خامنەیی ریفراندۆم لە ئێران رەت دەکاتەوە

سەرۆک کۆماری پێشوی ئێران داوای ریفراندۆمی کردبو

کۆبونەوەی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ ژمارەیەک خوێندکارانی زانکۆ

یەک ساڵ لەمەوپێش



رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران ئەنجامدانی ریفراندۆم لە وڵاتەکە رەت دەکاتەوە و دەڵێت: لە هیچ شوێنێکی جیهان پرس بە هەمو خەڵکێک ناکرێت و هەمو پرسێکیش ناخرێتە راپرسی و ریفراندۆمەوە.

عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆبونەوەی لەگەڵ ژمارەیەک خوێندکاری زانکۆ و لایەنگری کۆماری ئیسلامی، ئەنجامدانی ریفراندۆم و راپرسیی لەو وڵاتە رەت کردەوە و رایگەیاند توانای چارەسەریی کێشەی وڵاتەکەیان هەیە و هەمو پرسێک پێویستی بە وەرگرتنی رای هەمو خەڵک نییە.

بە وتەی خامنەیی ئەگەر کێشەکانی ئێران 100 هێندەی دیکەش گەورەبن پێویست بە ریفراندۆم ناکات و توانای چارەسەری کێشەکانیان هەیە بەڵام نابێت بێ هیوا بن.

خامنەیی وتی: هەندێک کەس لەسەر بنەمای سۆشیال میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان شیکردنەوەی بە لێشاو بۆ بارودۆخەکان دەکەن ئەوەش هەڵەیە.

وتەکانی خامنەیی لەکاتێکدایە پێشتر میرحسێن موسەوی، سەرکردەی بزوتنەوەی سەوز و باڵی ریفۆرمخوازی کۆماری ئیسلامی کە لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەرە داوای کرد بەهۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان و چارەسەری کێشەکانی ئێران ریفراندۆم لەسەر دەستورێکی نوێ بکرێت.

دوای موسەوی، حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری پێشوی ئێران داوای کرد ریفراندۆم لە وڵاتەکەدا بەڕێوبچێت و جگە لەو دو سەرکردەیەی کۆماری ئیسلامی ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسانی باڵی ریفۆرمخوازی کۆماری ئیسلامی داوای راپرسی سەرتاسەریی و ریفراندۆمیان کردبو.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار