دەستپێشخەریی کورد فریادڕەسی قەیرانە ئاڵۆزەکەی سوریا

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
٢٥ی ئەم مانگە جارێکی دیکە، سوریا، تورکیا، ئێران و روسیا لەمۆسکۆ لەبارەی قەیرانی ١٢ ساڵەی سوریا کۆبوونەوە. کۆبونەوەکەی ئەم جارە لەسەر ئاستی بەرپرسە سەربازی و ئەمنیەکانی ئەو چوار وڵاتە ئەنجامدرا. خولوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا بەر لەکۆبوونەوەکە رایگەیاندبوو کەپرسێکی گرنگی کۆبوونەوەکەیان پرسی خۆبەڕێوەبەری باکورو رۆژهەڵاتی سوریاو هێزە چەکدارەکەی (هەسەدە)یە کەئەو وەک پرسی (تیرۆر) ناوی هێناوە.
تورکیا لەکۆتایی ساڵی رابردوو، دەستی بەپرۆسەیەک کرد بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ رژێمی سوریاو روسیاش وەک نێوەندگیر رۆڵ دەگێڕێت، هەرچەندە تاوەکو ئێستا رژێمی سوریا رازی نەبووە، پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەنقەرە ئاسایی بکاتەوەو مەرجی ئەوەی هەیە کەپێویستە تورکیا هێزەکانی لەنێو خاکی سوریا بکێشێتەوە، بەڵام تورکیا لەم هەوڵانەی بەردەوامەو ئامانجی سەرەکیشی ئەوەیە کە بەرەیەکی ناوچەیی لەدژی پێگەی کورد لەسوریا دروستبکات.
هەوڵەکانی تورکیا بۆ دژایەتیکردنی پێگەی کورد لەڕۆژئاوای کوردستان لەکاتێکدایە کە خۆبەڕێوەبەری باکورو رۆژهەڵاتی سوریا، بەیاننامەیەکی چارەسەری بۆ قەیرانی سوریا راگەیاندو داوای لە رژێمی سوریا کرد، دەرگاکانی دیالۆگ و گفتوگۆ بۆ چارەسەری کێشەکان بکاتەوە.
خۆبەڕێوەبەڕێتیەکە لەبەیاننامەیەکەیدا دەڵێت،» ئێمە لەچوارچێوەی ئەنجومەنی سوریای دیموکراتیدا، بۆ چارەسەری کێشەکانی سوریا لەچوارچێوەی دیموکراسی و ئاشتیدا ئەم دەستپێشخەرییە رادەگەیەنین کە ئێش و ئازاری ملیۆنان هاووڵاتیمان کۆتایی پێبهێنین».
لەبەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە، « بەگوێرەی بەرپرسیاری خۆمان لەبەرامبەر گەلانی سوریا، هەوڵدەدەین هەنگاوی پێویست بۆ چارەسەری ئاڵۆزی و مسۆگەرکردنی ئاشتی و ئارامی بنێین، بەهۆی ئەوەی کۆبوونەوەو دەستپێشخەریەکانی هەرێمی و نێودەوڵەتی وەک جنێف و ئاستانە هیچ ئەنجامێکیان نەبووەو هۆکارەکەشی ئەمانەیە:
یەکەم/ نەبوونی شیکاری راست بۆ ئاڵۆزی سوریا. دووەم/ نەبوونی بەرنامەی چارەسەری ئاشتیانەو دیموکراتی. سێیەم/ نەبوونی رۆڵێکی باشی هێزە چالاکەکانی سوریا لەدیالۆگ و گوفتوگۆدا بۆ چارەسەری.
