لەحەوت ساڵدا؛ توركیا 88 هێرشی بۆ سەر هاووڵاتیانی مەدەنیی لەهەرێم ئەنجامداوە
2 ساڵ لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
دوای هەفتەیەك لەهێرشی درۆنیی توركیا بۆ سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ئێوارەی 15ی نیسانی 2023، چەند گوندێكی سنوری شارۆچكەی پێنجوێن بەهەمانشێوە لەلایەن توركیاوە بۆردومانكرا.
بۆردومانەكەی 15 ی نیسانی 2023 هەریەك لەگوندەكانی (ساڵیاوا، وریاوا، كانی میران و بابەعەلی) لەشارەدێی گەرمكی سەر بەشارۆچكەی پێنجوێن گرتووەتەوەو سێ كەس گیانیان لەدەستداوەو كەسێكی تریش بریندارەو فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان ئۆتۆمبێلێكیان لەسنورەكە كردووەتە ئامانج و ئەو جێگایەش تەنها 30 كیلۆمەتر لەناوەندی شارۆچكەی پێنجوێنەوە دوورە.
بەوتەی سەرچاوەیەكی ئەمنیی لەناوچەكە بۆ هاوڵاتی، درۆنەكە لەكاتی بەربانگدا ئۆتۆمبێلەكەی كردووەتە ئامانج و ئەو كەسانە ئەندامی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاك) بوون.
عوسمان رەئوف، ئەنجومەنی گوندی كانی میرانی كۆماری بەهاوڵاتی وت: ئوتۆمبێلەكە لەجۆری مێكزەمینی بووە و چوار سەرنشینی تێدا بووە ، بەڵام لەبەرئەوەی چادری پێوە بووە دڵنیانەبوون لەوەی كەسی دیكەی تێدا بووبێت.
هەروەها وتیشی:" دوای ئەوەی مووشەكی یەكەم نەیتوانی بیانپێكێت لەڕێگەی مووشەكی دووەمەوە لێیان دراوەو سێ كوژراو و بریندارێكیش هەیە.
رێكخراوی سی پی تی ئەمریكی بەردەوام لەبارەی بۆردومانەكانی توركیاو ئێران راپۆرت و زانیاری بڵاودەكەنەوە
كامەران عوسمان ئەندامی تیمی كوردستان عێراقی رێكخراوی سی پی تی ئەمریكی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:" بۆردومانی درۆن لەهەرێمی كوردستان ترسی لەدڵی هاووڵاتیاندا دروستكردووە، بەتایبەتیش ناوچە سنورییەكان و تەنها ساڵی رابردوو توركیاو ئێران 624 جار هەرێمیان بۆردومان كردووە".
بەوتەی كامەران عوسمان ئەندامی رێكخراوی CPT زۆرترین قوربانی بۆردومانەكان، جوتیارانن كەسوپای سەربازی توركیا لەئۆپەراسیۆنەكانیدا لەخاكی هەرێمی كوردستان شەهیدو برینداری كردوون.
سەعید محەمەد رزگاربووی هێرشێكی درۆنی توركیایە لەناوچەی شارباژێری سەر بەپارێزگای سلێمانی، بۆ هاوڵاتی ئاماژەی بەوەكرد بەئامانجگرتنیان بەهۆی ئامادەیی گەریلاكانی پەكەكەیە لەناوچەكەیاندا، وتیشی:" هەموو كەسێك دەزانێت كەهیچ چەكدارێكی پەكەكە لەسەر چیای كێلەشین بوونی نیە، بەڵام توركیا هیچ جیاوازیەك ناكات لەنێوان خەڵكی چەكدارو مەدەنیدا".
سەعید محەمەدو برایەكی و دوو هاوڕێی تریان، لەكاتی كۆكردنەوەی قارچك و گیای خۆڕسكدا لەسەر چیای كێلەشین لەناوچەی شارباژێری پارێزگای سلێمانی، لەدووی كانوونی یەكەمی 2022دا بوونە ئامانجی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی توركیا، لەئەنجامی ئەو هێرشەدا برایەكی سەعید بەناوی عەزیز محەمەد شەهید بوو و دوو هاوڕێكەی تریشیان بەناوەكانی محەمەد عەلی و محەمەد قادر بە سەختی برینداربوون.
لەحەوتی نیسانی ئەمساڵ، فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی توركیا نزیك فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆردومانكرد، بۆردومانەكەش كاردانەوەی ناوخۆیی و جیهانی بەدوای خۆیدا هێنا بەتایبەت كەهێرشەكە لەڕێگەی درۆنەوە كرایەسەر شوێنێكی تەواو مەدەنی كەڕۆژانە هاووڵاتیان گەشتی لێوەدەكەن.
دواتر ئاشكرابوو ئامانجی توركیا مەزڵوم كۆبانی فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات بووە كە بەهاوڕێیەتی وەفدێكی ئەمریكی لەسلێمانی بوون، توركیا بەفەرمی بەرپرسیارێتی هێرشەكەی رانەگەیاند، وەك چۆن لە تەمموزی 2022 تۆپخانەكانی ئەنقەرە سەیرانگایەكیان لەپارێزگای دهۆك بۆردومان كردو بەهۆیەوە نۆ هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستدا.، دواتریش هەرچەندە عێراق بەفەرمی توركیای بەئەنجامدانی هێرشەكە تۆمەتباركرد بەڵام كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هیچ رێوشوێنێكی لەوبارەیەوە نەگرتەبەر.
بەپێی راپۆرتێكی رێكخراوی CPT لەئابی 2015ەوە تاكانوونی یەكەمی 2021، سوپای توركیا زیاتر لە چوار هەزار هێرشی ئاسمانی و تۆپهاوێژی و زەمینی لەهەرێمی كوردستان و باكوری عێراقدا ئەنجامداوە.
لەماوەی نزیكەی حەوت ساڵدا لە 88 هێرشدا سوپای توركیا هاووڵاتیانی مەدەنی بەئامانجگرتووەو بەشێوەیەك كە لەئابی 2015ەوە تاكانوونی یەكەمی 2021، 98 بۆ 123 كەسی مەدەنی شەهیدبوون و 134 بۆ 161 كەسی دیكە برینداربوون.
وەك لەڕاپۆرتی رێكخراوەكەدا ئاماژەی پێكراوە لەو رێژەیەی قوربانیاندا، 55 یان لەكاتی جوتیاری یاخود لەوەڕاندنی ئاژەڵەكانیاندا شەهیدبوون، لە 87٪ی شەهیدەكان پیاون و لە 13٪شیان ژنن، هەروەها شەش لەشەهیدەكان منداڵن.