هاوڵاتی داواكارییەكانی تیمی یەكێتی بۆ مەسرور بارزانی ئاشكرادەكات
تیمی یەكێتی تائێستا سوورە لەسەر نەگەڕانەوەی بۆ ئەنجومەنی وەزیران
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
تیمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان تائێستا سوورە لەسەر نەگەڕانەوەی بۆ ئەنجومەنی وەزیران و چەندین داواكارییان گەیاندووە بەوەفدی حكومەتی هەرێم كە لەوەزیری شەهیدان و ئاوەدانكردنەوەو ئەوقاف پێكهاتبوون.
زیاتر لەشەش مانگە تیمی یەكێتی بەسەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم و هەریەك لەوەزیرانی (پلاندانان، رۆشنبیری، كشتوكاڵ، پێشمەرگە، خوێندنی باڵا، سەرۆكی دەستەی ناوچە جێناكۆكەكان، سەرۆكی دەستەی ژینگە، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران) بەشداری كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیرانیان نەكردووە.
قوباد تاڵەبانی لە 26ی تشرینی یەكەمی 2022 و وەزیرەكانی یەكێتی لە 11ی كانونی یەكەمی 2022 وە بەشدارییان نەكردووە.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دوو جارو لەدوو كاتی جیاوازدا داوای لە قوباد تاڵەبانی و تیمی یەكێتی نیشتمانی كردووە بگەڕێنەوە بۆ كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، بەڵام سەرۆكی هەرێم بێهیوا بووە لەچارەسەركردنی ئەو كێشەیە.
لە 26ی شوبات سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بەنووسراوی فەرمی، داوای لەتیمی یەكێتی كرد كەبگەڕێنەوە بۆ كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، تیمی یەكێتیش وەڵامی نووسراوەكەیان بەفەرمی دایەوە كە لەبەر «رەچاونەكردنی پرەنسیپەكانی هاوبەشیكردن لەبڕیاردانو شێوازی بەڕێوەبردنی حكومەتو بەربەست لەبەردەم پیادەكردنی دەسەڵاتەكان ناگەڕێنەوە بۆ كۆبوونەوەكان».
مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەجەژنی نەورۆزی ئەمساڵدا، بەفەرمی لەوتارێكدا داوای لەتیمی یەكێتیی كرد بگەڕێنەوە بۆ ناو كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، بەڵام قوباد تاڵەبانی هیچ وەڵامێكی فەرمی نەدایەوە.
دواتر لەسەر پێشنیاری عەبدوڵای حاجی مەحمود، وەزیری شەهیدان تیمێك كە لەهەریەك لەپشتیوان سادق، سەرۆكی تیمی وزاری پارتی و دانا عەبدولكەریم، ئەندامی تیمی وزاری بزوتنەوەی گۆڕان و عەبدوڵاحاجی مەحمود، وەزیری شەهیدان و ئەنفالكراوان پێكدێت و لەهەولێر رۆژی 17ی نیسان سەردانی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمیان كرد.
بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی كەزانیاری وردی دەستكەوتووە لەو كۆبوونەوەیەدا، تیمەكەی گۆڕان و پارتی و سۆشیالیست داواكارییەكانی تیمی یەكێتی گەیاندووە بە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم و بڕیارە دانوستاندنەكان بەردەوامی هەبێت، بەڵام هیچ ئومێدێك بۆ گەڕانەوەی تیمی یەكێتی لەئێستاداو بەم زووانە بوونی نییە.
هەروەها قوباد تاڵەبانی جەختی لەوەكردووەتەوە كە حكومەت بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتیانەو پێویستە داهاتەكانی هەرێم بەشێوەیەكی دادپەروەرانە بەسەر پارێزگاو ناوچەكاندا دابەشبكرێتەوە «نەك بەمەبەست سزای دارایی و ئابووری پارێزگای سلێمانی بدرێت و بخنكێندرێت، كەئەوە لای یەكێتی قبوڵكراو نییە».
داواكارییە بنەڕەتییەكانی تیمی یەكێتی بۆ مەسرور بارزانی
1-پێدانەوەی تەواوی دەسەڵاتەكانی جێگری سەرۆك وەزیران
2-زیادكردنی دەسەڵاتی وەزیرو سەرۆكی دەستەو بریكارو بەڕێوەبەرە گشتتیەكانی یەكێتی
3-لیژنەیەك پێكبهێندرێت لەسەر دۆسیەی كوژرانی عەقید هاوكار جاف بەهاوبەشی نێوان یەكێتی و پارتی و بەئامادەبوونی هاوپەیمانان تا یەكلایبكرێتەوە
4-راگرتنی سزادانی سلێمانی لەڕووی داراییەوە كەپارەی پێویستی بۆ رەوانە ناكرێت لەداهاتی نەوت.
5-متمانەكردن بەداهاتی نانەوتی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین
6-دابینكردنی بودجە بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین هاوشێوەی پارێزگاكانی هەولێرو دهۆك و جیاوازی نەكردن لەنێوانیاندا.
7-پێدانی پارەی بەڵێندەران و كۆمپانیاكانی دەرمان لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە
8-گەڕانەوەی بودجەی هێزەكانی دژەتیرۆری سلێمانی كە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمەوە راگیراوە
9-دەسەڵاتی دامەزراندن لەسنوری سلێمانی بدرێتە قوباد تاڵەبانی كە سەدان میلاكی پێویستیان دەوێت بەتایبەت بۆ تەندروستی و پەروەردە
10-دامەزراندنی مامۆستایانی گرێبەست كە بەڵێنی یەكێتی بووە لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكاندا.