تەندروستیی گەرمیان پێنج ملیار دینار قەرزاری كۆمپانیاكانی دەرمانە
.jpg)
2 ساڵ لەمەوپێش
بێدار محەمەد
كێشەی كەمیی و نەمانی دەرمان لەنەخۆشخانەو بنكەو مەڵبەندە تەندروستیەكانی گەرمیان بەردەوامە، بەرپرسانی تەندروستی دەڵێن كەمی بودجەو بەرفراوانبوونی ناوچەكەو زۆربوونی ژمارەی دانیشتووان گرفتی سەرەكییانە.
لەسنوری ئیدارەی گەرمیان چوار نەخۆشخانەو 13 مەڵبەندی تەندروستی و 54 بنكەی تەندروستی بوونی هەیەو هاووڵاتیان بەهۆی كەمی دەرمان لەدەرەوەی نەخۆشخانەكان دەرمانەكانیان دەكڕن.
هەژار محەمەد، هاووڵاتیەكی خەڵكی شارۆچكەی رزگاری سەر بەقەزای كەلارە، بەنیگەرانیەوە بۆ هاوڵاتی باسی لەوەكرد، لەگەڵ گرفتی نەمانی دەرمان لەنەخۆشخانەكانی سنوری ئیدارەی گەرمیان، بەشێك لەدەرمانەكان لەبازاڕەكان دەستدەكەون ئەوەش گرفتێكی ترەو خەڵكی نەدارو دەستكورت باجەكەی دەدات.
سەلام هیدایەت، چالاكی مەدەنی لەگەرمیان، بەهاوڵاتی وت:» كەرتی تەندروستی لەگەرمیان ئیفلیج بووەو خێرخوازان بوونەتە فریادڕەسی ئەم كەرتە، خێرخوازان نەبن دەبێ فاتیحە بۆ كەرتی تەندروستی بخوێنین».
بەرپرسی بەشی كۆگای دەرمان لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان دەڵێت لەكۆی 200 جۆر دەرمانی تایبەت بەنەخۆشیە درێژخایەنەكان تەنها 40 جۆریان ماوەتەوە».
محەمەد ئازاد، بەرپرسی بەشی كۆگای دەرمان لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان، بەهاوڵاتی وت:» لەچەند سەرچاوەیەكەوە دەرمانمان پێدەگات، لەوانە لەبەغدا دەرمانمان بۆ دەنێرێت، لەگەڵ هاوكاری رێكخراوەكان و كڕینی دەرمان لەڕێگەی كۆمپانیاكانی ناوخۆ».
هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد كە ساڵێك زیاترە دابینكردنی دەرمان زۆر كەمیكردووەو گرفتی بۆ دروستكردوون، وتیشی:» پشكی ئێمە لەبەغداوە خراوەتەسەر پارێزگای سلێمانی و دەبێ لەسلێمانییەوە پشكی خۆمان وەربگرین، ئەوە لەكاتێكدایە سلێمانیش هەمان گرفتی هەیە لەگەڵ بەغدا، بەهۆی رۆتینات و گرفتی نەبوونی بەڕاد دەرمانەكان درەنگ دەگەنە لامان و زۆر سودی لێ نابینین».
لەكۆی 200 جۆر دەرمانی تایبەتی بەنەخۆشی درێژخایەن تەنها 40 جۆری بەردەستە
« بەهۆی خەرجنەكردنی پارە بۆ كۆمپانیاكان، دەرمانمان بۆ دابین ناكەن كەتایبەتە بەساڵانی 2021 و 2022 ئیتر ئێمە چۆن گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیای تری دەرمان بكەین بۆ كڕینی دەرمان، جگە لەوەی لەكۆی 200 جۆر دەرمانی تایبەتی بەنەخۆشی درێژخایەن سەرووی 160 جۆری دەرمان هیچ جۆرێكی لەكۆگاكان نەماوە». محەمەد ئازاد، وای وت.
مانگانە بڕی 100 بۆ 150 ملیۆن دینار بۆ كڕینی دەرمان بۆ گەرمیان خەرج دەكرێت و 75 ملیۆن دیناری دەڕوات بۆ كۆمپانیای پاككردنەوەی نەخۆشخانەكان.
بەرپرسی بەشی كۆگای دەرمان لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان قەرزی دەرمان و ئێشكگری لەسەر تەندروستی گەرمیان لەكۆكاگان و كۆمپانیاكان زیاتر لەپێنج ملیار دینارە كە 570 ملیۆن دیناری قەرزاری كۆمپانیاكانی دەرمانن.
ئەركان محەمەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتی نەخۆشخانەی گشتی كەلار بەهاوڵاتی وت:» هەندێك جۆری دەرمان پێشتر بۆ نەخۆشخانەكان لەڕێگەی كەرتی تایبەتەوە بۆ كلینك و نۆرینگەكان كڕدراوە، بەڵام ئەوەی نەخۆشخانەكان كۆتایی هاتووە».