خۆبەڕێوەبەری باکورو رۆژهەڵاتی سوریا، هەروەها ئاماژەی بەوەکردووە کەسوریا وڵاتی هەموو پێکهاتەکانەو بەو هۆیەوە چارەسەری کێشەکان بەبەشداری هەموو پێکهاتەکان هۆکاری سەرەکی هەنگاوی چارەسەریەو بۆیە پێویستە، یەکێتی سوریا بپارێزرێت و نابێت لەدەرەوە هەوڵی چارەسەری کێشەکانی سوریا بدرێت. پێویستە مافی پێکهاتەکانی وەک کورد، عەرەب، سوریانی و ئاشوری بپارێزرێت. لەڕێگەی ئەزموونی باکورو رۆژهەڵاتی سوریا، ئاشکرا بووە کەهەموو پێکهاتەکان دەتوانن لەئاشتی و ئارامیدا پێکەوە بژین. دەبێت سەرچاوە سروشتیەکانی وەک (گازی سروشتی و نەوت) بۆ هەموو گەلانی سوریا بێت. دەستوەردانی تورکیا بەتایبەتی قەیرانەکانی سوریای قوڵتر کردووەتەوەو پێویستە رێگری لەدەستوەردانەکانی دەرەکی و بەتایبەتی لەدەستوەردانەکانی تورکیا بکرێت.
لەکۆتایی دەستپێشخەریەکەدا خۆبەڕێوەبەری باکورو رۆژهەڵاتی سوریا بانگەوازی لەڕژێمی سوریا دەکات و دەڵێت، « بۆ چارەسەری کێشەی سوریا بەرپرسیارێتیەکی گەورەمان لەسەرشانە. باش دەزانین کە بەدەیان هەزار هاووڵاتیمان گیانیان لەدەستداوەو بەملیۆنان هاووڵاتیمان ئاوارەو دەربەدەر بوون. بۆیەش داوا لەڕژێمی سوریا و هەموو لایەنە دیموکراتەکان دەکەین کە وەڵامی دەستپێشخەریەکەمان بدەنەوە و پێکەوە هەوڵ بۆ سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکەمان بدەینەوە».
٣٢ پارتی سیاسی سوریا پشتگیریان لەدەستپێشخەریەکە کرد
لەڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا، ٣٢ پارتی سیاسی سوریا پشتگیری خۆیان بۆ دەستپێشخەریەکەی خۆبەڕێوەبەری باکورو رۆژهەڵاتی سوریا پیشانداو رایانگەیاند، ئێمە وەک پارتە سیاسیەکانی سوریا بۆ چارەسەری قەیرانی سوریا بڕوامان بەدیالۆگ هەیە. ئێمە بانگەوازی برایەتی و ژیانی هاوبەش و چارەسەری سیاسی دەکەین.
پارتە سیاسییەکان ئاماژەیان بەوەکردووە، «ئێمە هیچ کاتێک هەوڵی دابەشکردنی سوریامان نەداوە، بەڵام دوژمنانمان بەبەردەوامی ئەم بانگەشەیە دەکەن. پرۆژەکەمان، سوریایەکی دیموکرات، رەنگاوڕەنگ و لامەرکەزیە. بۆیە پشتگیری لەدەستپێشخەریەکەی خۆبەڕێوەبەری باکورو رۆژهەڵاتی سوریا دەکەین».
تاوەکو ئێستا، رژێمی سوریا کە لەلایەکی دیکەوە، سەرقاڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەو بەتایبەتی وڵاتانی عەرەبییە لەچوارچێوەی کۆمکاری عەرەبیدا، وەڵامی دەستپێشخەریەکەی نەداوەتەوە.
چەند رۆژ لەمەوبەریش، ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات، باسی ئەوەی کرد کەتورکیا هەوڵدەدات، لەگەڵ گروپە چەکدارەکانی لایەنگری خۆی و سوپای سوریا، هێزێکی هاوبەش پێکبهێنێت و لەدژی هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) بەکاریبهێنێت.
بەم شێوەیە، گروپە چەکدارە جیهادیەکان کە بەفەرمانی تورکیا دەجووڵێنەوەو رژێمی سوریا، دوای ١٢ ساڵ لەکوشتن، ئازادو جەنگ هیچ پرۆژەیەکی چارەسەریان لەڕێگەی دیالۆگەوە پێ نییەو ئەوەی دەمێنێتەوە، بانگەوازی کوردە کەدەبێتە فریادڕەسی قەیرانە ئاڵۆزەکەی ئەو وڵاتە.
