توركیاو روسیاو ئێران‌و سوریا دژی كورد گفتوگۆ دەكەن

ساڵح موسلیم: ئامانجیان هەڵوەشاندنەوەی خۆبەڕێوەبەری رۆژاڤایە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

هەوڵەكانی توركیا بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندیەكانی لەگەڵ رژێمی بەشار ئەسەد بەردەوامە، چەندین كۆبوونەوە لەنێوان بەرپرسە باڵاكانی هەردوو وڵات ئەنجامدراوە و ئێستا پرۆسەكە بۆ كۆبوونەوەی چوارقۆڵی سوریا، توركیا، روسیاو ئێران گۆڕدراون و ساڵح موسلیم دەڵێت:» ئامانجیان هەڵوەشاندنەوەی خۆبەڕێوەبەری رۆژاڤایە».

هەرچەندە توركیا لەم ناوەندەدا نەگەیشتووەتە ئامانجەكەی، بەڵام لەهەوڵدان نەكەوتووە و مەولود چاوشئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاند:ماوەیەك لەمەوبەر جێگرەكەم و بەرپرسانی سوریا كۆبوونەوەیەكیان بەبەشداری سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا ئەنجامدابوو و چاوەڕێ دەكرێت، كۆبوونەوەیەكی چوارقۆڵی نێوان دیمەشق، ئەنقەرە، تاران و مۆسكۆ لەسەرەتای مانگی ئایاردا لەمۆسكۆ ئەنجامبدرێت.

وتیشی: لەكۆبوونەوەكەدا هەوڵدەدرێت، زەمینی كۆبوونەوەی نێوان بەشار ئەسەد سەرۆكی سوریا و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆككۆماری توركیا دروستبكرێت.

هەوڵەكانی توركیا لەكاتێكدایە كە رژێمی سوریا چاوی لەوەیە، پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتە عەرەبیەكان ئاسایی بكاتەوە كە  ١١ ساڵە هیچ پەیوەندییەكی لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی عەرەبی نەماوە.

بۆ ئەم مەبەستەش سعودیە سەرۆكایەتی كۆبونەوەیەكی لەشاری جەددە بەبەشداری چەند وڵاتێكی عەرەبی كرد، بەڵام لە كۆبوونەوەكەدا بەپێچەوانەی چاوەڕوانییەكانی دیمەشق، گەڕانەوەیان بۆ ناو كۆمكاری عەرەبی گفتوگۆی لەسەر نەكرا.

سوریاو توركیا پلانیان بۆ دروستكردنی هێزێكی هاوبەش لەدژی خۆبەڕێوەبەری رۆژاڤا داناوە

رژێمی سوریا لەماوەی ١١ ساڵی شەڕی سوریادا هەڵوێستی بەرامبەر كورد نەگۆڕاوە، چەندین جار خۆبەڕێوەبەری رۆژاڤای كوردستان داوای دانوستانی كردووە، بەڵام تاوەكو ئێستا ئامادە نەبووە.

هەرچەندە هەڵوێستی رژێمی ئەسەد لەبەرامبەر توركیا توندەو بەشار ئەسەد توركیای لەناو خاكی سوریا بەداگیركەر پێناسە كردووە و رایگەیاندووە تاوەكو توركیا خاكی سوریا جێنەهێڵێت، پەیوەندییەكانیان ئاسایی نابێتەوە، بەڵام مۆسكۆ و ئێران هەموو هەوڵەكانیان خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی بەشار ئەسەد هەڵوێستی نەرمتر بنوێنێت.

ساڵح موسلیم هاوسەرۆكی پارتی یەكێتی دیموكراتی (پەیەدە) بە ئاژانسی فوراتی راگەیاندووە: پێویستە كورد لەبەرامبەر كۆبوونەوی نێوان روسیا، ئێران، ئەنقەرەو دیمەشق وریابێت، روسیا دەیەوێت ئەم لایەنانە بۆ بەرژەوەندی خۆی كۆبكاتەوە، ئامانجیان هەڵوەشاندنەوەی ئەو بەڕێوەبەرایەتییەیە، كەخۆبەڕێوەبەری رۆژاڤایە كە پارێزگاری لەمافەكانی هەموو گەلان دەكات.

موسلیم دەشڵێت:» دیمەشق هیچ مەرجێكی دیاریكراوو روونی بۆ كشانەوەی توركیا لەناوچە داگیركراوەكان دانەناوەو دەسەڵاتی توركیاش لەو بوارەدا پابەندی بەڵێنەكانی خۆی نابێت، بەڵام ئەوەی كە دەبینرێت ئەوەیە، رژێمی دیمەشق و دەسەڵاتی توركیا پلانیان بۆ دروستكردنی هێزێكی هاوبەش لەدژی خۆبەڕێوەبەری رۆژاڤا داناوە.»

ئەم پێشهاتانەش لەكاتێكدایە كە هەفتەیەكە هێزەكانی رژێمی سوریا لەدەوروبەری پارێزگای دێرەزۆر، پەلاماری هێزەكانی سوریای دیموكراتی (هەسەدە) دەدەن كە هاوپەیمانی سەرەكی ئەمریكان لەشەڕی دژی داعش، لەم چەند رۆژەی دواییدا، چەند شەڕڤانێك بەوهۆیەوە بریندار بوون و چەند سەربازێكی سوریا كوژراون و برینداربوون و لەلایەكی دیكەوە، میلیشیاكانی نزیك لەئێران هێزەكانی ئەمریكا دەكەنە ئامانج لەو ناوچەیە و هەسەدەش بەشێوەیەكی ناراستەوخۆ لەناو شەڕی لایەنگرانی ئێران و ئەمریكادایە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار