سەرو برۆ تاشین وەك سووكایەتیپێكردن بووەتە دیاردە لەهەرێمی كوردستاندا

سەرۆكی لقی هەولێری سەندیكای پارێزەران: ئەو ئارامیەی هەیە بەچەند كەسێك ناشرین ناكرێت

2 ساڵ لەمەوپێش



سەركۆ جەمال

سەرو برۆو سمێڵ تاشین وەك سوكایەتیپێكردن بەگرتەی ڤیدیۆییەوە، شێوازێكی نوێی ترساندنی هاووڵاتیان و چالاكوانانە لەهەرێمی كوردستان و بووەتە دیاردە، ئەمەش كاردانەوەی توندی لێكەوتووەتەوە.

شەوی 14ی نیسانی 2023 پارێزەرێك لەهەولێر بەناوی محەمەد یابە سۆفی بەهۆی ئەوەی پارێزەری ژنێك بووە بۆ جیابوونەوە لەهاوسەرەكەی، هاوسەرەكەی و سێ چەكداری دیكە دەیڕفێنن و پاش لێدانێكی زۆر سەری دەتاشن ئەمەش كاردانەوەی فراوانی بەدوای خۆیدا هێنا.

كەسوكارەكەی لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند كەسوكاری تۆمەتباران داوای سوڵحیان لێكردوون، بەڵام بەهیچ شێوەیەك سوڵح قبوڵ ناكەن.

ئەیاد كاكەیی سەرۆكی لقی هەولێری سەندیكای پارێزەران لەكاتی گردبوونەوەی پارێزەران لەبەردەم دادگای هەولێر رایگەیاند: هێرشكردنەسەر پارێزەران هێرشكردنەسەر دادگاو دادوەرو یاسایە و ئەو ئاسایش و ئارامیەی هەیە بەچەند كەسێك ناشرین ناكرێت، سكاڵامان لەسەر ئەو تۆمەتبارانە تۆماركردووە.

هەروەها وتیشی:» شكۆی پارێزەر بەوانە ناشكێت و زیاتر مكوڕ دەبین لەسەر ئەو داوایەی لەسەر پارێزەر محەمەد یابە درا».

پارێزەر گۆران دیبەگەیی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: ئەم شتانە پارێزەران ناترسێنێت، ئەم كارە قێزەونانە واناكات پارێزەرەكان بوەستن لەداكۆكیكردن، بەڵام خۆزگە پارێزەران بەیەك تیم پشتیوانی رۆژنامەنووسان و چین و تووێژە جیاوازەكانیان بكردایە، سەرەڕای ئەوەش خەڵك بەیەكدەنگی پشتیوانی پارێزەران دەكات».

ئەو پارێزەرە وتیشی: لەماوەی رابردوو ریش سووتانی مامۆستای ئاینی و شەق تێهەڵدانی مامۆستاو دەستدرێژیكردنە سەر پزیشك و تیرۆركردنی رۆژنامەنوس و هەموو جۆرەكانی تاوان لەهەرێم و هەولێریش بەتایبەت هەیە، هۆكارەكەش ئەوەیە هێزی چەك بەسەر یاسادا زاڵە».

لەهەرێمی كوردستان یەكەم كەیسی سەرتاشین كە تۆماركراوە هێمن بنەسڵاوەیی بوو كەپیشەی پێشمەرگەبوو لەساڵی 2016 لەهەولێر بەهۆی ئەوەی پشتیوانی لەبزوتنەوەی گۆڕان كردبوو، بەڵام خۆی پێشمەرگەی پارتی بوو هێزە ئەمنیەكان گرتیان و سەروو برۆیان تاشی و رەوانەی سنوری دەسەڵاتی یەكێتییان كردەوە.

هەروەها لەكۆتایی ساڵی 2021 بەهۆی كێشەی نێوان لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی، هێزە ئەمنیەكان لەسلێمانی پلەدارێكی سەربازی بەناوی رێبواری عەلی شامار دەستگیردەكەن و سمێڵی دەتاشن، دواترو لەتەمموزی ساڵی 2022 هێزەكانی حەشدی شەعبی لەكەركوك سمێڵی گەنجێكی كاكەییان تاشی ئەوەش كاردانەوەی فراوانی بەدواداهات.

دانی سویدی قوربانییەكی دیكە بوو، ئەو كەگۆرانیبێژی میللی بوو، لەلایەن تۆمەتبارێكەوە بەناوی كەیفی زراری سەری تاشراو ڤیدیۆكەشی بڵاوكرایەوە، ئاسایشی هەولێر ئەو تۆمەتبارەیان دەستگیركرد.

 


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار