قوباد تاڵەبانی داوایەكی توركیاو دەزگای میت رەتدەكاتەوە

قوباد تاڵەبانی: فڕۆكەخانەی سلێمانی مەدەنییە گومانلێكراوان ناتوانن گەشتی لێوە بكەن

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

یەكێتی نیشتمانی كوردستان تادوای یەكلابوونەوەی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان و سەرۆكایەتی توركیا لەبارەی گەمارۆی پارتەكەی ئەردۆغان بۆ سەر فرۆكەخانەی سلێمانی بێدەنگی هەڵدەبژێرێت، چونكە سەرۆكی هەواڵگری توركیا داوایان كردووە لەنزیكەوە چاودێری گەشتیاران بكەن.

لەسەرەتای مانگی نیساندا توركیا راگرتنی سەرجەم گەشتەكانی بۆ فڕۆكەخانەی سلێمانی راگرت و پاش دوو رۆژ لەڕێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی درۆنەوە هێرشیكردەسەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، ئەوەش كاردانەوەی لێكەوتەوە.

هێرشەكەی رۆژی هەینی حەوتی نیسانی 2023 كە بەدرۆن كرایەسەر فڕۆكەخانەی سلێمانی، تائێستا لێكۆڵینەوەی لەبارەوە دەكرێت، رووداوەكەش ناكۆكی ناوخۆیی نێوان پارتی و یەكێتی زیاتركرد.

قوباد تاڵەبانی چووە بەغدادو كۆبوونەوەی لەگەڵ باڵیۆزی توركیا كۆبووەوەو لەوێوە سەردانی ئەنقەرەی كردو گفتوگۆی لەگەڵ هاكان فیدان، سەرۆكی دەزگای میتی توركیا كردووە.

بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی، داوا لەقوباد تاڵەبانی كراوە سەرجەم پەیوەندییەكانیان لەگەڵ (پە.كە.كە)و كوردانی رۆژئاوا بپچڕێنن و هەروەها میت دەستی واڵا بێت لەچاودێری كردنی فڕۆكەخانەی سلێمانی، بەڵام قوباد تاڵەبانی جەختی لەوەكردووەتەوە كەهیچ پەیوەندییەکی فەرمی لەنێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پەكەكەدا نییە.

هەروەها ئەوەشی رەتكردووەتەوە كەدەزگای هەواڵگری میت لەنزیكەوە چاودێری فڕۆكەخانەی سلێمانی بكات، چونكە پێی راگەیاندوون فڕۆكەخانەیەكی مەدەنییەو هیچ كەسێك كەجێگەی گومان بێت لەم فڕۆكەخانەیەوە سەردانی دەرەوەی نەكردووە.

قوباد تاڵەبانی دوای هاتنەوەی گفتوگۆی لەبارەی داواكارییەكانی توركیاوە لەگەڵ چەند بەرپرسێكی یەكێتی ئەنجامداوەو دوو بۆچوون خراوەتەڕوو كە بۆچوونی زۆرینەیان ئەوە بووە كە پەیوەندییەكانی یەكێتی لەگەڵ كوردانی رۆژئاوا ئاشکرایەو نهێنی نییە، بەڵام ئەوە دووپاتكراوەتەوە كەپەیوەندی فەرمی لەنێوان پەكەكەو یەكێتی نییە، هەروەها بۆچوونی زاڵ لەنێو یەكێتی ئەوەیە كەچاوەڕێی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی كۆمارو پەرلەمانی توركیا دەكەن كە بڕیارە لە 14ی ئایار ئەنجامبدرێت» ئەگەر پارتەكەی ئەردۆغان سەركەوتوو نەبوو ئەوا لەگەڵ پارتی براوە گفتوگۆی چڕ دەستپێدەكەن، ئەگەر ئەردۆغان بردیەوە ئەوە گفتوگۆیان لەگەڵ دەكەن لەڕێگەی كەناڵە دبلۆماسییەكانەوە، بەڵام قوباد تاڵەبانی ئەوەی دووپاتكردووەتەوە كە» فڕۆكەخانەی سلێمانی مەدەنییەو رێگە نادەین دەزگای هەواڵگری میت بوونی هەبێت تێیدا».

هاوكات، بەشێك لەهاووڵاتیانی سلێمانی ئەوە دووپاتدەكەنەوە كەفڕۆكەخانەی سلێمانی بەم شێوەیەی ئێستا گەمارۆی لەسەر بێت باشترە لەوەی دەزگا هەواڵگرییەكان بوونیان هەبێت تێیدا.

محەمەد ئەیوب تەمەن 22 ساڵ, خوێندكاری زانكۆی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: فڕۆكەخانەی سلێمانی بەداخراوی بمێنیتەوە باشترە چونكە توركیا وڵاتێكە هیچ مافێكی بەسەر ئێمەوە نییە تا چاودێری فڕۆكەخانەكانمان بكات.

وتیشی:راستە توركیا وڵاتێكی دراوسێیە بەڵام دەزگای هەوڵگری هیچ شوێنێك مافی ئەوەی نییە چاودێری گەشتیاران و گەشتەكانی فڕۆكەخانە بكات و دەست وەربداتە كارو چالاكی وڵاتێكی دیكە، جا لەفڕۆكەخانە یان شوێنەكانی دیكە بێت.

گەشبین عوسمان تەمەن 22ساڵ, خوێندكاری زانكۆی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» چاودێریكردنی فڕۆكەخانەی سلێمانی لەلایەن توركیاوە بڕیارێكی هەڵەیەو پێویستە كوردستان خۆی چاودێری فڕۆكەخانەكان و گەشتیاران بكات, دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان هەڵوێستی هەبێت و رێگری لەو دەستتێوەردانانە بكات».

گەشبین عوسمان وتیشی:» گرنگ نییە فڕۆكەخانەی سلێمانی بەداخراوی دەمێنێتەوە یان نا گرنگ ئەوەیە توركیا چاودێری فڕۆكەخانەكە نەكات و زیان بەر ئابوورییەكەی بكەوێت».

شاهۆ سیروان كەخاوەن كافێیەكە لەشاری سلێمانی لەلێدوانێندا بەهاوڵاتی وت: توركیا لەڕێككەوتننامەی سایكس بیكۆوە هەوڵی داگیركردنی كوردستانی باشوور دەدات, لەهەولێر دەسەڵاتی هەیە بەڵام لەسلێمانی نیەتی جا بەم كارانە یان بڕیاری لەو جۆرە دەیەوێت لەسلێمانیش دەسەڵات پەیدا بكات.

شاهۆ وتیشی: فڕۆكەخانەی سلێمانی دابخرێت زۆر باشترە لەوەی چاودێری بكرێت لەلایەن توركیاوە.

سەبارەت بەم پرسە رۆژنامەی هاوڵاتی پەیوەندیكرد بەفڕۆكەخانەی سلێمانییەوە بەڵام ئامادەنەبوون هیچ جۆرە لێدوانێك بدەن.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار