داهاتی گەرمیان بۆ حكومەتو خراپیی رێگاوبانەكەی بۆ خەڵكەكەیەتی
«پێشتر حكومەت باسی لەبەستنەوەی مەرزەكان دەكرد لەڕێگەی هێڵی شەمەندەفەرەوە»
2 ساڵ لەمەوپێش
راپۆرتی – بێدار محەمەد
ساڵێك لەمەوبەر وەزیری ئاوەدانكردنەوەی حكومەتی هەرێم رایگەیاند بەهێڵی شەمەندەفەر مەرزەكانی پەروێزخان و ئیبراهیم خەلیل پێكەوە دەبەستنەوە، بەڵام نەك ئەو هەنگاوە نەنرا، بەڵكو زیاتر لەدوو مانگە بەهۆی خەرجنەكردنی پارەوە نۆژەنكردنەوەو چاكسازی نێوان گوندەكانی ئیدارەی گەرمیان و مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان و پشتە راگیراوە.
سالار محەمەد، بەڵێندەری پرۆژەكانی رێگەوبانی بەشی زۆری گوندەكانی نێوان ئیدارەی گەرمیان و كێڵگەی نەوتی چیا سورخ و مەرزی نێودەڵەتی پەروێزخانە، بەهاوڵاتی وت: «بەهۆی خەرجنەكردنی پارەوە كاركردنمان لەپرۆژەكە لە 25ی مانگی یەكی ئەمساڵەوە راگرتووە».
وتیشی:» كەدەستمانكرد بەپرۆژەكە پێیان وتین پارەتان بۆ خەرجدەكەین، 75 ملیۆن دینارمان لەگیرفانی خۆمان خەرجكرد، لەكاتێكدا دەبوو بۆ ئەو پرۆژەیەو چەند پرۆژەیەكی تری ئەو سنورە لەسەر داهاتی مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان بڕی 500 ملیۆن دینار خەرجبكرێت».
«لەسەردانێکدا بۆ لای بەڕێوەبەری گومركی مەرزی پەروێزخان، وتی پارە هەیە بەڵام فەرمانی خەرجكردنی لەدەسەڵاتی ئێمەدا نیە، دواتر پەیوەندیمان بەوەزارەتی داراییەوە كردو ئەوانیش وتیان رێكارەكانی خەرجكردنی پارەكە تەواو بووە بەڵام بۆ خەرج ناكرێت ئەوە نازانین» . ئەو بەڵێندەرەی گەرمیان وادەڵێت.
ستار عەزیز، هاووڵاتیەكی گوندی جەبراوەیە لەسنوری پەروێزخان، بەهاوڵاتی وت:» دەبوو حكومەت بایەخی بەڕێگاوبانەكانی گوندەكانی نێوان ئیدارەی گەرمیان و مەرزی پەروێزخان بدایە، چونكە سەرچاوەیەكی گرنگە بۆ كۆكردنەوەی داهات بۆ حكومەت، كەچی بەبیانووی خەرجنەكردنی پارە ئەوە زیاتر لەدوو مانگە ئەو هەنگاوە راگیراوەو چاڵ و چۆڵی رێگاوبانەكان هەروەك خۆیەتی».
وەك وەڵامێك بۆ گلەیی دانیشتوانی ناوچەكە، عەدنان خەلیل بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبانی گەرمیان بەهاوڵاتی وت:» چاوەڕوانی سەرووی خۆمانین بۆ خەرجكردنی پارەكە، بەدەر لەوە شەپۆلی باران بارینی ئەمدواییە كاریگەری هەبوو لەسەر راگرتنی پرۆژەكە».
وتیشی:»بودجەی پرۆژەكە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گومرگی گەرمیانەوە تەرخان دەكرێت، بەگوژمەی نزیكەی 500 ملیۆن دینارو ماوەی پرۆژەكەش 200 رۆژە، تائێستاش 80 ملیۆن دینار لەپرۆژەكە خەرجكراوە».
جەمال كەریم, ئەنجومەنی گوندی رەزوار لەنێوان ئیدارەی گەرمیان و مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان، بەهاوڵاتی وت:»ئەو رێگاوبانەی گوندەكەی ئێمەو گوندەكانی نێوان ئیدارەی گەرمیان و مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان رێگەی گەیشتنە بەگوندی چیا سورخ، ماوەی نزیكەی 100 ساڵە نەوتی لێدەردەهێنرێت، كەچی رێگاوبانەكان زۆر خراپن و ئۆتۆمبیلەكانمان هەمووی تێكشكاوە».
وەستانی كاركردن لەپرۆژەكانی چاكسازی و نۆژەنكردنەوەی رێگاوبانەكانی نێوان ئیدارەی گەرمیان و مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان، لەكاتێكدایە لەكۆتایی مانگی سێی ساڵی رابردوو، وەزیری ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: گرێبەستێكمان لەگەڵ كۆمپانیایەكی ئیسپانی واژۆكردووە بۆ دروستكردنی هێڵی شەمەندەفەر لەهەرێمی كوردستان و درێژییەكەی 910 كیلۆمەترە و لەقۆناغی یەكەمدا مەرزەكانی پەروێزخان و ئیبراهیم خەلیل پێكەوە ببەستێتەوە.