شكستی ئەردۆغان؛ هیوایەك بۆ چارەسەری پرسی كورد لەتوركیا

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

لەكاتێكدا ١٨ رۆژ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆكایەتی توركیا ماوە، بانگەشەی هەڵبژاردنیش بەشێوەیەك گەرم بووە كەپارتە سیاسییەكان و كاندیدەكانی سەرۆكایەتی، گوند بەگوند، گەڕەك بەگەڕەك و شار بەشار لەنێو هاووڵاتیاندا دەگەڕێن بۆ ئەوەی دەنگ كۆبكەنەوە.

 بەپێی چاودێران ئەم هەڵبژاردنە یەكێك لەگرنگترین هەڵبژاردنەكانە لەمێژووی توركیادا، زۆر كەس پێیانوایە، تەمەنی درێژی دەسەڵاتەكەی رەجەب تەیب ئەردۆغان ١٨ رۆژی دیكەیە، بەڵام بەشێكیش بەدووری نابینن ئەردۆغان ئەم جارەش سەركەوتن تۆمار بكات.

 

راپرسیەكان ئەردۆغان دەترسێنێت!

ئەوەی كەترسی لەدڵی ئەردۆغان و پارتەكەی (ئاكەپە)دا دروستكردووە، ئەو راپرسیانەیە كە رۆژانە لەلایەن كۆمپانیا ناسراوەكانی بواری لێكۆڵینەوەو راپرسیەوە رادەگەیەندرێن. تائێستا ٩٠٪ی راپرسیەكان باسیان لەشكستی ئەردۆغان و پارتەكەی لەهەڵبژاردندا كردووە.

دوایین راپرسی لەلایەن كۆمپانیای (ئۆ ئاڕ چی)یەوە ئەنجامدراوە كە لەتوركیا باوەڕپێكراوەو تێیدا ئەوە خراوەتەڕوو  كەمال كلچدارئۆغلۆ كاندیدی هاوپەیمانی گەل 49.3% ، رەجەب تەیب ئەردۆغان كاندیدی هاوپەیمانی كۆمار 42,4% ، موحەڕەم ئینجە كاندیدی پارتی مەملەكەت 6,1% و سینان ئۆغان كاندیدی هاوپەیمانی ئاتا ٢.٢٪ی دەنگەكان بەدەستدەهێنن.

هەرچەندە بەپێی راپرسیەكە هیچ كام لەكاندیدەكان ناتوانن دەنگی پێویست كە ٥١٪یە، بەدەستبهێنن، بەڵام لەخولی دووەمی هەڵبژاردندا كە بەهەموو پێوەرێك كلچدارئۆغلۆو ئەردۆغان دەمێننەوە، ئەردۆغان دەدۆڕێت و كۆتایی بەدەسەڵاتە ٢١ ساڵەكەی دەهێندرێت.

هەروەها دەنگەكانی پارتی دادو گەشەپێدان بەڕێژەیەكی بەرچاو كەمی كردووەو زۆربەی شرۆڤەكارانی دۆخی توركیا دەڵێن، ئیدی لەپەرلەمانە نوێیەكەدا زۆربەی كورسیەكان لەدەستی هاوپەیمانی كۆمار (ئاكەپە – مەهەپە)دا نابێت و ئەگەرێكی زۆریش هەیە، ناتوانن حكومەت پێكبهێنن.

ناوەندی لێكۆڵینەوەی “سامەر” ئەنجامی راپرسییەكەی تەنیا لەباكوری كوردستان بڵاوكردەوە كە كەمال كلچدارئۆغلۆ لە باكوری كوردستان بەهاوكاری پارتی چەپی سەوز كەهەدەپە لەڕێگەی ئەم پارتەوە بەشداری لەهەڵبژاردندا كردووە، دەتوانێت ٧٠٪ی دەنگەكان بەدەستبهێنێت و لەبەرامبەریشدا رەجەب تەیب ئەردۆغان لەباكوری كوردستان ٢٠٪ی دەنگەكان بەدەستدەهێنێت و ١٠٪ی دەنگەكانی دیكەش بۆ كاندیدەكانی دیكەو بایكۆت دەبێت.

ئەنجامی راپرسیەكەی ناوەندی لێكۆڵینەوەی كۆمپانیای سامەر لەبارەی دەنگی پارتە سیاسیەكانیش لەسەرتاسەری باكوری كوردستان و توركیا بەم شێوەیەیە كە

پارتی دادو گەشەپێدان (ئاكەپە) 35,8%، پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) 30.4%، پارتی چەپی سەوز (هەدەپە) 10,3%، پارتی باش 9,2% ، پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست 7,4%، پارتی مەملەكەت 2,6%و پارتی كرێكارانی توركیا ٢.٢٪.

پارتی چەپی سەوز لە ٦٥ پارێزگا كۆبونەوەی جەماوەری فراوان ئەنجامدەدات

پارتی چەپی سەوز لە ٢٤ی نیسانەوە دەستی بەكۆبوونەوە جەماوەریەكانی لەچوارچێوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا كردووە.

پەروین بوڵدان و میدحاد سانجار هاوسەرۆكانی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)، چیدەم كلچگون ئوچارو ئیبراهیم ئاكن هاووتەبێژانی پارتی چەپی سەوز، بەرپرسانی كۆنگرەی كۆمەڵگەی دیموكراتی، كۆنگرەی دیموكراتی گەلان، سەرۆك و بەرپرسانی پارتەكانی بەشدار لەهاوپەیمانی رەنج و ئازادی كۆبوونەوە جەماوەریەكانی پارتەكە بەڕێوەدەبەن.

بەرپرسانی پارتەكە تا ١٣ی ئایار لە ٦٥ پارێزگاو ناوچەی باكوری كوردستان و توركیا، لەگەڵ جەماوەرەكەیان كۆدەبنەوە، كەدوایین كۆبوونەوەی جەماوەریش لەپارێزگای ئامەدی باكوری كوردستان دەبێت.

 هەرچەندە بەپێی راپرسیەكان، دەنگەكانی پارتی چەپی سەوز لەنێوان ١٠٪ بۆ ١٢٪ دەبێت، بەڵام بەرپرسانی پارتەكە رایدەگەیەنن كەدەتوانن نزیكەی ١٠٠ كورسی پەرلەمان بەدەستبێنن كە لەمێژووی كوردانی باكوری كوردستان تائێستا نەتوانراوە بەم ئەندازەیە كورسی پەرلەمان بەدەستبهێنن.

 

پەرلەمان و چارەسەری پرسی كورد

لەم هەڵبژاردنەدا، خاڵی یەكەمی دانوستانەكانی كورد لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی توركیا بۆ كۆتاییهێنان بەدەسەڵاتی تاكڕەوی پارتەكەی ئەردۆغان و دەوڵەت باغچەلی.

میدحاد سانجارو پەروین بوڵدان هاوسەرۆكانی هەدەپە لەگەڵ كەمال كلچدارئۆغلۆ كاندیدی ئۆپۆزسیۆن كۆبوونەوە ئەنجامدراو ئۆغلۆش رایگەیاند، ناونیشانی پرسی كورد پەرلەمانەو پێویستە قەدەغەی سەر زمانی كوردیش هەڵبگیرێت.

قسەكانی كلچدارئۆغلۆ وایكرد هەدەپە هیچ كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆكایەتی دیاری نەكات و هەرچەندە بەفەرمی راینەگەیاندووە، بەڵام لەهەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا دەنگ بە كلچدارئۆغلۆ دەدەن و بەم شێوەیە شكستی ئەردۆغان وەك هیوایەك بۆ چارەسەری پرسی كورد دەبینرێت.

سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە كە لە ساڵی ٢٠١٦ەوە لەزینداندایە رایگەیاند، دوای ئەردۆغان، كاری سەرەكیمان هەوڵدانە بۆ چارەسەری پرسی كورد لەنێو پەرلەماندا، بەڵام پێویستە هەموو لایەنەكانی پەیوەست بەپرسەكە لەنێو پرۆسەكەدا جێی خۆیان بگرنەوە كە زمان و كلتوری خۆمان بەدەست بهێنینەوە.

حەسەن جەمال نووسەرو رۆژنامەنووسی دیاری توركیاو كاندیدی پارتی چەپی سەوز لەئەستەنبوڵ لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی میزۆپۆتامیا ئاماژەی بەچۆنیەتی چارەسەری پرسی كورد كردو رایگەیاند:» ئەردۆغان كێشەی كورد بەهەموو شێوەیەك بۆ بەرژەوەندییەكانی بەكاردەهێنا، وای پیشاندا كەكێشەكە چارەسەردەكات و بەم شێوەیە دەنگی كۆكردەوە، كەبینیشی دەنگەكانی لەدەستدەدات، دەستی لەچارەسەری كێشەی كورد هەڵگرت».

هەروەها راشیگەیاند تائەردۆغان شكست نەهێنێت، رێگە بۆ چارەسەری كێشەی كورد ناكرێتەوە، چارەسەری كێشەی كورد بەسازان دەكرێت.» كێشەی كورد بەدیالۆگ، سازان و نەرمبوونەوە چارەسەر دەكرێت، هیچ چارەسەرێكی دیكەی نییە».

ئەردۆغان بە ئاسانی شكست قبوڵ ناكات!

ئەم ١٨ رۆژەی كە بۆ هەڵبژاردن ماوە، رۆژانێكی هەستیارو گرنگن كە بۆ هەموو ئەگەرێك كراوەیە. بەهۆی ئەوەی جیاواز لەهەڵبژاردنەكانی رابردوو، توندوتیژی تێیدا زۆر بووەو تاوەكو ئێستا چەندین جار هێرش كراوەتەسەر بارەگاو ناوەندەكانی هەڵبژاردنی پارتە سیاسییەكانی توركیا. پارتی باش (ئیی پارتی)، جەهەپە و پارتی چەپی سەوز چەندین جار ئاشكرایان كردووە كەتەقە لەبارەگاكانیان كراوە كەدواینیشیان هێرشی چەكداری بۆ سەر بارەگای پارتی چەپی سەوز بوو لەشاری ئامەدی باكوری كوردستان.

رۆژنامەی فۆریگن پوڵسی لەڕاپۆرتێكی شیكاریدا ئاماژەی بەوەدابوو كەترسی ئەردۆغان لەدادگاییكردنی، وەهای كردووە، بەئاسانی دەست لەكورسی دەسەڵات هەڵنەگرێت و پێویستە ئۆپۆزسیۆن كەشێك بخوڵقێنێت كەئەو ترسە لەدڵی ئەردۆغان نەمێنێت.

لەم هەڵبژاردنەدا ٦٤ ملیۆن و ١٩١ هەزار و ٢٨٥ هاوڵاتی توركیا مافی دەنگدانیان هەیە كە سێ ملیۆن و ٢٨٦ هەزار ٧٨٥ كەسیان لەدەرەوەی توركیا دەژین و بڕیارە لە ٢٧ی نیسان تا ٩ی ئایار لەدەرەوەی وڵات دەنگ بدرێت.

كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا ئامادەكاری هەڵبژاردنەكانی كردووە و ١٩٥ هەزارو ٧٠٥ سندوقی دەنگدانی لەناوەندەكانی دەنگدان ئامادەكردووە كە چوار هەزار و ٩٦٩ سندوق لەدەرەوەی وڵات و ٢١ هەزارو ١٥ سندوقیش لەگوندەكان دادەنرێن.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار