ئاك پارتی دەیەوێت دەمیرتاشو هاوڕێكانی تاهەتایە لەزیندان بمێننەوە
دەمیرتاش :ئێوە لەژێر فەرمانی رەجەب تەیب ئەردۆغاندان، كودەتا بەسەر هەڵبژاردندا دەكەن

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
پارتەكەی ئەردۆغان لەهەوڵدایە بۆ مانەوەی سەڵاحەدین دەمیرتاش و هاورێكانی لەزینداندا ئەوەش بەهۆی ترسی لەدەنگی كوردانی باكور لەهەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی توركیادا.
لەنێوان ٦-٨ی تشرینی یەكەمی ٢٠١٤ دا، كوردانی باكوری كوردستان دژی هێرشەكانی داعش بۆ سەر كۆبانێ خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، بەڵام بەپاساوی چالاكییەكانی ٦ – ٨ی تشرینی یەكەم سكاڵا لەدژی هاوسەرۆكانی پارتی دیموكراتیكی گەلان (هەدەپە) فیگەن یوكسەكداغ و سەڵاحەدین دەمیرتاش، ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندیی هەدەپەو بەگشتی سكاڵا لە دژی ١٠٨ كەس تۆمار كرا كە ١٧ كەسیان لەئیستادا لەزینداندان.
لەم هەفتەیەدا دوو جار دانیشتنی دادگاییكردنی سیاسەتمەدارانی كورد لەلایەن دادگای ئەنقەرەوە بەڕێوەچوو، ٢٣هەمین دانیشتنی دادگاییكردنی كەیسی كۆبانی لههۆڵی دانیشتنی كامپی زیندانی سینجانی ئەنقەرە و لەلایەن لیژنەی لقی ٢٢ی دادگای سزا قورسەكانی ئەنقەرەوە بەڕێوەچوو.
لەدانیشتنی دادگادا، سەرەتا سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە قسەی كرد كە لەساڵی ٢٠١٦ەوە لە زینداندایە، وتی: « ئێوە وەك لیژنەی دادگا فەرمانەكانی ئاكەپەو مەهەپە جێبەجێ دەكەن، هەوڵدەدەن خزمەت بەئەوان بكەن، لەیەكەم رۆژی بومەلەرزەكەی شەشی شوباتدا داوام كرد موڵەتم پێبدرێت كەسوكارم ببینم، لەكاتێكدا كەكەسەكانمان لەژێر داروپەردوی باڵەخانەكاندا بوون، داواكەتان رەت كردەوە.
وتیشی:» ئێوە وەك گروپێك كار بۆ ئاكەپە دەكەن لەهەڵبژاردنەكاندا، ئێمە بڕیارەكانتان ناناسین، ئێوە لەژێر فەرمانی رەجەب تەیب ئەردۆغاندان، كودەتا بەسەر هەڵبژاردندا دەكەن، ئێوە ناتوانن ئێمە تاوانبار بكەن، لەبەرئەوەی ئێوە تاوانبارن».
دوای دەمیرتاش فیگەن یوكسەكداغ هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە قسەی كرد كەئەویش لەساڵی ٢٠١٦ەوە لەزینداندایەو بەشێوەیەكی توند رەخنەی لەدەسەڵات گرت و وتی: « كەمتر لەمانگێك ماوە بۆ هەڵبژاردنەكان، ئێوە كار بۆ دەسەڵات دەكەن و یاسا جێبەجێ ناكەن، بەڵام ئێمە و گەلەكەمان هەرمێ كۆناكەینەوە، چۆن پێشتر سیاسەتی دیموكراسیمان بەڕێوەبردووە ئێستاش هەمان سیاسەت بەڕێوە دەبەین».
دوای قسەكانی یوكسەكداغ، لیژنەی دادگا دانیشتنەكەی بۆ ١٥ی مانگ دواخست.
لە ١٥ی مانگدا، ٢٤هەمین دانیشتنی دادگاییكردنی كەیسی كۆبانی لەهۆڵی دانیشتنی كامپی زیندانی سینجان بەڕێوەچوو، لە دانیشتنەكەدا پارێزەران داوایان كرد كۆتایی بەدۆسیەی كۆبانێ بهێندرێت كە دۆسیەیەكی سیاسیە، بەڵام داواكارییەكانی سیاسەتمەداران و پارێزەران رەتكرایەوەو هێشتا بەرگری لەخۆكردنی سیاسەتمەداران وەرنەگیرابوو، كە دەستكرا بە هەڵسەنگاندنەكان و خستنەڕووی بۆچوونەكانی لیژنەی دادوەران، زیندانییە سیاسییەكان و پارێزەرەكانیان و بەشداربووانی دانیشتنەكەش بەچەپڵە لێدان دژی ئەو رەفتارو بڕیارە ناڕەزایەتیان نیشاندا و هۆڵەكەیان جێهێشت.
دواتر داواكاری كۆماری لەدانیشتنەكەدا، داوای كرد، دەمیرتاش و هاوڕێكانی دیكەی، بەقورسترین شێوە سزا بدرێن، بەتۆمەتی دژایەتیكردنی دەوڵەت و هاندانی هاووڵاتیان بۆ پشێوی كە هۆكاری كوشتنی دەیان كەسە، داوای كرد حەوت جار سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەر سەڵاحەدین دەمیرتاشدا بسەپێندرێت.
ئەندامانی دادگاكە دوای پشوویەك، بڕیاری خۆی لەهۆڵێكی چۆڵدا خوێندەوە، بڕیاریدا بۆ ئەوەی وتەو لێدوانی سەرەكی لەبارەی كەیسەكەوە وەربگیرێن، دانیشتنی داهاتووی دادگای بۆ سێی تەمموز دواخست.

