رێككەوتنی هەرێمو عێراق خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتیان دەهێنێت
.jpg)
2 ساڵ لەمەوپێش
سەركۆ جەمال
هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان زیاتر لەمانگێكە راگیراوە سەرەڕای ئەوەی رێككەوتن لەنێوان هەرێم و عێراق هەیە، دوو پەرلەمانتاری كورد دڵنیایی دەدەن لەجێبەجێكردنی رێككەوتنەكە.
بەپێی رێككەوتنی هەرێم و عێراق هەرێمی كوردستان پێویستە رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوتی خاو لەڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆی نیشتمانی عێراق بفرۆشێت و بڕیارە داهاتەكەی بخرێتەسەر هەژمارێكی بانكی و سەرۆك وەزیرانی هەرێم مافی ئەوەی هەیە پارەی لێ دەربكات بەچاودێری سەرۆك وەزیرانی عێراق.
بەپێی پڕۆژە بودجەی 2023 و 2024 و 2025 پشكی هەرێم 12.67% و هەرێم و عێراق پابەندكراون كە جێبەجێی بكەن.
هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بەگشتی خۆشحاڵن بەڕێككەوتنی نێوان عێراق و هەرێم كەدۆخی ئابووری هەرێمی كوردستان باش دەبێت و دۆسیەی نەوت بەشەفافانە داهاتەكەی دەگاتەوە هەرێمی كوردستان.
ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت هەرێمی كوردستان مافی خۆیەتی داوای شایستە داراییەكانی لەعێراق بكات بۆ دابینكردنی مووچەو پێداویستیە داراییەكانی.
نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ئەم دۆخەی هاتووەتە ئاراوە لەسەر داخوازی و سكاڵای دەوڵەتی عێراقی بووە واتە راگرتنی نەوتی هەرێم لەسەر ئەنجامی ئەو سكاڵایە بووە كەدەوڵەتی عێراق جوڵاندوویەتی ئەو بڕیارە دەرچووە، لەبەر ئەوە هەرێم مافی خۆیەتی داوای قەرەبوو بكاتەوە بۆ ئەو بڕە پارەیەی لەفرۆشتنی نەوت دەستیكەوتووە لەپێشتردا».
هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد دواجار مووچەی هاووڵاتیان و فەرمانبەرانە ناكرێت چاوەڕێ بن تا ئەوكاتەو مووچە نەدرێت تا نەوت هەناردە دەكرێتەوە.
لە 25ـی ئاداری رابردووەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لەلایەن توركیاوە راگیراوە ئەمەش بەهۆی بڕیارێكی دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لەپاریس، دادگاكە لەسەر سكاڵای عێراق لەدژی توركیا بۆ هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان، بڕیاری لەبەرژەوەندیی عێراقداو لەسەر بنچینەی ئەو بڕیارەش هەناردەكردنی نەوتی كوردستان راگیراوە.
ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق رەتیدەكاتەوە رێككەوتنی هەرێم و بەغدا هیچ كێشەیەكی بۆ دروست بووبێت و بەڕێككەوتنێكی بەهێزیش ناوی دەبات
شوان محەمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» هیچ ئاماژەیەكی شكستی رێكەوتنی هەولێرو بەغداد لەئارادا نییە، بەپێچەوانەوە متمانەی باش لەنێوان هەردوولادا هەیەو تائێستاش محەمەد شیاع سودانی راستگۆیە لەگەڵ بەڵێنەكانی و كاری جددی بۆ جێبەجێكردنی كارنامەی كابینەكەی دەكات».
«رێكەوتنی ئەمجارەی نێوان هەولێر - بەغداد رێكەوتنێكی پتەوو بەهێزە لەبەرژەوەندی هەردوولادایەو دەبێتە فاكتەری دەستەبەربوونی ئارامی دارایی لەعێراقدا بۆ ئێمەی كوردیش دەسكەوتێكی گرنگەو بەم نزیكانە هەناردەی نەوت دەستپێدەكاتەوە». شوان محەمەد وادەڵێت.
هاوكات بەوتەی سەرچاوەیەك لەوەفدی دانوستانكاری هەرێم بۆ بەغدا تائێستا رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا هیچ كێشەیەكی بۆ دروست نەبووەو لەپرۆژەیاسای بودجەشدا جێگیركراوە.
ئاژانسی رۆیتەرز لەڕاپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەكردووە چەند ئاماژەیەك هەیە بۆ ئەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان دەستپێبكاتەوە، رۆیتەرز ئەوەشی خستووەتەڕوو توركیا دەیەوێت تادوای هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كەبڕیارە لە 14ـی ئایاری ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان دوابخات.
زیانەكانی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم
*385 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە
*11,550,000 بەرمیل لەمانێگدا
*تێكڕای نرخی نەوت 77 دۆلار بووە
*بەرمیلێك بە 10,5 دۆلار كەمتر فرۆشتووە
*بۆ هەر بەرمیلێك 66.5 بۆ ماوەتەوە
*داهاتی 768 ملیۆن دۆلار دەكات
*یەك ترلیۆن و 75 ملیار دیناری عێراقی دەكات
دابینكردنی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرانی هەرێم
*حكومەتی عێراق 400 ملیار دینار رەوانە دەكات
*300 ملیار دینار لەداهاتی ناوخۆ
* 900 ملیار دینار بۆ مووچە
*یەك ملیۆن و 251 هەزارو 350 مووچەخۆر
*170 ملیار دینار لەپارەی فرۆشراوی نەوت ماوەتەوە
*كورتهێنان بەقەرزی ناوخۆیی پڕدەكرێتەوە تا پەسەندكردنی بودجە
