تورکیا کڕینی غاز لە ئێران کەم دەکاتەوە
ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ئێران و تورکیا دادەبەزێت
هێڵی بۆری غازی نێوان تورکیا و ئێران
2 ساڵ لەمەوپێش
ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و تورکیا دادەبەزێت و هاوردەکردنی غازی ئێرانیش دابەزین بەخۆیەوە دەبینێت.
تورکیا بڵاوی کردەوە؛ لە سێ مانگی ئەمساڵدا ئاڵوگۆڕیی بازرگانیی لەگەڵ وڵاتی ئێران یەک ملیارد و 370 ملیۆن دۆلار بوە و بڕی زیاتر لە یەک ملیارد و 500 ملیون مەتر سێجا غازی لەو وڵاتەوە هاوردە کردوە.
لە ئامارەکاندا دەرکەوتوە ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان تورکیا و ئێران بەراورد بە سێ مانگی ساڵی رابردو 14% کەمی کردوە و لەو ماوەیەدا تورکیا بە بڕێ 702 ملیۆن دۆلار کاڵای هەناردە ئێران کردوە کە 2% بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینیوە بەڵام کڕینی کاڵا و هاوردەکردنی لەو وڵاتەوە 677 ملیۆن دۆلار بوە کە بەراورد بە رابردو 27% کەمی کردوە.
تورکیا ئاماژەی بەوە کردوە لە سێ مانگی ئەمساڵدا بڕی یەک ملیارد و 567 ملیۆن مەترسێجا غازی لە ئێران کڕیوە کە ئەوەش بەراورد بە سێ مانگی ساڵی رابردو 17% کەمی کردوە.
ئێران لە سێ مانگی ساڵی رابردودا یەک ملیارد و 891 ملیۆن مەتر سێجا غازی بە تورکیا فرۆشتوە و ئەو بڕە لە ئەمساڵدا کەمی کردوە.