حكومەتی هەرێم چارەسەركردنی كێشەی دەرمان رادەستی بەغداد دەكات

2 ساڵ لەمەوپێش
سەركۆ جەمال
كێشەی كەمی و نەمانی هەندێك دەرمانی سەرەكی تەنها لەسلێمانی و بەتایبەت لەنەخۆشخانەی هیوا چەند ساڵێكە بووەتە دیاردەو چارەسەر نەكراوە، وەزارەتی دارایی هەرێم ئەوە ئاشكرا دەكات» دەستكاریكردنی پارەی نەختینە لەبانكەكانی سلێمانی كێشەی كەمی دەرمانی دروستكردووە».
دكتۆر سیڤەر رزگار لێپرسراوی هۆبەی دەرمان لەنەخۆشخانەی هیوا لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئاماژەی بەوەكرد كەمبوونەوەی دەرمان كاریگەری خراپی لەسەر نەخۆش هەیەو ئەو كۆمپانیایانەی گرێبەستیان هەبووە لەگەڵ تەندروستی سلێمانی پارەی دەرمانیان بۆ خەرج نەكراوە.
هەروەها باسی لەو دەرمانانە كرد كە لەنەخۆشخانەی هیوا نەماوە وەك (دەرزی ئاڤاستین) كە مانگانە 300 دەرزیان پێویستە، وتیشی:»لەعێراقەوە ئەم هەفتەیە 40 دەرزیمان پێگەیشتووە، ئەو دەرزییە ئەگەر نەخۆش خۆی بیكڕێت لەبازاڕدا قاچاغەو گرانیشە، هەر دەرزییەك بە 300 بۆ 400 دۆلارە، ئەو دەرمانانە ئەگەر كوالێتییەكەی زۆر باش بێت بە ملیۆنێك دینارە».
«ئێمە زیاتر كێشەمان لەگەڵ دەرمانە بایۆلۆجیەكاندا هەیە، چونكە زۆر گرانن و ژمارەشیان كەمە و زۆربەی نەخۆشەكانیش بەكاریدەهێنن بۆ نموونە كیترودا و پێجێتا، كیترودا بەشی یەكجار بۆ نەخۆش 10 ملیۆن دینارەو نەخۆشێكی زۆری لەسەرە، بەهۆی كەمیی ئەو دەرمانەوە كەمتر بۆ نەخۆشەكان بەكاریدەهێنین ئەمەش كاریگەری نەرێنی لەسەر نەخۆشەكان هەیە» لێپرسراوی هۆبەی دەرمان لەنەخۆشخانەی هیوا وادەڵێت.
هێرش سەید سەلیم جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی دەڵێت كێشەی نەمانی دەرمان لەنەخۆشخانەكانی سلێمانی بەردەوامەو پەیوەندی بەنەبوونی پارەوە هەیە لەبانكەكاندا، چەندین جار وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم بەڵێنی چارەسەركردنیان داوە، بەڵام چارەسەریان نەكردووە.
هاوكات ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم دەڵێت لەسەر هێڵین بۆ بابەتی دەرمان و داواكارییەكانیش بەرزكراوەتەوە بۆ شوێنی خۆی.
ئاسۆ حەوێزی، وتیشی:» ئێمە لەگەڵ كۆمپانیاكان هەوڵمانداوە ئەو بەشە دەرمانانەی دابینی دەكەن بەپێی گرێبەستەكانی هەیە بەردەوام بێت، كێشەی دابینكردنی دەرمان تەنها لەپارێزگای سلێمانی نییە، بەڵكو لە شارەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان ئەو كێشەیە روودەدات».
وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم ئەوە ئاشكرا دەكات كێشەی دەرمان لەسلێمانی پەیوەندی بەدەستكاریكردنی پارەی نەختینەوە هەیە لەبانكەكاندا.
هونەر جەمال بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی دارایی بەهاوڵاتی وت:» كێشەی نەمانی دەرمان لەنەخۆشخانەكانی سلێمانی بەهۆی كەمبوونەوەی داهات سەریهەڵداوەو دابینكردنی لەسەر داهاتی ناوخۆیە، لەسلێمانیش بەتایبەت دەستكاری پارەی نەختینە دەكرێت و ئەوەش هۆكاری سەرەكییە».
بەرپرسەكەی وەزارەتی دارایی پێیوابوو ئەو رێككەوتنە نوێیەی لەنێوان هەرێم و عێراق كراوە كێشەی كەمبوونەوەی دەرمان لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستان چارەسەر دەكات كەبەغداد مانگانە بەشە بودجە بۆ هەرێم بنێرێت».
هاوڵاتی بەدواداچوونی بۆ كێشەكە كردو سەردانی نەخۆشخانەی هیوای كرد، بەشێكی زۆری نەخۆشەكان بەهۆی نەبوونی دەرمان ناچارن لەدەرەوە دەرمان بكڕن، ئازاد محەمەد، تەمەن 42 ساڵ یەكێك لەتووشبوەكانی شێرپەنجە بەهاوڵاتی وت:»شەش ساڵە تووشی شێرپەنجەی سییەكان بووم، پزیشك پێم دەڵێت هەفتەی جارێك دەرمان وەربگرم، بەڵام لەڕێگەی قاچاخچییەوە دەستمدەكەوێت».
پێندرۆ لیزۆماپ و پێترۆزوماپ، ئەو دوو جۆرە دەرمانەیە كە مانگانە 160 نەخۆش زیاتر پێویستیانە لەنەخۆشخانەی هیوا، تێچووەكەیان یەك ملیارو 40 ملیۆن دینارە، بەڵام ئێستا لەنەخۆشخانەكە نەماوە، نەخۆش دەبێت خۆی بیكڕێت كەتێچووی 200 ملیمی زیاترە لەدوو ملیۆن دینار.
ساڵانە نەخۆشخانەی هیوا پێویستی بەزیاتر لە 40 ملیار دینارە بۆ دابینكردنی دەرمان و پێداویستییە پزیشكییەكان، بەڵام وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم سەرەڕای ئەوەی لیژنەیەكی ناردە سلێمانی بۆ لێكۆڵینەوە لەنەمانی دەرمان لەنەخۆشخانە، بەڵام دەرمانی دابین نەكرد.
د.یاد نەقشبەندی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لەسلێمانی ئاماژەی بەوەكردووە كەزۆر لەقەیراندان و زۆربەی كۆمپانیاكانی دەرمان بەفەرمی پێیان وتوون كەناتوانن دەرمان دابین بكەن، چونكە شایستە داراییەكانیان بۆ دابین ناكرێت.
ئامارەكانی نەخۆشخانەی هیوا دەریدەخەن رۆژانە زیاتر لە 15 تووشبوی نوێی شێرپەنجە تۆمار دەكرێت و تەنیا لەیەك رۆژدا نزیكەی هەزار نەخۆش سەردانیان دەكات.
نەخۆشخانەی هیوا لەگەڕەكی قڕگەی شاری سلێمانییە، لەساڵی 2007 ەوە كراوەتەوەو سەنتەرێكی تایبەتە بەچارەسەركردنی هەموو جۆرەكانی شێرپەنجە، نەخۆشخانەكە سەر بەوەزارەتی تەندروستییەو 180 تەخت لەخۆدەگرێت.

