ئەمریکا دژی ئێران فڕۆکە و بۆمبی زیاتر رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات
ئۆپەراسیۆنی تایبەت دژی چەکدارانی سەر بە ئێران لە عێراق و سوریا ئەنجام دەدرێت
فڕۆکەی وارتاگ بە واتای بەرازی کێوی دەتوانێت 16 بۆمبی 113 کیلۆیی بەکاربهێنێت
2 ساڵ لەمەوپێش
رۆژنامەیەکی ئەمریکی ئاشکرای کرد بۆ بەرەنگاربونەوەی ئێران و چەکدارانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە عێراق و سوریا بۆمبی نوێ بەکار دەهێنرێت و فڕۆکەی جەنگیی رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرێت.
رۆژنامەی (وۆڵستریت جۆرناڵ) لە زاری سەرچاوەکانی و بەرپرسان و فەرماندەکانی سوپای ئەمریکا بڵاوی کردوەتەوە؛ ژمارەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەو سوپایە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە رێژەی 50% زیاد دەکرێن و بۆمبی تایبەت بە سەنگەرشکێن بەکاردەهێنرێت.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردوە؛ ئەمریکا بۆمبی 113 کیلۆیی لە فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری (وارتاگ) لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبەستێت کە بە ئامانجی تێکشکاندانی سەنگەر و وێرانکاریی حەشارگەکان و بڕینی ئەو شوێنانەیە کە لە ژێر زەویی بە مەبەستی سەربازیی دروست کراون.
ژەنەڕاڵ ئەلێکسوس گرینکویچ، یەکێک لە فەرماندەکانی سوپای ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا رایگەیاندوە ئەو بۆمبانە بە ئامانجی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی سەربازیی لە فڕۆکە جەنگییەکانی وارتاگ لە رۆژهەلاتی ناوەڕاست بەکاردەهێنرێن و لەچوارچێوەی ئەو ئۆپەراسیۆنەشدا فڕۆکەی جەنگیی زیاتر رەوانەی ناوچەکە دەکرێت.
رۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵ جەختی لەوە کردوەتەوە کە ناکۆکییەکان و گرژییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست توندتر بوەتەوە و یەکێک لە ئامانجەکانی ئەمریکا بۆ بەرەنگاربونەوەی کۆماری ئیسلامی و هێرشکردنە سەر چەکدارانیەتی لە عێراق و سوریا.