بەریتانیا سزای نوێ دژی سوپای پاسدران دەسەپێنێت
حەبیب شەهسەواری، فەرماندەی هێزی(شوهەدا) لە پارێزگای ورمێ
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دوو فەرماندە سوپای پاسداران بەهۆی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات سزا دەدرێن لەندەن ژمارەیەک سزای نوێی لە دژی سوپای پاسداران راگەیاند و وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دەڵێت: سزاکان بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران بوە.
ئەمڕۆ دوشەممە، وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا سزادانی چوار فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێرانی راگەیاند و کۆماری ئیسلامی لە یەکەم کاردانەوەدا رایگەیاند وەڵامی گونجاویان بۆ لەندەن دەبێت.
محەمەد نەزەرعەزیمی، فەرماندەی بەشی رۆژئاوای ( ناوەندی نجەف) و حەبیب شەهسەواری، فەرماندەی هێزی(شوهەدا) لە پارێزگای ورمێ بەهۆی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان خراونەتە لیستی سزا نوێیەکانی بەریتانیا.
هاوکات ئەحمەد خادم، فەرماندەی (ناوەندی کەربەلا) و موحسین کەریمی فەرماندەی هێزی(روحەڵڵا) لە پارێزگای(مەرکەزی) ئێران بەهۆی بەشداریی لە سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە لایەن بەریتانیاوە سزایان بەسەردا دەسەپێت.
بە پێی سزا نوێیەکانی بەریتانیا دژی کۆماری ئیسلامی، ئەو چوار فەرماندەیەی سوپای پاسداران گەشتیان بۆ بەریتانیا لێ قەدەغە دەکرێت و ئەژمارە داراییەکانی ئەو کەسانە لە لایەن لەندەنەوە دەستیان بەسەردا دەگیرێت.
جەیمس کلێڤەرلی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاندوە فەرماندەکانی سوپا بەهۆی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان و پێشێکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران خراونەتە لیستی سزاکانی وڵاتەکەیەوە.
سزای فەرماندەکانی سوپای پاسداران کاردانەوەی ئێرانی لێکەوەتەوە و ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند؛ سزاکانی لەندەن دەستوەردانە لە کاروباری کۆماری ئیسلامی و لە لاین تارانەوە بە بێ وەڵام نامێنێتەوە..
لە دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ئێران لە لایەن بەریتانیاوە زیاتر لە 400 سزا دژی کۆماری ئیسلامی راگەیەنراوە.