لێکۆلینەوەیەک: کلچدارئۆغلۆ لە خولی دووەمی هەڵبژاردندا شکست بە ئەردۆغان دەهێنێت

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ناوەندی راپۆرتی تورکیا بە پشت بەستن بە راپرسی شەش کۆمپانیای تورکیا کە ئەنجامی راپرسیەکانیان ئاشکرا کردووە، رایگەیاند، کلچدارئۆغلۆ لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکاندا شکست بە ئەردۆغان دەهێنێت.

ناوەندی راپۆرتی تورکیا، لێکۆلینەوەیەکی لەبارەی ئەنجامی راپرسیەکانی کۆمپانیای ئەڤراسیا، ماک، سارۆس، ئۆ ئاڕ جی، ئادا و بولگو ئەنجامداوە. بەگوێرەی لێکۆلینەوەکە، هیچ کاندیدێکی پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا، ناتوانێت لە خولەی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی رێژەی ٥١٪ی دەنگەکان بەدەست بهێنێت، بەڵام لە خولی دووەمی هەڵبژارندا، کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی ئۆپۆزسیۆن دەتوانێت بە بەدەستهێنانی ٥٤.٥٦٪ی دەنگەکان شکست بە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا و کاندیدی دەسەڵات بهێنێت.

بەگوێرەی لێکۆلینەوەکە، ئەردۆغان ٤٥.44٪ی دەنگەکان بەدەست دەهێنێت. رێژەی دەنگی هاوپەیمانێتیەکانیش لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا بەگوێرەی ناوەندی راپۆرتی تورکیا بەم شێوەیەیە:

هاوپەیمانی کۆمار (دەسەڵات) ٤٠.١٪

هاوپەیمانی گەل (شەش لایەنی ئۆپۆزسیۆن) ٣٨.٧٪

هاوپەیمانی رەنج و ئازادی (هەدەپە و پێنج لایەنی چەپ و سۆسیالیست) ١١.٣٪

پارتی مەملەکەت (پارتەکەی موحەڕەم ئینجە کە لە جەهەپە جیابووەتەوە) ٣.٦٪

ئەوانەی دیکە ٦.٣٪ لەم هەڵبژاردنەدا ٦٤ ملیۆن و ١٩١ هەزار و 285 هاوڵاتی تورکیا مافی دەنگدانیان هەیە کە سێ ملیۆن و ٢٨٦ هەزار ٧٨٥ کەسیان لە دەرەوەی تورکیا دەژین و بڕیارە لە ٢٧ی نیسان تاوەکو ٩ی ئایار لە دەرەوەی وڵات دەنگ بدەن.

هەروەها بە گشتی نزیکەی پێنج ملیۆن هاوڵاتی تورکیا بۆ یەکەمجار دەنگ دەدەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار