هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەنێو بەرداشی پارتی‌و یەكێتیدا

كۆمسیۆن داوا دەكات لایەنەكان تا 15 ئایار رێككەوتنی كۆتایی ئەنجام بدەن

2 ساڵ لەمەوپێش



سەركۆ جەمال

ناكۆكییەكانی پارتی و یەكێتی لەسەر پێكهاتەكان بووەتە گرێ كوێرەی بەردەم هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، كۆمسیۆنیش دوا وادە دیاری دەكات و ئەوە دووپاتدەكەنەوە كە پێویستە تاناوەڕاستی مانگی ئایاری داهاتوو رێككەوتنی كۆتایی ئەنجامبدرێت.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان رۆژی 18-11-2023 ی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دیاریكردووە، بەڵام تائێستا پارتی و یەكێتی لەسەر كورسی پێكهاتەكان ناكۆكن، پارتی دەڵێت یەكێتی بەدوای بیانوودا دەگەڕێت و یەكێتیش دەڵێت:" هەڵبژاردن لەدۆخێكی ئاڵۆزدا ناكرێت".

یەكێتی و پارتی لیژنەیەكی هاوبەشیان پێكهێناوە بۆ رێككەوتن لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن و پرسی پێكهاتەكان تا ئەو رێككەوتنە ئەنجام نەدرێت ناتوانرێت هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت.

جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان قسەكانی سەرۆكی حكومەت بەلەمپەڕ لەبەردەم هەڵبژاردن دەبینێت

لوقمان وەردی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:" بەتەنها قسەو باس كردن لەسەر هەڵبژاردن بەس نییە، دەبێت دۆخەكە ئاسایی بكرێتەوەو متمانە بگێڕدرێتەوە، ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ و ئەوەی سەرۆكی حكومەت لەگەڵ كۆمەڵێك كاسبكار لەهەولێر باسی كرد بۆنی ئەوەی لێدێت كە نایەوێت هەڵبژاردن بكرێت و لەمپەریش لەبەردەم هەڵبژاردن دروست دەكات".

مەسرور بارزانی ئێوارەی یەكشەممە 17ی نیسان رایگەیاند:" ئێمە ناتوانین هاوبەش و بەشداربین لەگەندەڵی و تیرۆرو تۆقاندن و لەسەرانە سەندن یان خەڵك لەپێناوی بەرژەوەندییەكانی خۆمان بەكاربهێنین"، ئەمەش كاردانەوەی یەكێتی بەدواداهات.

لوقمان وەردی پێشیوابوو كە خوازیارن هەڵبژاردن بكرێت و سەرۆكی هەرێم بەرپرسیارێتیەكی یاسایی لەسەر شان بووە كەڕۆژی هەڵبژاردنەكەی دیاریكردووە، بەڵام رۆژی دیاریكردن بەس نییە، بەڵكو پێویستە دۆخەكە ئاسایی بكرێتەوە، وتیشی:" هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەدۆخێكی ئاڵۆزدا ناكرێت".

"چەند كۆبوونەوەیەكمان لەگەڵ پارتی كرد، ئەوەی گرفتەو ماوە پێكهاتەكانە، یۆنامی دوو پێشنیازی كردووە یەكێكیان دەڵێت دابەش بكرێت، پێشنیازێكیان دەڵێت بەیەك بازنە بێت، ئێمە لەگەڵ دابەشكردنداین، پارتی لەگەڵیدا نیە لەكاتێكدا لەسەر ئاستی عێراق رای پێچەوانەیە، بۆیە بابەتی هەڵبژاردن لای هێزە سیاسییەكان ماوەتەوە نەك پەرلەمان"، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان وادەڵێت.

وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی رەتیدەكاتەوە قسەكانی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت بۆ پەكخستنی بەڕێوەچوونی  هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بێت

پێشەوا هەورامی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:" ئەگەر داواكارییەكی یەكێتیش جێبەجێ بكەین بەنیەتی رێككەوتن لەسەر هەڵبژاردن بەدوای بیانوی تازە دەگەڕێن، وتیان كۆمسیۆن چارەسەركرا، وتیان فرەبازنە وتمان بەسەرچاو لیستی تۆماری دەنگدەرانیش عێراق بێت وتمان بەسەرچاو، ئەمانە هەموو پێشتر ئەو شتانەبوون كەهەڵبژاردنیان راگرتبوو ئێستاش كە چارەسەربوون دەبێت یەكێتی شتێك بدۆزێتەوە".

" سەرۆكی حكومەت هیچ شتێكی نەوتووە كە مەبەستی پەكخستنی هەڵبژاردن بێت، خۆ ئەو ناوی یەكێتی نەهێناوە، بەس گوناحمان چییە ئەگەر باسی خیانەت بكرێت یەكێتی بەخۆی تێبگات بۆچی لایەنێكی دیكە بەخۆیان تێنەگەیشتن و بڵێن پارتی بۆچی وای وتووە؟"، وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی كوردستان وادەڵێت.

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن  و راپرسی هەرێم ئاماژە بەوەدەكات پێویستە تا 15 ی ئایاری مانگی داهاتوو لایەنەكان لەسەر هەموو شتێك رێكبكەون.

دیار نەسرەدین، جێگری بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی سلێمانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی هەرێم، بەهاوڵاتی وت:" پێویستمان بەشەش مانگە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بەڵام لەبەرئەوەی ئێستا دەنگۆیەك هەیە كە لایەنەكان رێكبكەون كەبەشێكی هەژماركردنی دەنگەكان لەناوەندەكانی دەنگدان بەدەستی بێت و بەشێكی ئەلكترۆنی بێت، ئەگەر بڕیار لەسەر ئەوە بدرێت پێویستمان بەدوو مانگی زیادە دەبێت".

هەروەها وتیشی:" دەبێت تا 15 ی ئایار تێپەڕنەكات لایەنەكان لەسەر هەموو شتێك ڕێككەوتبن و یاساكە هەموار كرابێتەوە، بۆ ئەوەی كۆمسیۆن ئەوكاتەی پێویستێتی بۆ ئامادەكارییەكان لەو ماوەیەدا ئەنجامی بدات".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار