لە خەرتومی پایتەختی سودان پێکدادانی چەکداری قورس ڕوویدا

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

شەڕ و پێکدادانی تووند لە پایتەختی سوودان لە نێوان سوپای وڵاتەکە و هێزی پشتیوانیی خێرای نیمچە سەربازی روویدا و دەنگی تەقینەوە لە هەموو شوێنێکی پایتەختی ئەو وڵاتە دەبیسترێت و مەترسیی کودەتا هەیە. هێزی پشتیوانیی خێراش دەڵێت، فڕۆکەخانەی خەرتووم و کۆشکی کۆمارییان کۆنتڕۆڵکردووە. 

بەپێی ئاژانسەکانی ھەواڵ، رۆژی شەممە، 15ـی نیسانی 2023، دەنگی تەقە و تەقینەوەی بەهێز لە نزیک ژمارەیەک بنکەی سوپای وڵاتەکە و وەزارەتی بەرگریی لە نێوەڕاستی خەرتوومی پایتەختی سوودان بیستراوەو  پێکدادانەکان لە نزیک بنکەیەکی سەربازی لە باشوری خەرتووم و نزیک فڕۆکەخانە و باکوری شارەکە روویانداوە.

ھێزەکانی پشتیوانی خێرا لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، سوپای سودان بەچەکی قورس و سوک ھێرشی کردووەتە سەریان و لەگەڵ بەردەوامی شەڕ و پێکدادان، سەرجەم پردەکانی خەرتوم داخران و ھێزێکی زۆری ئەمنی بڵاوەی پێکراوە، ھەروەھا تانک و زرێپۆش بەرەو شوێنی پێکدادانەکان جوڵێنران.

سوپا ھەروەھا بە تانک و زرێپۆش ڕێگاکانی بەرەو کۆشکی سەرۆکایەتی لە ناوەڕاستی خەرتوم داخست.

هاوکات نەبیل عەبدوڵلا، گوتەبێژی سوپای سوودان بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە کە "هێزەکانی پشتیوانیی خێرا هێرشی ژمارەیەک بنکەی سەربازی لە خەرتووم و دەوروبەری سوودان کردووە و پێکدادانەکان بەردەوامن و سوپاش بە ئەرکی خۆی هەڵدەستێت بۆ پاراستنی وڵاتەکەمان".  

سوپای سوودان لە راگەیێندراوێکدا هۆشداری لە دۆخی وڵاتەکە دەدات و دەڵێت، وڵاتەکە "لە خاڵێکی مەترسیداری مێژووییدایە". 

سەرهەڵدانی تووندوتیژی دوای چەند هەفتەیەک لە قووڵبوونەوەی گرژییەکانی نێوان عەبدولفەتاح بورهان، فەرماندەی گشتیی سوپای وڵات و سەرۆکی دیفاکتۆی سوودان و محەممەد حەمدان دەگەلۆ، فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانی خێرا هات، لەسەر پلاندانان بۆ یەکخستنی هێزەکانی پشتیوانی خێرای نیمچە سەربازی لەگەڵ سوپای سەرەکیی وڵاتەکە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار