هاوڵاتی وردەكاریی دۆسیەی دەستدرێژیكردنەسەر منداڵە حەوت ساڵانەكەی هەولێر بڵاودەكاتەوە

راپۆرتی پزیشكی دەڵێت دەستدرێژی كراوەتەسەر

2 ساڵ لەمەوپێش



سەركۆ جەمال

كەیسی دەستدرێژیكردنەسەر منداڵێكی حەوت ساڵ لەقوتابخانەیەكی هەولێر لەسەرەتای مانگی دووی ئەمساڵ ئاشكرابوو، راپۆرتی پزیشكی ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە دەستدرێژی كراوەتەسەر ئەو منداڵە، بەڵام هێشتا دادگا بڕیاری كۆتایی نەداوەو مامۆستاكەش دەستبەسەرە.

سوعاد ئەلنەسیمی خەڵكی مەغریبەو لەهەولێر دادەنیشێت و هاوسەرەكەی ئەڵمانیە، دایكی منداڵەكە دەڵێت: «سێ مانگ لەمەوپێش گیرفانی كچەكەم پارەو زێڕی تێدابوو، دواتر ئەنگوستیلەیەكی زێڕم لەگیرفانی دۆزییەوەو پێم وت كێ ئەو پارەیەی پێداوی؟ وتی برادەرەكانم پێیان داوم، بەڵام برادەر 25 هەزاری پێنادات».

هەروەها وتیشی:» كچەكەم پێی وتم  راهێنەرەكەم ئەنگوستیلەیەكی زێڕی بەدیاری پێداوم».

سوعاد ئەلنەسیمی دەشڵێت: «سەرەتا لەژووری وەرزشی قوتابخانەكە دەستدرێژییەكە كراوەتەسەر، پێشتر كامێرای چاودێری نەبووە، ئێستا كامێرای چاودێرییان داناوە، پێموایە دیمەنی كامێراكانی چاودێری سڕدراوەتەوە.»

«سكاڵام لەسەر ئەو كەسەیە دەستدرێژی سێكسی كردووەتەسەر كچەكەم، قوتابخانەكەش نەیانتوانیوە بیپارێزن سكاڵام لەسەر ئەوانیش هەیە»، دایكی كچەكە وای وت.

پارێزەری كچە حەوت ساڵانەكە دەڵێت:»دەركەوت كەئەو منداڵە دەستدرێژیی سێكسی كراوەتەسەر».

كارزان سەید تەحسین، پارێزەری كچەكە بەهاوڵاتی وت:» دەركەوت ئەو منداڵە دەستدرێژیی سێكسی كراوەتەسەری و دادگا فەرمانی كردووە كە راپۆرتی پزیشكی بكرێت و بەپێی راپۆرتەكەش منداڵەكە زیاتر لەجارێك دەستدرێژیی كراوەتەسەر».

«منداڵەكە لەپێش دادوەر باسی ئەوەی كردووە كە مامۆستای وەرزش دەستدرێژی كردووەتەسەری «. كارزان سەید تەحسین وادەڵێت.

موونا یاقوو، سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەهەرێم لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» بەدواداچوونمان كردووەو چووینەتە قوتابخانەكەو لەگەڵ بەڕێوەبەرەكەی دانیشتین، دواتر چووینە ماڵی كچەكەو لەگەڵ دایك و باوكی دانیشتین، بەنیازین مامۆستاكەش ببینین كەڕاگیراوەو دەزگا ئەمنیەكانیش دەبینین تابزانین لێكۆڵینەوەكان گەیشتوون بەكوێ».

هەروەها وتیشی:»بەڵگەی زۆر نییە لەسەر كەیسەكە، بەڵام پارێزەری هەیەو هێشتا نەگەیشتووەتە ئەوەی لەدادگا دۆسیەكە یەكلایی ببێتەوە».

وەك سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەهەرێمی كوردستان دەڵێت:»تائێستا مامۆستاكە دانی بەتاوانەكەیدا نەناوەو هیچ كەسێكی دیكەش سكاڵای تۆمارنەكردووە كەمنداڵەكەی لەلایەن ئەو مامۆستایەوە دەستدرێژی كرابێتەسەر».

قوتابخانەی فەڕەنسی لەهەولێر ناسراوەو لەسلێمانیش قوتابخانەیەكیان هەیە، ساڵانە بڕی شەش هەزار دۆلار لەخانەوادەی هەر قوتابییەك وەردەگرن، هاوڵاتی چەندینجار پەیوەندی پێوەكردن، بەڵام سەرەڕای ئەوەی داوایانكرد بەئیمەیڵ پرسیارەكان بنێردرێت وەڵامیان نەدایەوە.

كچە حەوت ساڵانەكە لەوتەكانیدا بۆ كەسوكارەكەی و پۆلیس وتوویەتی:»مامۆستاكە جاروبار دەیبردم بۆ هۆڵی قاتی ژێرەوەی قوتابخانەكە یاخود سەرەوەو دەیوت یاریت لەگەڵ دەكەم، بەڵام ئەزیەتی دەدام و منیش دەستمدەكرد بەگریان، بەڵام دەیوت ئەگەر قسە بكەی لەلای دایك و باوكت و كەسی دیكە ئەوا دەتكوژم، دەمووچاویشی دەبەستمەوە و دەستی پێدا دەهێنام و دەستدرێژی دەكردەسەرم».

ئەو مامۆستایەی تۆمەتبار دەكرێت بەوەی دەستدرێژی كردووەتەسەر كچە حەوت ساڵانەكە خەڵكی  دیمەشقی سوریایەو تەمەنی سەروو 30 ساڵەو زیاتر لەدوو ساڵە لەو قوتابخانە فەڕەنسییە وانە دەڵێتەوە.

تۆمەتبار بەمادەی 393 دەستگیركراوە، بەپێی ماددەكە سزای ئەو كەسانە دەستنیشانكراوە كەدەستدرێژیی سێكسی دەكەنەسەر منداڵانی خوار تەمەن 18 ساڵ و سزاكەی بەندكردنی سەرووی 10 ساڵە تازیندانی هەتا هەتایی.

قوتابخانەی دانێڵ میتران ئەهلی فەرەنسی لەهەولێر، پێشتر لەڕوونكردنەوەیەكدا رایگەیاند: «تۆمەتی دەستدرێژی سێكسی بۆ سەر منداڵێك لەژێر لێكۆڵینەوەدایە، لەگەڵ پێشكەشكردنی سكاڵاكە، مامۆستا تۆمەتبارەكە لەلایەن قوتابخانەكەوە لەكارەكەی دوورخراوەتەوە.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار