سەندیکای پزیشکانی سوودان: "لە توندوتیژییەکانی ویلایەتی دارفوری رۆژئاوادا دەیان کەس کوژراون"

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سەندیکای پزیشکانی سوودان ئاشکرای کرد کە بەهۆی دووبارە دەستپێکردنەوەی توندوتیژییەکانی شاری جونەینا سەر بە ویلایەتی دارفوری رۆژئاوای سوودان، دەیان کەس کوژراون.

لەوبارەیەشەوە سەندیکاکە راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە کە تیایدا هاتووە: "لە شاری جونەینا دووبارە پێکدادان دەستیپێکردووەتەوە. نەخۆشخانەی فێرکاری شارەکە تاڵان کراوە، بەهەمان شێوە بنکە تەندروستییەکان، دامەزراوە خێرخوازییەکان، دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و بانکەکان رووبەڕووی تاڵان و سووتاندن بوونەتەوە".

هەر لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە لە بەردەوامی "رووداوە خوێناوییەکان"دا دەیان هاووڵاتیی لە شاری جونەینا کوژراون و برینداربوون بەڵام بەهۆی ئاڵۆزی رەوشی ئەمنی و بەردەوامی پەلامارەکان بۆسەر هاووڵاتییانی مەدەنی، نەتواندراوە ژمارەی کوژراو و بریندارەکان دیاری بکرێت.

- "جگە لە ویلایەتی دارفوری رۆژئاوا رەوشەکە لە هەموو ویلایەتەکان جێگیرە"

سوپای سوودان رایگەیاند، جگە لە پێکدادانی خێڵەکانی ویلایەتی دارفوری رۆژئاوا، رەوشی هەموو ویلایەتەکانی دیکە جێگیرە و بەرپرسانی ناوچەکەش لە هەوڵدان بۆ وەستاندنی پێکدادانی نێوان خێڵەکانی ئەو ویلایەتە.

راگەیاندنەکانی ناوخۆی سوودان، هەواڵی ئەوەیان بڵاوکردەوە کە بەهۆی پێکدادانی سێ رۆژەی نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، لە شاری جونەینا لانیکەم ٩٠ کەس کوژراون. دواتریش ئەم پێکدادانە گۆڕاوە بۆ شەڕی نێوان هۆزی ماسالیت و هۆزە عەرەبەکانی دیکە و چەکی قورسیش لە پێکدادانەکاندا بەکارهێندراوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار