سوریا: لە کۆبونەوەکەی مۆسکۆدا باسی کشانەوەی هێزەکانی تورکیا کراوە

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وەزارەتی دەرەوەی سوریا رایگەیاند، لە کۆبونەوەکەی دوێنێی بەرپرسە سەربازی و هەواڵگریەکانی سوریا، ئێران، تورکیا و روسیادا باسی کشانەوەی هێزەکانی سوپای تورکیا لەنێو خاکی سوریا کراوە. وەزارەتی دەرەوەی سوریا لەبارەی کۆبونەوەی دوێنێی نێوان وەزیرانی بەرگری سوریا، ئێران، تورکیا و روسیا لە مۆسکۆ و سەرۆکانی دەزگا هەواڵگریەکانی چوار وڵاتەکە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، " بەرپرسانی چوار وڵاتەکە باسیان لە پاراستنی رێگەی نێودەوڵەتی ئێم٤ و کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە سوریا کردووە." رۆژنامەی وەتەنی سعودی لەبارەی کۆبونەوەکەوە هەواڵێکی بڵاوکردەوە و لە زاری بەرپرسێکی سوریاوە رایگەیاند، سوریا لە کۆبونەوەکەدا ئامادە نەبووە بەر لە کشانەوەی سەربازانی تورکیا لە سوریا، هیچ گفتوگۆیەکی جددی لەگەڵ بەرپرسانی ئەنقەرە ئەنجام بدات.

خولوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا، دوای کۆبونەوەکە رایگەیاندبوو، کۆبونەوەیەکی ئەرێنی بووە و لەگەڵ لایەنەکانی بەشدار لە کۆبونەوەکەدا باسی سەروەری خاکی سوریا و پرسی پەکەکە، یەپەگە، پەیەدە و داعش کراوە و وتی، " رامانگەیاندووە کە بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە بۆ هەموو ناوچەکە سوودی دەبێت".

هەوڵەکانی تورکیا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سوریا، لە مانگی کانونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ دەستیان پێکرد. لەو کاتەوە چەندین کۆبونەوە لەنێوان هەردوولا ئەنجامدراون، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ئەنجامێکیان بەدەست نەهێناوە.

بەگوێرەی میدیاکانی نزیک لە رژێمی سوریا، بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا سەربازانی تورکیا لەنێو خاکی سوریا بە داگیرکەر لەقەڵەمداوە و رایگەیاندووە، تاوەکو هێزەکانی نەکشێنێتەوە، ئامادە نییە، بەهیچ شێوەیەک دەست بە دانوستانی جددی بکات.

هەروەها چەند رۆژ لەمەوبەریش هەواڵێک لە میدیاکانی سوریادا بڵاوبووەوە کە گوایە بەشار ئەسەد، چاوەڕێی هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایاری تورکیا دەکات کە ئەگەری هەیە ئەردۆغان شکست بهێنێت و دەیەوێت لەگەڵ کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی ئۆپۆزسیۆن کە ئەگەرێکی زۆری هەیە لە هەڵبژاردنەکاندا سەربکەوێت، دانوستان بکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار