لە هەر کاتژمێرێکدا 27 کەس دەبنە قوربانیی روداوەکانی هاتوچۆ لە ئێران

خراپی و نەپارێزراوبونی ئۆتۆمبێلەکانی ئێران ژمارەی قوربانییان بەرز دەکەنەوە

روداوێکی هاتوچۆ لە ئێران

یەک ساڵ لەمەوپێش



پۆلیسی ئێران رایگەیاند خراپیی جۆری ئۆتۆمبێلی بەرهەمی وڵاتەکە ژمارەی قوربانییانی روداوەکانی هاتوچۆی زۆر کردوە و پزیشکی داد ئاشکرای دەکات لە 20 رۆژدا زیاتر لە هەزار کەس بە روداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە.

کەمال هادیانفەر، بەڕێوبەڕی پۆلیسی هاتوچۆ لە ئێران رایگەیاند؛ بەهۆی خراپی و رەچاونەکردنی ستانداردە جیهانییەکان لە دروستکردنی ئۆتۆمبێلی وڵاتەکە لە هەر کاتژمێرێکدا (1.9) کەس واتە نزیکەی دوو کەس بە روداوەکانی هاتوچۆ گیانیان لەدەست دەدەن.

هادیانفەر وتویەتی: خەڵک گیانی خۆیان خۆش دەوێت بەڵام بەهۆی گیرفانیانەوە و ئاستی داهاتیان ناچارن ئۆتۆمبێلی دروستکراوی وڵاتەکە بەکاربهێنن کە رەنگە وەک پێویست گیانیان نەپارێزێت.

بە وتەی بەڕێوبەری پۆلیسی هاتوچۆی ئێران لە هەر کاتژمێرێکدا جگە لە گیانلەدەستدانی دوو کەس نزیکەی 20 بۆ 25 کەس لە روداوەکانی هاتوچۆی وڵاتەکە بریندار دەبن و 32 دامەزراوەی حکومەت و کارگەکانی دروستکردنی ئۆتۆمبێل بەرپرسیارن لەو قوربانییانە.

وتەکانی هادیانفەر لە کاتێکدایە ئێران باجی لەسەر ئۆتۆمبێلەکانی دەرەوەی وڵاتەکەی تا نزیکەی دوو هێندەی نرخی ئەو ئۆتۆمبێلانە بەرز کردوەتەوە بۆ ئەوەی خەڵک ناچار بێت ئۆتۆمبێلی دروستکراوی ناوخۆ بەکاربهێنێت.

لە لایەکی دیکەوە پزیشکی دادی ئێران رایگەیاندوە تەنها لە 20 رۆژی سەرەتای بەهاری ئەمساڵدا هەزار و 146 کەس بە روداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار