 زۆرترین ئەو پیاوانەی هاوسەرگیرییان كردووە تەمەنیان لەنێوان 27 تا 39 ساڵ بووەو تەنها هەشت كوڕ هاوسەرگیرییان كردووە كەتەمەنیان لە 15 ساڵ كەمتر بووە كەئەوەش بەراورد ناكرێت بەژمارەی هاوسەرگیریی ئەو كچانەی كەتەمەنیان لەو ژمارەیە كەمتر بووە.
جگە لەو 20 هەزار كچەی تەمەنیان لە 15 ساڵ كەمتر بووە ناوەنجی تەمەنی هاوسەرگیریی كچان و ژنان لەو نۆ مانگەدا لەنێوان 23 بۆ 27 ساڵ بووە.
ئامارەكان دەریدەخەن كە لەماوەی 15 ساڵدا زیاتر لە 131 هەزار كچی تەمەن كەمتر لە 15 ساڵ هاوسەرگیریان تۆمار كراوە لەكاتێكدا پێدەچێت زیاتر لەسەدان هاوسەرگیریی كچانی كەم تەمەن تۆمار نەكرابێت، چونكە بەپێی یاساكانی كۆماری ئیسلامی ئێران هاوسەرگریی كچانی تەمەن كەمتر لە 13 ساڵ و كوڕانی كەمتر لە 15 رێگەپێدراو نییە.
ناوەندی ئاماری ئێران بڵاویكردووەتەوە: لەبەهاری ساڵی 2021 تا پاییزی ئەو ساڵە زیاتر لە 20 هەزار هاوسەرگیریی كچانی كەمتر لە 15 ساڵ تۆماركراوەو هەزار و 85 كەسیشیان منداڵیان بووە و هەر لەو ساڵەدا جیابوونەوەی 551 ژن تۆمار كراوە كەتەمەنیان لە 15 ساڵ كەمتر بووە.
لەئێران دوای 12 ساڵ پڕۆژەیاسای پشتیوانیی لەئاسایشی ژنان تەنها چەند رۆژێكە پەسەند كراوە كە بەپێی ئەو یاسایە ژنان دەتوانن بەوەرگرتنی مۆڵەت لەدادگا گەشتی دەرەوە ئەنجامبدەن و ئەگەر هاوسەرەكانیان رێگریی گەڕانەوە بۆ ماڵیان لێبكەن بەتاوان هەژمار بكرێت و نابێت هیچ كچ و ژنێك بەزۆرەملێ و بەبڕیاری باوك و براو كەسوكاری هاوسەرگیریی بكات.
لەئامارەكانی بەهاری ساڵی 2022 تا پاییزی ئەو ساڵە 390 هەزار هاوسەرگیریی لەو سێ مانگەدا تۆمار كراوەو لەبەرامبەرداو هەر لەو ماوەیەدا 145 هەزارو 138 جیابوونەوە تۆمار كراوەو بەپێی وردەكارییەكان لەوەزی بەهاردا 142181 هاوسەرگیریی لەو 43800 جیابوونەوە و لەوەرزی هاویندا 112610 هاوسەرگیریی و 49648 جیابوونەوەو لەوەرزی پاییزدا 136064 هاوسەرگیریی و 51690 جیابوونەوە تۆمار كراوە.
لەئامارەكانی شەش مانگی وەزری بەهارو هاوینی ساڵی 2021 نزیكەی 300 هەزار هاوسەرگیریی تۆمار كراوە، بەڵام لەئامارەكانی ئەو شەش مانگەی ساڵی 2022 نزیكەی 255 هەزار هاوسەرگیریی تۆمار كراوە كەبەراورد بەڕابردوو 45 هەزار كەمیكردووە لەبەرامبەردا ژمارەی جیابوونەوەكانی ئەو شەش مانگەی ساڵی رابردوو 94 هەزارو 280 حاڵەت بووە كە لەئەمساڵدا بۆ 93 هەزارو 448 كەمیكردووە.
پایتەخت لەهاوسەرگیری و جیابوونەوە پێشەنگە
بەپێی ئامارەكانی دوو وەرزی بەهارو هاوین 32 هەزارو 745 هاوسەرگیریی لەتارانی پایتەختی ئێران تۆمار كراوە كەزیاترین ئاستی 31 پارێزگای ناو جوگرافیای وڵاتەكە بووەو هاوكات لەو دوو وەرزەدا تەنها هەزارو 767 هاوسەرگیریی لەپارێزگای ئیلام لەڕۆژهەڵاتی كوردستان تۆمار كراوە كە بەدووەم پارێزگا هەژمار دەكرێت، كەكەمترین هاوسەرگیریی لێ تۆماركراوە.
تاران وەك چۆن لەهاوسەرگیریدا زیاترین ژمارەی تۆمار كردووە بەجیابوونەوەش بێ ركابەر بووەو بەتۆماركردنی 17 هەزارو 650 جیابوونەوە لەشەش مانگدا زۆرترین جیابوونەوەی لەئێران تۆمار كردووەو هاوكات پارێزگای ئیلام بەتۆماركردنی 522 جیابوونەوە كەمترین ئاماری جیابوونەوەی لەوڵاتەكەدا تۆمار كردووە.