بەرزبونەوەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار نرخی كاڵاكانی دانەبەزاندووە

2 ساڵ لەمەوپێش



شەنای فاتح

بەرزبونەوەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار نرخی كاڵاكانی لەهەرێمی كوردستاندا دانەبەزاندووە و بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی دەڵێت:"مانگی داهاتوو نرخی زۆربەی كاڵاكان دادەبەزێت".

لەماوەی رابردوودا بەهای دۆلار بەرامبەر دینار بەرزبوونەوەیەكی بەرچاوی بەخۆوە بینی، كە لەكۆتایی مانگی كانونی دووەمدا 100 دۆلار گەیشتە سەرو 170 هەزار دینارو بەو هۆیەوە نرخی كاڵاكان 21% بەرزبوویەوە، بەڵام لە كۆتایی مانگی ئاداردا بەهای دینار بەرزبوویەوەو ئەمڕۆ چوارشەممە 26ی نیسان بەهای 100 دۆلار بەرامبەر 140 هەزار دینارە.

ئەو خۆراكانەی لەبازاڕەكانی هەرێمی كوردستاندایە لەئێران و توركیا و چین و ئەوروپا هاوردە دەكرێن، نرخەكانیشیان زیاتر لەسەر بنەمای بەهای دۆلار دیاریدەكرێن، هەندێكجاریش لەسەر رێژەی گومرگ و باجیش دیاریدەكرێن.

سۆران عەبدولغەفور بەڕێوبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئاماژەی بەوەكرد كە  ئەو كاتەی  كەبەهای 100 دۆلار لە120 هەزارەوە بۆ 146 هەزار دینار بەرزبوویەوە، هەموو ماددە خۆراكییەكان 20% بەرزبوونەوەیان بەخۆیانەوە بینی، دوای ئەوەی نرخی 100 دۆلار بۆ 160 هەزارو 170 هەزار دینار بەرزبوویەوە هەرچەندە ئەو نرخانە وردە وردە بەرزبوونەوە، بەڵام  بە جێگیری نەمانەوە".

لەو كاتەی نرخی 100 دۆلار بە 170 هەزار دینار بوو، 21% نرخەكان زیادیان كردووە

بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی وتیشی:" نرخی كاڵاو شمەكەكان رۆژانە هەزار دینار بەرزدەبوونەوە یان 500 دینار دادەبەزین".
" لەو كاتەی نرخی 100 دۆلار بە 170 هەزار دینار بوو، 21% نرخەكان زیادیان كردووە"سۆران عەبدولغەفور وای وت.

بەڕێوبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد " نرخەكان لەئێستادا تاڕادەیەك جێگیرییان پێوە دیارە،  بۆنموونە ئارد  بۆ هەر فەردەیەك 11 هەزار دینار دابەزیوە و ئەگەر هەیە ئەم هەفتەیەش زیاتر دابەزێت، چونكە حكومەتی عێراقی رایگەیاندووە كە نرخی دۆلار بۆ بازرگان بە 132 هەزار دەگۆڕێتەوە و مانگی داهاتوو زۆربەی كاڵا بازرگانییەكان دابەزین بە خۆیانەوە دەبینن".

بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی: مانگی داهاتوو نرخی زۆربەی كاڵاكان دادەبەزێت 

بانكی ناوەندی عێراق بەهای دۆلاری بەرامبەر دینار جێگیر كردووە كە 100 دۆلار بەرامبەر بە 132 هەزار دینارە، بەڵام لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو 100 دۆلار بە 140 هەزار دینارە.

كاسبكارێكی سلێمانی ئاماژە بە بەشێك نرخی كاڵا و شمەكەكان دەكات كە بەهۆی بەرزبونەوەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار نرخەكانیان دابەزیوە و ئەو كاڵایانەش دەخاتەروو كە گرانبوون.

گۆران محەمەد خاوەن فرۆشگایەكی خواردەمەنییە لەشاری سلێمانی بۆ هاوڵاتی باسی لەوەكرد  نرخی هەندێ خۆراك بەرزبووەتەوە و هەندێكیش نرخەكانیان دابەزیون، نرخی ئەو برنجانەی لە بەشە خۆراكی مانگانەدا دەدرێنە هاوڵاتیان دابەزیون، هەروەها نرخی چا دابەزیوە، "پاكەتێك چای دووغەزال پێشتر بە حەوت هەزارو ٥٠٠ دینار بوو و ئێستا بەشەش هەزارە و چای مەحموودیش بەشەش هەزارو ٥٠٠ دینار بوو و ئێستا بە شەش هەزار دینارە".


ئەو خاوەن فرۆشگایە باسی لە نرخی زەیتیش كرد كە دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، و نمونەی ئەوەی هێنایەوە كارتۆنێك زەیت كەبیست دەبەی یەك لیتری تێدایە بە ٦٦ هەزار دینار بووەو ئێستا بە ٤٥ هەزار دینارە.

سەبارەت بە رۆنی تەنەكە گۆران محەمەد هێمای بۆ ئەوەكرد كە نرخی رۆنی ئەسیڵی ئیماراتی گرانترینەو نرخەكەشی دانەبەزیووە كە قوتووی چوار كیلۆییەكەی بە ٢٥ هەزار دینارە، بەڵام رۆنە توركییەكان بەشێوەیەكی گشتی نرخیان دابەزیوە.

عەلی مەحمود خاوەن قەسابخانەیە لەشاری سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: "ئەو گۆشتەی ئێمە دەیفرۆشین خۆماڵییە و نرخەكەی گران نەبووەو هەرزان بووە ماوەیەك لەمەوپێش نرخی كیلۆیەك گۆشت بە٢٢ هەزار دینار بوو، بەڵام ئێستا بە ٢٠ هەزار دینارە."

وتیشی:" لەبەرئەوەی مامەڵەی ئێمە بەدینارە نەك دۆلار بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار كاریگەری لەسەر ئێمە نییە، بەڵام گرانی نرخی گۆشت پەیوەندی بەگومرگەوە هەیە و تا زیاتربێت نرخەكەی گرانتر دەبێت".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار